وەزیری دەرەوەی بریتانیا: دەبێ ڕووسیە کۆتایی بە پشتیوانی کردن لە ئەسەد بهێنێت

0
1012

ڕۆژی کورد: بوریس جانسۆن، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، لە وتووێژی ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلیوەی ١٣٩٦ی هەتاویی خۆی لەگەڵ ڕۆژنامەی تلێگراف، داوای لە ڕووسیە کرد تا بۆ چارەسەریی تەنگژەی سووریە، هەوڵ بدا و چیتر پشتیوانی لە بەشار ئەسەد و تیرۆریستە گەورەکانی تر لەو وڵاتە نەکات.

جانسۆن، بەشار ئەسەدی بە هۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە خان شەیخون، وەک “تیرۆریست و ژاراوی”، ناو برد و داوای لە ڕووسیە کرد تا بۆ سەقامگیر کردنی ڕاستەقینەی ئاگربەست لە سووریە هەوڵ بدات و بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی ئەو وڵاتە، کۆتایی بە یارمەتیدان بە بەشار ئەسەد بهێنێت.

وەزیری دەرەوەی بریتانیا هەروەها هۆشداریشی دا کە ئەگەر بێت و ئەسەد جارێکی تر چەکە کیمیاییەکان بەکار بهێنێتەوە، لەوانەیە ئەمریکا جارێکی تر هێرش بکاتەوە سەر سووریە.

جانسۆن هەروەها پێداگری کرد کە هێرشی کیمیایی بۆ سەر شارەکی خان شەیخون، هەڵوێستی ڕۆژئاوای جیهانی گۆڕی. هەروەها گوتیشی کە تا پێش ئەو کاتە، هەڵوێستی ڕۆژئاوای جیهان بریتی بوو لە “هاوڕاییەکی گشتی بۆ شەڕ لەگەڵ تیرۆریسم” و هیچ هاوڕاییەک بۆ لەسەر کار لابردنی بەشار ئەسەد لە ئارادا نەبوو.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها گوتی: “ڕژیمی ئەسەد و هاوپەیمانەکانی دەبێ گوێڕایەڵی ئاگربەستێکی ڕاستەقینە بن و پێش بە بەکارهێنانی چەکە کیمیاییەکان و بۆمبە بەرمیلیەکان بگیردرێ و بە کەڵک وەرگرتن لە چارەسەرێکی سیاسی، کۆتایی بە سەرەڕۆیی ئەسەد لە سووریە بهێندرێت”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت