ڕۆژی کورد: لە هەوڵێکی نوێخوازانە و دەگمەندا، بەرپرسی ئەنجوومەنی پیشەیی کرێكارانی بیناسازیی مەریوان و سەوڵاوا، هەواڵی دامەزراندنی وێستگەیەکی کرێكاری ڕاگەیاند.
ئامانج لە دانانی ئەو وێستگەیە بریتییە لە بردنە سەری ئاستی وشیاریی کرێکاران و ئاشناکردنیان لەگەڵ ماف و داخوازییەکانیان لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی نوسراوە و ڕۆژنامە کرێكارییەکان.
ئەو وێستگەیە لە شەقامی سەرەکی و ناوەندی مەریوان داندراوە.
ناوبراو لە درێژەی وتەکانی دا ئیشارەی بەوەش کرد کە مەبەست لەم کارە جێخستنی فەرهەنگی خوێندنەوەی نوسراوە کرێكارییەکان لە ناو کرێكارانە بە مەبەستی ئاشناکردنیان لەگەڵ مافەکانی خۆیان و پێویستە کرێكاران بەم ئاستە لە وشیاریی چینایەتی بگەن کە بتوانن داوای ماف و داخوازییەکانیان بکەن.
پێشتر چەندین وێستگە و شوێنی خێرخوازی لەلایەن جالاکانی مەدەنی و فەرهەنگییەوە لە شارە جیاجیاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات داندراوە بەڵام هەوڵی لەم چەشنە، یەکەمین هەنگاوی کردەییە کە بە مەبەستی بردنە سەری ئاستی وشیاریی کرێکارانی کورد، ئەنجام دەدرێت.