وەفدێکی تری یەکێتی نیشتمانی گەیشتە تاران

0
1996

ڕۆژی کورد: ئەمڕۆ یەكشەممە 9ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی، وەفدێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەیشتە تارانی پێتەختی ئێران.

مەبەست لەو سەردانە، تاووتوێكردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراق، ڕاگەیێندراوە.

نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتاران لەمبارەوە دەڵێ: “وەفدەكەی حكومەتی هەرێم پێكهاتووە لە مەلا بەختیار، عومەر فەتاح، سەعدی ئەحمەد پیرە، خەسرەو گوڵ محەمەدو پاڤێل تاڵەبانی”.

دەباغ هەروەها گوتیشی: “وەفدەكە بەمەبەستی كۆبونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی ئەو وڵاتە، گەیشتۆتە تاران”.

نازم دەباغ، لەمەڕ ئامانجی ئەو سەردانە هەروەها گوتوشیەتی: “ئامانجی هاتنی ئەم وەفدە بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخ و كێشەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكەیە بە بارودۆخی موسڵ و كەركوكیشەوە.”.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەوە دووهەم جارە کە وەفدی یەکێتی نیشتمانی سەردانی ئێران دەکەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆدەبنەوە بەڵام جاری یەکەم، وەفدەکە بە سەرپەشتیی دوکتور بەرهەم ساڵح، سەردانی ئێرانی کرد و دوای ئەو سەردانەش، ناکۆکییەکانی نێوان دوو باڵی یەکێتی نیشتمانی بە شێوەیەکی ئاشکراتر خۆی دەرخست”.

بەشێک لە چاوەدێرانی سیاسی ئەم سەردانانەی وەفدە جیاوازەکانی یەکێتی بۆ ئێران دەگێڕنەوە بۆ کێشە ناوخۆییەکانی ناو یەکێتی نیشتمانی کە ئێستا بە ئاشکرا بووە بە دوو بەش و ناکۆکیی سیاسییان بەتایبەت لەسەر پرسەکانی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عێراق، لەناودا دەبندرێ.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، یەکێتی نیشتمانی بە شێوەیەکی بەرچاو لە کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندەکانی لە ئێراق و ناوچەدا، نزیکتر بۆتەوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی چالاکوانانی سیاسی و بەتایبەت چالاکانی سیاسیی کوردستانی خۆرهەڵاتی لێکەوتۆتەوە.

کردنەوەی سەنتەری ڕۆشنبیریی خومەینی لە کەرکووک، ناردنی نامەی تایبەت لە لایەن هێرۆ برایم ئەحمەد بۆ بەشار ئەسەد، لێدوانەکانی ئاڵا تاڵابانی لەمەڕ پێویستیی گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر بەغدا، هاوکاریی دوکتور نەجمەدین کەریم لەگەڵ حەشدی شەعبی و سەردانە تایبەتییەکانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای تیرۆریستیی قودسی ئێران، بەشێک لەو نزک بوونەوانەن لە ئێران و ناڕەزایەتییەکی زۆریان لێکەوتۆتەوە.

لەکاتی وەڕێخستنی ڕێپێوان لە سلێمانی لە ژێر ناوی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمەبر نەبوونی مووچە و هەبوونی مەترسیی هێرش کرانە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی لە زۆنی سەوز، پارتی گارانتی لە ئێران وەرگرت کە هێرش نەکرێتە سەر بنکە و بارەگاکانی و ئێرانیش بەڵێنیی دڵنیاکەرەوەی پێدان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت