ولایەتی، ڕاوێژکاری خامنەیی لە هەمبەر سەربەخۆیی کوردستان، هەڵوێستی گرت

0
631

عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری خامنەیی و یەکێک لە داڕێژەرانی پلانی تیرۆری ڕێبەرانی کورد، بە دژی قسەکانی “وەزیری داد” ـی ئیسراییل کە لە لێدوانی خۆیدا باسی لە دابەش بوونی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پێکهاتنی وڵاتی نوێ و پشتگیری لە ساز بوونی دەوڵەتی کوردی کردبووە، هەڵوێستی گرتوو و گوتی ئیسراییل هیچ کات بەو ئامانجەی خۆی ناگات.

عەلی ئەکبەر ویلایەتی، پزشکی منداڵان و ڕاوێژکاری خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی ئایدینلک ـی تورکیە، ئاماژەی بە لێدوانی وەزیری دادی ئیسراییل دا و گوتی: ئیسراییل بە نیازە، وڵاتی ئیسراییلی دووەم یان سێهەم لە ناوچە ساز بکات، ئامانجی ئەمپریالیستەکان و سەهیۆنیستەکان، دابەش کردنی ناوچەکەیە، ئامانجێک کە هیچ کات پێی ناگەن.

ئەو قسانەی عەلی ئەکبەر ویلایەتی لە دوای قسەکانی وەزیری دادی ئیسراییل دێن کە دەڵێ: ئیسراییل خوازیاری ساز بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و پتەو کردنی پەیوەندی لە نێوان ئیسراییل و وڵاتی کوردستان ـە.

ویلایەتی لەو لێدوانەی خۆیدا، وێڕای شاردنەوەی ئەو ڕاستییە كە سەربەخۆیی كوردستان ویستێكی ڕەوا و دێموكراتیكی نەتەوەی كوردە و پێوەندیی بە هیچ لایەنێكی دەرەكییەوە نیە، وڵاتی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار كرد كە بە هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی كوردستان: “بەنیازی دزەكردنە بۆ ناو جیهانی ئیسلام، بەڵام بەو ئامانجەی ناگات”.

ویلایەتی هەروەها ئیسراییلی بە دەست بردنە ناو کار و باری وڵاتانی ئیسلامی تاوانبار کرد و گوتی: ئیسراییل دەیهەوێ بە ساز کردنی دووبەرەکی لە نێو وڵاتانی ئیسلامیدا و ساز کردنی ناکۆکی، دزە بکەنە ناوچەکە و بەو شێوەیە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دابەش و پارچە پارچە بکەن.

شایانی ئاماژەیە کە هەر وەک پێشتریش لە هەواڵەکانی “ڕۆژی کورد”دا هاتووە، بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ماوەیەکە هەوڵەکانی بۆ سەربەخۆیی هەرێم چڕ کردۆتەوە و سەردانی چەندین وڵاتی جیهان و ناوچە و بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی کردووە، لە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی هەرێم، کاتی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی گەرێمی کوردستانی دیاری کرد و گوتی دەبێ ئەو ڕاپرسییە بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئامریکا ئەنجام بدرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.