وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئامریكا ئەڵێت به‌ ته‌مان گۆشارەکان بۆ سەر رژیمی ئێران زیاد بكه‌ن

0
761

رۆژی كورد : مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ئاخافتنێک لە ئیالەتی تێگزاس باسی لەوە کرد کە ئامریکا گۆشارەکانی بۆ سەر رژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ گۆڕینی هەڵسوکەوتی رژیم زۆرتر ئەکات تا ئەو کاتەی ئاکار و شێوازی حکوومەتی ئێران بێتە سەر دۆخی ئاسایی و ئامریکا لەم بارەوە متمانەی تەواو بە دەس بهێنێت.

رۆژی دووشەممە ١٥ ئاوریل لە زانکۆیەکی ئیالەتی تێگزاس لە وڵاتی ئامریکا مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە باسی لە گۆشاری زیاتر بۆ سەر رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و وتی گۆشارەکان بەردەوام و زۆرتر ئەبن تا ئەو کاتەی دەوڵەتی ئامریکا هەست بە ئاسایی بوونەوەی رەفتار و ئاکار لە ئاستی ناوخۆ و لە ئاستی نێونەتەوەیی بکات و دڵنیایی بە دەست بهێنین لەوەی رژیمی ئێران وازی لە هەناردەکاری تێروریزم هێناوە.
 مایک پۆمپێئۆ هاوکات وتیشی لە کاتێک دا ئێمە ئێستا لێرە وەستاوین رژیمی ئێران بەرنگاری ئاڵۆزی و کێشەیەکی گەورەی تێرۆر ئەکات لە هەموو ئۆروپادا و دیپلۆمات کارەکانی وڵاتی ئامریکا لە هەوڵی ڕاگرتنی کێشەکان و بەربەرەکانێ لە گەڵ بابەتی تێرۆر و هەڵسووکەوتەکانی ئێرانن. هەروەها وەزیری دەرەوی ئامریکا سەعاتێک پێش ئەم ئاخافتنە لە گەڵ کۆمەڵێک ئێرانی دانیشتووی ئامریکا کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و هاوکات لە گەڵ باس لە مەڕ پرۆسەی هێنانە ناو لیستی تێرۆری سۆپای پاسداران جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە ئامریکا هەموو کات پشتیوانی لە جەماوەر و خەڵکی ئێران ئەکات و بە بڕوای ئەوان کۆمەڵگای ئێران شایانی ژیانێکی زۆر باشترن و ئەوان هەوڵ ئەدەن یارمەتی دەری جەماوەر بن و پشتیوانیان بن.

 هاوکات لە گەڵ ئەم دانیشتنەی وەزیری دەرەوی ئامریکا لە گەڵ کۆمەڵێک ئامریکایی بە رەگەز ئێرانی لە دالاس وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بە ڕەسمی سۆپای پاسدارانی ئێرانی خستە ناو لیستی تێرۆری نێودەوڵەتی کە بە پێی بڕیارێکی سەرۆک ترامپ حەفتەیەک پێش لەو ڕێکەوتە بڕیاری لە سەر درابوو. هێنانە ناو لیستی تێرۆری نێودەوڵەتی سۆپای پاسداران واتە هەموو دارایی و حیسابەکانی دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێکخراوە لە دەرەوی ئێران زەوت ئەکرێت و دەسی بە سەر دائەگیرێت و دەسەڵاتداران و بەرپرسانی سۆپای پاسداران ڕێگای سەفەر کردن بۆ دەرەوی وڵاتی ئێرانیان پێ نادرێت و لەوە زیاتر ئابڵۆقە ئەخرێتە سەر ماڵ و گیانیان.

هاوکات لە گەڵ ئەمانە ئەنجومەنی باڵای ئەمنیەتی نێونەتەوەیی لە وڵاتی ئێران ئەم هەنگاوەی وڵاتی ئامریکا  بە توندی ئیدانە ئەکات و لە هەڵوێستێکی بەرانبەر دا باس لەوە ئەکات کە وڵاتی ئامریکا خۆی پشتیوانێکی گەورەی تێرور و تێروریزمە و هەموو دەسەڵاتداران و بەرپرسانی ئامریکا بە گرووپێکی تێرۆریستی ناو ئەبات.

لە کۆتایی باسەکان دا وەزیری دەرەوی ئامریکا مایک پۆمپێئۆ هاوکات لە گەڵ هێنانە سەر باسی لافاوەکانی ئەم دواییانەی باشووری وڵاتی ئێران باسی لەوە کرد کە ڕێبەری رژیمی ئێران دۆلارەکانی بۆ پشتیوانی لە نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆک کۆماری وێنێزویلا بە ڕێ ئەکات لە کاتێک دا میللەتەکەی لە ناوخۆی وڵات دا ئازار ئەکێشن و گۆشارێکی زۆریان لە سەرە و رژیمی ئێران بە جێگای یارمەتی خەڵکی لێقەوماو پشتیوانی لە تێرۆر و گرووپە تۆندئاژوکان و ئەلقاعیدە و حیزبوڵڵا و سەرۆکی وێنێزویلا ئەکات و وەک ئاگادارین لە دواین کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری رژیمی ئێران لە گەڵ خامنەیی ڕێبەری ئەو وڵاتە و داوای سەرفکردنی پارە لە سنووقی تایبەتی گەشە ئابووریەکان جەنابیان ڕەدیان کردەوە و وتیان لە ئێستا دا پێویست بەو کارە ناکات و لەوانەیە لە داهاتوو یان کاتێکی دیکە دا ئەو پارەیان لەو ڕێگاوە بۆ سەرف بکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.