وەزیری دەرەوەی میسر: لەسەر سیاسەتی پچڕینی پەیوەندیی دیپلۆماتیک لەگەڵ ئێران بەردەوامین

0
817

لە کاتێکدا لەم دواییانەدا، میسر پشتیوانی لە دەست تێوەردانی ڕووسیە لە سووریەدا کردووە، وەزیری دەرەوەی میسر، پێشتیوانیی خۆی لە سعوودیە و لە بەرانبەردا بەردەوام بوونی سیاسەتی پچڕینی پەیوەندیی دیپلۆماتیک لەگەڵ ئێراندا، دووپاتە کردەوە.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، سامح شوکردی، وەزیری دەرەوەی میسر لە قسەکانی خۆیدا لە کۆنفرانسێک لە بەحرەین، ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی سەرماوەز، پێداگری لەسەر بەردەوام بوونی پچڕینی پەیوەندی دیپلۆماتیک لەگەڵ ئێران و لە بەرانبەردا بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ سعوودیەدا کردەوە.

شکوری گوتیشی: “میسر ٢٥ ساڵە پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاندووە و تا ئێستاش هیچ گۆڕانکارییەک لەو بارەوە لە ئارادا نیە و بە نیازیش نیە هیچ هەڵوێستێکی گؤرانکارانەی لەو بارەوە هەبێ”.

پەیوەندیی ئێران و میسر، ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی و دوای ڕێکەوتنی نێوان میسر و ئیسراییل، پچڕا، دواتر مانەوەی شا لە میسر، ئەو پەیوەندییانەی ڕەشتر و تاڵتر کرد.

وەزیری دەرەوەی میسر هەروەها گوتیشی: “میسر بەردەوام لەو دانیشتنانەدا هەر هەلێکی بەکار هێناوە تا هەڵوێستی خۆی لەمەڕ نەتەوەی عەڕەب و بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی عەڕەب لە هەمبەر ئەو شتانەی کە لەوانەیە سیاسەتی پەرەئەستێن خوازانەی ئێران بێ، دووبارە بکاتەوە و پێداگری لەسەر بکات”.

شوکری هەروەها گوتیشی: “ئاسایشی نەتەوەیی عەڕەب گرێدراوی ئەو لێک تێگەیشتن و یەکگرتووییەیە کە لەنێوان سعوودیە و میسردا هەیە، پەیوەندی نێوان ئێمە بنچینەییە و گرێدراوە بە هاونەتەوەیی بوونمان”.

ژنێرال عەبدوولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میرس، ڕۆژی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی ڕایگەیاندبوو، قاهیرە لە هەمبەر تووندئاژۆکان، پشتیوانی لە ئەرتەشی سووریە کە هاوپەیمانی ئێرانە دەکات.

ئەو هەڵوێستی و پشتیوانییەی سیسی بوو بە هۆکاری سارد و سڕیی پەیوەندیی نێوان سعوودیە و میسر و مانگی ڕابردوو سعوودیە ڕایگەیاند کە بەرهەمە نەوتییەکانی خۆی کە بڕیار بوو لە چوارچێوەی گرێبەستێکدا کە بایی بڕەپارەی ٢٣ میلیارد دۆلار بوو بدرێ بە میسر، تا ڕاگەیاندنی داهاتوو، ڕادەگرێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت