١١%ـی ژنانی لەشفرۆش لە ئێران بە ئاگاداریی مێردەکانیان لەشفرۆشی دەکەن/ڤیدیۆ

0
2567

ڕۆژی کورد: کارناسانی پرسە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران، بە پشت بەستن بە ئامارە فەرمییەکان ڕایانگەیاندووە، تەمەنی لەشفرۆشیی کچان لە ئێران گەیشتۆتە ١٦ ساڵان و تەمەنی هەڵاتن لە ماڵیش گەیشتۆتە ٩ ساڵان.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “شەرق”، دوکتور ئەحمەد بوخارایی، بەڕێوەبەری گرووپی سیاسی و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵەی کۆمەڵناسیی ئێران لە دانیشتنێک لەژێر ناونیشانی کاری ڕەگەزیی ژنان، لە زانکۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی تاران گوتی: “بەپێی ڕاپۆرتەکانی سازمانی بێهزیستی، تەمەنی کچانی لەشفرۆش لە ئێران تا ١٦ ساڵان دابەزیوە و تەمەنی ڕاکردن لە ماڵیش تا ٩ ساڵان دابەزیوە و دەبێ ئەوەشمان لە بیر بێ کە هەڵاتن لە ماڵ یەکێک لە هۆکارەکانی لەشفرۆشییە”.

بوخارایی هەروەها گوتیشی: “لە ئێران، بەپێی ئاماری تۆمار کراو، چەند هەزار ژنی لەشفرۆش هەیە و لە ناویاندا 12%ـیان ژنانی بەمێرد و خێزاندارن. هەڵبەت دەبێ ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە ئەوە تەنیا بەشێک لەو ئامارەیە کە ئێمە دەستمان پێی ڕاگەیشتووە بەڵام لەشفرۆشی لە ئێران، بە دزییەوە دەکرێ هەربۆیە ئامارەکان زیاترن”.

دوکتور سەعید مەدەنی، کۆمەڵناس و نووسەری پەرتووکی “کۆمەڵناسیی لەشفرۆشی” کە لەو دانیشتنەدا بەشدار بوو، ڕەخنەی لە شێوازی دەوڵەتەکان لە ئێران لە ڕووی هەڵسوکەوت لەگەڵ خەسارە کۆمەڵایەتییەکان گرت و گوتی: “لە ساڵی 1384 تا 1382، بە گشتی پرسە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران، پشت گوێ خراون بەڵام بەداخەوە دەبێ بڵێم لە ئێستاشدا، شێوەکانی دەوڵەت لەگەڵ خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، ئاشتیخوازانە نیە و کێشە ئابوورییەکانیش بۆ گەیشتن بە چارەسەری، ڕێڕەوی لە ڕوانگەیەکی کلاسیک دەکەن، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەرپرسیارەتیی ئابووری لە بازنەی بژیویی ژیانی خەڵکدا زۆر ئاڵۆزە، هەر بەو هۆکارانەشەوە ئەو کۆمەڵە ڕەوتانەی ئێستا ناتوانێ پرسە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران چارەسەر بکات مەگەر ئەوەی کە دەوڵەت ئاوڕێکی جیدی بداتەوە سەر پرس و کارە کۆمەڵایەتییەکان کە هاوشان بێ لەگەڵ پرسە ئابوورییەکان.”

دوکتور “حسێن ئەسەدبەیگی”، سەرۆکئ فیراکەوتنی کۆمەڵایەتیی بێهزیستی ـیش بە گێڕانەوە لە دوکتور “مینو موحرەز”، پسپۆڕی نەخۆشییە چڵکییەکان، ئەندامی کومیتەی ئیدزی ئێران و ئەندامی شۆڕای گەڵاڵەداڕێژیی یونسکۆ لە بواری پەروەردەی ساخڵەمییەوە گوتی: “50 هەزار ژنی سەرشەقاممان هەیە کە لە هەر ١٤ کەسیان، دوو کەسیان گیرۆدەی نەخۆشیی ئێچ. ئای. وی ـین.”

بەر لە ئێستاش لە ڕاپۆرتێکدا کە پشتی بە نامەیەکی وەزارەتی پەروەردەوە بەستبوو و لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو ببۆوە گوترابوو: “ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەسەر 141 هەزار و 555 قوتابیی کچ و کوڕی قۆناغی دواناوەندی لە یەک ساڵی خوێندندا دەریدەخا کە  105هەزار و 46 قوتابی، واتا ۷۴.۳ ـی ئەو قوتابیانە “پەیوەندیی ڕێگەپێنەدراو لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر”ـیان هەبووە.

ماڵپەڕی “عەسرێ ئیران”ـیش لە زار حسێن عەلی زاهدی پوور، کارناسی باڵای کۆمەڵناسی و ئەندامی کارگرووپی “ژانان و کچانی خەسارپێگەیشتوو و لە بەرەبەری خەسار پێگەیشتندا” گێڕابوویەوە: “11% ـی لەشفرۆشەکانی تاران بە ئاگاداریی مێردەکانیان، لەشفرۆشی دەکەن. ئەو ئامارە دەریدەخا کە نە تەنیا دەبێ ئاوڕ لە پرسی بێکاریی ژنان بدرێتەوە بەڵکوو دەبێ ئاوڕێکی زیاتر لە پرسی بێکاریی پیاوانیش بدرێتەوە”.

14946_790

5090618-7597590

roospi-irani

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت