وتەبێژی کۆشکی سپی: پوتین ئامادەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ترامپ ـە

0
1293

ڕۆژی کورد: دیمتری پسێکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کرملین، بە هەواڵدەریی “تاس”ـی ڕوسیەی ڕاگەیاندوە، پوتین، ئامادەی چاوپێکەوتن لەگەڵ دانلد ترامپ ـە بەڵام پیدەچێ ڕێککەوتن و ڕەخسانی بارودۆخ بۆ ئەو چاوپیکەوتنە، چەند مانگێک بخایەنێت.

ئەو لێدوانەی وتەبێژی کۆشکی سپی لە دوای هاتنە سەر کاری ترامپ و بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی سوێندخواردن و دەست بەکار بوونی ترامپە کە ڕۆژی هەینی ١ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە کۆشکی سپی بەڕێوە چووە.

پسێکۆڤ هەروەها گوتیشی: “هەڵەیەکی گەورەیە کە وا بیر بکەینەوە پەیوەندیی نێوان ڕووسیە و ئەمریکا لە سەردەمی ترامپ، بێبەری بێ لە هەر چەشنە دژایەتی و وێکنەچوونی بیروڕای دوو لایەن”.

 پەیوەندیی نێوان ڕووسیە و ئەمریکا، لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ئۆبامادا بە هۆی جیابیری لەسەر پرسگەلێکی وەک قەیرانی سووریە و ئۆکراینی ڕۆژهەڵات تا نزمترین ئاستی خۆی دابەزیوە.

پوتین و بەرپرسانی کۆشکی کرملین تا ئێستا چەندین جاران هیوایان خواستووە لە سەردەمی دەسەڵاتی ترامپ ـدا، پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو ولاتە ئاسایی ببێتەوە.

لەلایەکی ترەوە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، ٣٠٠ سەربازی ئەمریکایی گەیشتنە وڵاتی نۆروێژ و بڕیارە شەش مانگ لەو وڵاتە بمێننەوە و دواتر شوێنی خۆیان بدەن بە یەکەیەکی نوێ کە ئەویش شەش مانگ دەمێنێتەوە، ئەوەش دژکردەوەی توندی ڕووسیەی لێکەوتەوە.

ڕەوانەکردنی ئەو چەکدارە ئەمریکاییانە بۆ نۆروێژ لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، یەکەمین یەکەمی سەربازیی ئەرتەشی ئەمریکا بە دژی هەڕەشەکانی ڕووسیە، گەیشتە لەهێستان.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت