وتووێژ لەگەڵ ئومێد بەرین/کوشتنی یاساییانەی کۆڵبەران لە کوردستانی خۆرهەڵات

0
851

خوێنەری هێژا:

ئومید بەرین
ئومێد بەرین

بابەتی بەردەستت، یەکێکی تر لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورە ژووری ڕاوێژە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تلێگرام کە لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەممەی١٣٩٤ (٢٠١٦) لەگەڵ بەریز ئومێد بەرین، ڕۆژنامەوانی ناوەندی هەواڵدەری موکریان و بە پێشکەشکاری بەڕێز ئەسرین ئەحمەدی، چالاکی فەرهەنگی  لەسەر مژاری (کوشتنی یاساییانەی کۆڵبەران لە کوردستانی خۆرهەڵات) ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: بەم شێوەیە باسەکە دەست پێدەکەین و دەڕۆینە ناو وتووێژێکەوە. ئێوە بە گشتی وەکوو رۆژنامەنووسێک، دۆخی ئابووری لە ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بەرین: ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەنی سامانێکی زۆری ئابوورییە. ئەو وڵاتە لە ڕیزی وڵاتانی ئۆپێکە و بەرهەمهێنەرێکی گەورەی نەوت و گازە. جگە لەوە پێگەیەکی یەکجار تایبەتی ستراتیژی هەیە، کەرتی کشتوکاڵییەکەی ئەگەرچی مۆدێرن نییە بەڵام بەرهەمهێنەرە، جگە لە هەموو ئەوانە ئێران وڵاتێکی مەزنی هەناردەکەری مس و ئاسن و پۆڵا و بەرد و ….هتد، بەڵام کێشەی سەرەکی لەم وڵاتەدا نەبوونی پەیوەندی ناساخڵەمی ئابووری لەگەڵ دنیای دەرەوە، جگە لەوە کەرتی تایبەت یەکجار لاوازەو زۆربەی جومگە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە کەوتووەتە دەستی لایەنگەلی تایبەت. وەکوو سوپای پاسداران و بەیتی رەهبەری . بۆ نمونە دەتوانن سەیری قەرارگای خاتەمولئەنبیا یا ئاستانی قودسی رەزەوی بکەن. یەکیان لەژێر سەرپەرەشتیاری سوپا دایەو یەکیان بەیتی رەهبەری، هەر کامەشیان خاوەنی سەدان کۆمپانیان و ملیاردها تمەن پارەیان زەوت کردووە و لە هەموو کەرتێکدا کار دەکەن. لە هەموو ئەوانە خراتر نبوونی سیاسەتێکی باش و گونجاوە بۆ پرسی مەرکەز زودایی.

ئەسرین ئەحمەدی
ئەسرین ئەحمەدی

واتە زوربەی هێزی ئابووری ئێران لە هەندێک پارێزگای تایبەتدا سەرمایەگوزاری کراوە. بۆ نمونە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆیی دیدی ئەمنییەتی و … بە تەواوی پەراوێز خراوە. بمێنێ کە بەشێکی زۆری بودجەی ئێران لە کاروباری سەربازی خەرج دەکرێ، هەر ئەمساڵیش تەنیا شوێنگەلێک کە بودجەکەیان بەرز بووە، دامەزراوە سەربازییەکان بوون.

راوێژ: چی بوو کە دۆخی ئابووریی ئێرانی بەم ئاراستە هێنا ؟ وڵاتێکی وا دەوڵەمەند بۆچی ئاماری هەژاریی خەڵکەکەی بەو ئاستە بەرزە ؟ ئەو هەمووە پارە و سروەت و سامانە چیی لێ دێ ؟

بەرین: چونکە بارودۆخ لە هەموو ئێران وەکوو یەک نییە دەکرێ هۆکارەکان جیاوازبن.  لە ئێران بەگشتی بەهۆیی نەبوونی پلان و بەرنامەی گونجاو، گەندەڵی ئیداری، لاواز بوونی کەرتی تایبەت، قەبزەکردنی ئابووری ئەو وڵاتە لەلایەن سوپای پاسداران و بەشێکیش گەمارۆ ئابوورییەکان لەم ساڵانەدا کێشەی ئابووری چێبووە. بەڵام لە شوێنێک وەک کورستان بەهۆی نەبوونی سەرمایە گوزاری حکومی و تایبەت، ڕوانگەی ئەمنییەتی و سەربازی و پەرواێز خرانەوە کێشەکان دوو قاتن. هەرچەند من ئابووری ناس نیم.

راوێژ: ئێستا دێینە سەر باسی سەرەکیی سمینارەکە. پرسی کۆڵبەری چەند ساڵە بەم شێوە جیددی بووەتەوە و بووەتە یەکێ لە پرسە سەرەکیەکانی رۆژ و رۆژانە هەواڵ لە کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران دەدرێت ؟

بەرین: کورد بەردەوام لەسەر ئەم سنوورانە هاتووچۆی کردووە و شتومەکی گواستووەتەوە. بەڵام دووای شۆڕشی گەلانی ئێران شێوەی هەڵسوکەوتی حکومەت لەگەڵ کاسبکارانی سەر سنووربە تەواوی گۆڕدراوە. کۆڵبەری و کاسبکاری سەر سنوور لە بەشە داگیرکراوەکانی دیکەی کوردستانیش هەبووە و هەیە. ئەگەر فیلمی “یوڵ” بەرهەمی ۱۹۸۲ی یەلماز گونای ببینن، کە ئەوساڵە خەڵاتی کەنیشی بردەوە بۆتان باشتر دەردەکەوێت. دووایین نمونەشی کوشتاری ۳٥ کاسبکاری سەر سنوور لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لە گوندی ڕۆبۆسکی باکوور بوو. لە ڕۆژهەڵاتیش ئەو کێشە لە دووای شۆڕشی ٥۷ وە هەبووە کە لە درێژەی باسەکەدا بە وردی باسیدەکەین.

راوێژ: روانگەی خەڵکی کوردستان لە کۆڵبەر چۆن دەبینن ؟

بەرین: بێگومان نانی كۆڵبەری و کاسبکاری سەر سنوور نانی ناچارییە، خەڵکی کورد بە گشتی ئەوە باش دەزانێت، کاسبکارەکان کەسانێکی بێ دەرتان، زەحمەت کێش و قابلی دیفاعن. خەڵکیش هەر بەم شێوەیە سەیریان دەکەن، بۆیە هەر کات کەسێکیان گیانی لەدەست دەدات تارای سور بە گۆڕەکەی دادەدەن و هەمووان دەڕنجن لە روودانی وەها کارەساتێک.

راوێژ: هەبوونی کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و بەلووچستان زۆر بەرچاوە. ئەمە بۆ چی دەگەڕێننەوە ؟

بەرین: هەر وەکوو لەوڵامی پرسیارەکانی پێشووتاندا ئاماژەم پێکردووە، هۆکارەکەی نەبوونی هەلی کارە، کوردستان پشگوێ خراوە، سەرمایەگوزارییەکی ئەوتۆی تێداناکرێت. ئایا ئەگەر کەسێ لەکارگەیەکی پیشەسازی دابمەزرێت ! بۆ ڕۆژی سی هەزار تمەن سینگی خۆی بە گوللەوە دەنێت ؟ خێر بەهیچ شێوەیەک

راوێژ: قاچاخچیی ماددە هۆشبەرەکان چۆناوچۆن ئەم هەمووە ماددە هۆشبەرە دەگوازنەوە و لە کوێوە ئەیهێنن و ئەیبەن کە تا ئێستا نەمانبینیوە تەقە بکریەت لە قاچاخچییەکی ماددە هۆشبەرەکان ؟ گەلۆ کۆڵبەری زیان بارترە لە قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان ؟

بەرین: بێ گومان قاچاغی کردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە زیانێکی زۆر زیاتر لەو وڵاتە دەدات. دەمهەوێ فاکت لە قسەکانی رەحمانی فەزلی وەزیری ناوخۆی ئێران و سکرتێری گشتی بنکەی بەرئەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بێنمەوە. ئەمساڵ لە کۆنفرانسێکدا گوتی” ئێمە ٦۹ کەس لە هێزە سەربازییەکانمان لە رێگای بەرئەنگاری ماددە هۆشبەرەکان لەدەستداوە”. هەروەها بە گوتەی فەزلی هەرساڵ زیاتر لە ٦٠ تۆن ماددەی هۆشبەر لەو وڵاتە دەستی بەسەردا دەگیرێت، بە گوتەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئێران یەکێک لە وڵاتە سەرکەوتووەکانەوە لەو بووارەوە. ئەوە سەرەرای ئەوەیە کە ئێران نزیکەی هەزار کیلومتری سنوور هاوبەش لەگەڵ ئەفغانستان هەیە کە گەورەترین وڵاتی بەرهەم هێنەری ماددەی هۆشبەری سروشتییە.

بەڵام لە کوردستان هەموو شتێک جیاوازە. بارها ئەو ڕەخنەیە دەگیرێت کە هەموو کەس دەزانێ فرۆشیاری ماددە هۆشبەرەکان کێین ! بەڵام بۆ ناگیرێن. بێ گومان ئەوە لەکەس شاراوە نییە کە لە کوردستان دەستانێکی شاراوە هەن کە چاوپۆشی دەکەن لەو پرسانە، بەهۆکاری سیاسی و ئەمنی و عەرەز و بوغز. کوشتاری کۆڵبەران ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ڕوانین و بیرکردنەوە بەرپرسانی خۆجێی و حکومی بەرامبەر بە کوردستان هەیە. بێ ئەوەی کۆڵبەر دادگایی بکردرێت، هەر لەوێ حوکمیشی بۆ دەردەکرێت و روحی لێدەستێندرێ کە ئەوە پێشێلکاری ئاشکرای مافی مرۆڤە.

ڕاوێژ: زۆر جار لە پەراوێزی کوشتنی نایاسایی کۆڵبەران پاساوی ئەوە ئەهینەوە کە کاری قاچاق ئەکەن .وەک چەک ،مەشرووب،… لە ئەگەری پشت ڕاست کردنەوەی ئەم کارە ، ئایا حکومەت ماڤی ئەوەی هەیە کۆڵبەران بکۆژێت؟

بەرین: من خۆم لە نزیکەوە سەردانی ئەو ناوچە سنووریانەم کردووە کە کاسبکارانی سەرسنوور کاری تێدادەکەن. تا ئێستا نەم بینیوە و نەشدیتراوە کە کەس باری چەک و تەقەمەنی رابگوازێت. تەنانەت ئەگەر واشبێ تەقەکردن دیسان لەدژی یاسا ناوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە. ئەو کەسەی لە روانگەی ئەوانەوە یاسای پێشێلکردووە دەبێ بدرێتە دادگا و دادگای ساڵحە و بێلایەن حوکمی بۆ ببڕێتەوە. نە ئەوەی پاسدارێک یا سەربازێک خۆی حوکم بدات و حوکمەکەش جێبەجێ بکات. تەنانەت تەقەکردنیش یاسا و ئوسلوبی خۆی هەیە، تەقە دەبێ لە لاق واتە پێ بکرێ ، نە دڵ!  تەقەکردنیش لەحاڵەتی زۆر تایبەت و دەگمەندا پاساو هەڵگرە.

ڕاوێژ: لەوەی کە کەسێک روو دەکاتە کۆڵبەری حکوومەت چەندە تاوانبارە ؟ چییە کەسێک پاڵ پێوە دەنێت ببێتە کۆڵبەر و روو لە سنوورەکان بکات ؟

بەرین: هەموو ئەو کەسانەی سامانی گشتی هەڵدەلوشن بەرپرسیارن، جا حکومەت هەر سیستمێک و هەر کەسێک بێ بەرپرسیارە کە بۆچی نەیتوانیوە هەلی کار بۆ ئەو کەسە برەخسێنێت.

ڕاوێژ: ئەگەر ئاگادار بن لە گەڵ کردنەوەی بازاری کاری باشوور بو هاووەلاتیانی خوەرهەڵات  لە سەر سایتی پارێزگای سنە ، کوڵبەری وەک کار ئاماژەی پێ کرابو و دەولەت شانازی پێێوە کردبو کەکەاری بو هاوەلاتیان تەرخان کردووە . ئەگەر کولبەری وەک کار پێناسە دەکەن ، کەواتە بو کولبەران ئەکوژن؟

بەرین: ئەحمەدی نەژاد دروشمی دابوو کە دوو ملیۆن کەس دادەمەزرێنێت، هەموو کەس ئەکەنی. جارێکیش، فەرمانداری پێشووی مەهاباد گوتبووی هەلی کارمان بۆ ۲٠٠٠ کەس رەخساندووە و ئێستا دامەزراون، پاشان مەعلوم بوو کە مەبەستی لەو کەسانەیە کە لەماوەی ۸ ساڵدا کارتی بەسیجیان وەرگرتووە. زۆر شت لەو کەسانەوە دەوەشێتەوە، زۆر قسەش دەکەن کە هیچ بنەمایەکی نییە و سرفەن مەسرەفی ناوخۆیی هەیە. بەڵێ لەساڵانی رابردوودا کارتێکیان بەناوی کارتی پیلەوەری داوە بە ژمارەیەک لە هاونیشتیمانیان. بەڵام هەموو کەس، هەموو کاڵایەک و هەموو رێگایەکی لەخۆ نەگرتووە. هەر شتێکی بە تەواوی لەژێرچاودێری ئەواندا نەبێ پارچەکرداری توندیان بەرامبەری دەبێت.

ڕاوێژ: ئاخۆ ئەگەر کاری کۆڵبەری لە ئێران بە یاسایی بکریەت و ئەو کارە جەنبەیەکی یاسایی بەخۆوە بگرێت، ئەو کۆڵبەرە هەنووکەییانە بێکار نابن؟ ( مەبەست هەڵاواردنی ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتە).

بەرین: باشترین رێکار، ڕەخساندنی هەلی کار و ڕاکێشانی سەرمایە بۆ کەرتی گەشتیاری، پیشەسازی و کشتوکاڵی کوردستانە. تەنیا بەم شێوەیە ئەم کێشەیە کۆتایی پێدێت.

لە هەمان کاتێشدا دەبیئەوە بزانین کە قاچاخی لەسەر سنوور کۆتای پێنایەت، چوون لەناوخۆی ئێراندا خواست بۆ هەندێک کاڵا هەیە، کە لە ئێران بەرهەم نایەن. وەکوو خواردنەوە ئاڵکۆڵییەکان. هەندێک شتیش هەیە کە لە ئێران بەرهەم دێت بەڵام کوالێتی کەمە وەکوو چا.

ڕاوێژ: جیا لە کوشتنی کۆڵبەران بە تەقەی راستەوخۆ، یەکێکی تر لە هەڕەشەکان لەسەر گیانیان، بوونی مینی چێندراوە لە سەر ڕێگاکانیان کە دەبێتە هۆی مردن یان لەدەست دانی بەشێک لە جەستەیان، چۆنە ئێران تا ئێستاش نەبۆتە ئەندامی پەیماننامەی ئۆتاوە؟ بە گشتی لەسەر مین و هەڕەشەی بۆ کۆڵبەران قسەتان چیە؟

بەرین: لەسەرجەمی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مەزەندە دەکرێت ٦٠ ملیۆن مینی چێندراو هەبێت، بەشێکیان بۆ ڕێگری لە چالاکی و جوڵەی هێزی سەربازی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و بەشێکیان لەسەردەمی شەڕدا چێندراون. ساڵانەش دەیان کەس دەبنە قوربانی کە نمونەشی زۆرە. دەبێ کۆمەڵگای مەدەنی بە گشتیی گوشار بخەنە سەر حکومەت کە چ مینەکانی سەر سنوور و چ مینەکانی قوڵایی رۆژهەڵاتی کوردستان پوچەڵ بکاتەوە.

ڕاوێژ: تا ئێستا دەوڵەت لە هەمبەر ئەو کەسانەی کە کوژراون جا هەم بنەماڵەیان و هەمیش لە هەمبەر بکوژەکانیان چی کردووە؟ بەڕاستی یاسای کۆماری ئیسلامی کۆڵبەر بە چی پێناسە دەکا؟

بەرین: چەند نمونەیەکم بینیوە کە بەدواداچونیان بۆ ئەو پرسە کردووە، بەگشتی هیچ وڵامێک وەرناگرن، ئەو حاڵەتانەش کە پاسدار یا چەکدارەکە بە تاوانبار ناسراوە ئەوا دیەی یەک کەسیان داوە بە بنەماڵەکەی ئەوەش زۆر بە دەگمەن ڕوویداوە، لەگەڵ ئەوەش یەکساڵ تا سێ ساڵ زیندانی دراوە بە کەسی تەقەکەر. لە یاسای کۆماری ئیسلامیدا کۆڵبەر کەسێکە کە سنوور بە نایاسایی دەبەزێنێت و بە هاوردەی نا یاسایی شتومەک بناخەی ئابووری ئێران وەلەرزە دەخات.

ڕاوێژ: لە وەڵامی پرسیارێکدا، بە جێگای کۆڵبەری لە وشەی قاچاخچی سەرسنوور کەڵکتان وەرگرت. ئەوە ڕەوایی نادات بە کوشتاری کوڵبەران؟

بەرین: بەهیچ شێوەیەک پرسی ڕەوایی پێدان شتێکی دیکەیە، پێشتر لەسەر ئەوە پێداگریم کرد کە ئەگەر کەسێک چەکیش بگوازێتەوە نابێ تەقەی لێبکرێ، دەبێ بدرێتە دادگا و دادگاش…. لە ڕوانگەیەکی ئابوورییە باش یا خراپ گواستنەوەی شتومەک بێ مۆڵەتی فەرمی دەبێتە قاچاغ. جاری وایە ئەو قاچاغە کەشتییەکی زلی مافیاکانی ئێران دەیکەن و بێ مۆڵەت و بێ گومرک شەکر هاوردە دەکەن، جاری واشە کەسێک بە ناچاری و بۆ تێرکردنی سکی منداڵەکان بە کۆڵ شتومەک هاوردە دەکات. پاشان قاچاخی بە مانایی ئابوورییەکەی لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات ئەنواعی هەیە، کە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیش لە دژی چەند جۆرێکییەتی، وەکوو قاچاغی حەب و دەرمان.

ڕاوێژ: ئەوڕۆ لە هەواڵەکاندا بڵاو بۆوە کە ڕەسووڵ خزری نوێنەری سەردەشت و پیانشار بە کەیف خۆشیەوە باسی لە ئازاد کرانی سنووری پیانشار بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ  کردووە، ئێوە ئەوە بە بەلارێدابردنی کێشەی کۆڵبەران دەبینن یان بە چارەسەری؟

بەرین: لەڕاستیدا من ئاگاداری ئەم بابەتە نیم، بەڵام ئەوە باش دەزانم کە ئەو کارە بچووکانە دەرمانی ئەو دەردە نینە.

ڕاوێژ: بەشێک لە کۆڵبەران، ژنان و منداڵانن، ئەو شێوە کار کردنە لە توانای کەم ژن و منداڵ دایە، بەڵام لە هەمان کاتدا کوشتن و بڕینەکە پشکی ئەوانیشە، بەڕای ئێوە هۆکاری ڕوو هێنانی ژنان و منداڵان بۆ ئەو کارە گران و پڕ نەهامەتیە چیە؟

بەرین: لاوازبوونی کەرتە ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەبوونی نانی سەر سفرە و غەمی سبەی.

ڕاوێژ: بە پێی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی، ماددەی ٣ و ٣٠، دەبێ دەوڵەت تا کۆتایی خوێندنی گشتی واتا دیپڵۆم تێچووی خوێندنی منداڵان بدات و خوێندنیش زۆرەملی و ئیجبارییە، ئەوەی کە منداڵان دەچن کار دەکەن و لە بری قوتابخانە لە شاخ و کێوەکان کۆڵبەری دەکەن، ناتوانێ وەک تاوانێکی دەوڵەت ئەژمار بکرێت؟

بەرین: لە ڕاستیدا دەبێ کەسێکی یاساناس وڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، لە بوواری حقوقییە من نازانم. بەڵام ڕەخساندنی وەها کەشێک کە منداڵان ناچار بەوە بکات کە لە جیاتی قوتابخانە سینگ بە گوللەوە بنێن ئەوە کەمترخەمی و پشگوێ خرانێکی مەزنە.

ڕاوێژ: کۆڵبەران و بنەماڵەکانیان بەشێکن لە دەنگدەرانی ئێران و کوردستانی خۆرهەڵات، چۆنە نوێنەرە جۆراوجۆرەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە ببنە دەنگی کۆڵدەران؟

بەرین: نوێنەران نەیانتوانیوە ببنە دەنگی کەس. لە ڕاستیدا دەنگدەرێکیش بوونی نییە کە ئەوەندە ژیر بێت گوشار بێنێت خواستەکانی خۆی بچەسپێنێت. با خەڵکیش بێن و سێ رۆژ لەدژی کوشتاری کۆڵبەران دوکان و بازار داخەن و نەچنە قوتابخانەو سەرکار. بۆ واناکەن؟

راوێژ: جگە لە روانگەی ئابووری بۆ کۆڵبەری، ئەتوانین وەکوو کێشەیەکی کلتووری چاوی لێ بکەین؟

بەرین: بەهیچ شێوەیەک، ئەو پرسە ڕەهەندی کەلتووری نییە.

ڕاوێژ: ئایا دەتوانی کۆماری ئیسلامی تاوانبار بکەین؟ ئەوە ئاساییە کە لە هەموو وڵاتانی جیهان و تەنانەت ئوروپاش، کەرەستەکان و خۆشگوزەرانی بە شێوەیەکی یەکسان دابەش نەکراوە و سنوورەکان و ناوچە سنوورییەکان لە چاو ناوەند هەمێشە بێبەشترن و بۆیەش ناچارن بە قاچاغ، لە شوێنەکانی تری ئێرانیش وەک سیستان و بەلووچستان ئەو بابەتە هەیە واتا قاچاغ؟

بەرین: بێ گومان دەستەڵات تاوانباری سەرەکییە.

ڕاوێژ: چارەسەری ئەو کێشەیە واتا کۆڵبەری و کوشتنیان لە چیدا دەزانن؟ بە گشتی چ بکرێ کە ئەو کوشتارە نەمێنێ ؟ ئایا ڕێگایەک هەیە کە کۆڵبەری نەمێنێ؟

بەرین: بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کوشتاری کۆڵبەرەکان پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤە و بە توندی شەرمەزار و سەرکۆنەی دەکەم و پێموایە ڕای گشتیی و شەقامیش نابێ لە بەرامبەری کەمتر خەم بن. بە هەنوکە دەبێ ڕوانگەی حکومەت و دەستەڵاتدارانی سیاسی و سەربازی خۆجێی لە بەرامبەر خەڵقی کورد بگۆردرێ، بەرپرسیارەتییە خۆجێیەکان بدرێنە دەستی کورد. چەند ناوچەیەکی ئازادی بازرگانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکرێتەوە. پلانیش دابرێژرێ بۆ قەرەبووکردنەوەی ڕۆژهەڵات لە رووی ئابوورییەوە.

ڕاوێژ: ئایا بوونی سەردەشت و بانە بەناوچەی ئازادی بازرگانی، هیچ کام لە کێشەکانی کۆڵبەران کەم دەکاتەوە؟ یان بە گشتیی چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر دۆخی ژیانی کۆڵبەران؟

بەرین: هەر وەکوو پێشتریش گوتم خەڵک لەرووی ناچارییەوە کۆڵبەری دەکات، واتە ئەو کارە بەشێک نییە لە شوناسی هیچ کەسێک. ئەگەر هەلی کار بۆ ئەو خەڵکە برەخسێ بێ گومان کاری کۆڵبەری ناکەن. کردنەوەی ناوچەی ئازادی بارزگانی لە سەردەشت ئایا کێشەی کۆڵبەران یا کاسبکارانی سنوور لە ماکۆ چارسەر دەکات؟ خێر، ئەگەرچی ئەو هەنگاوانە زۆر ئەرێنین بەڵام بە گشتیش دەبێ پلانی تایبەت بۆ برەودانی ئابووری هەموو کوردستان هەبێت بۆ ئەوەی ڕۆژێک بێت کەس ناچار بەکۆلبەری نەبێتەوە.

دواین پرسیار ڕاوێژ: زۆر جار لە هەواڵەکاندا دەبینین کە لە ناوچە سنوورییەکان زۆر کەس کە کۆڵبەر و قاچاغچیش نەبوون لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە کەوتوونە بەر دەستڕێژ و کوژراون بۆ نموونە کەسێک ئەم هاوینی ڕابردوو لە ناوچەی سۆمای برادۆستی ورمێ بەو شیوەیە کوژرا، پێتان وا نیە دەوڵەت بەو شێوەیە ڕێگای بۆ کوشتنی کوردانی سەر سنوور خۆش کردووە؟

ڕاوێژ: دواین پرسیار زۆر جار لە هەواڵەکاندا دەبینین کە لە ناوچە سنوورییەکان زۆر کەس کە کۆڵبەر و قاچاغچیش نەبوون لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە کەوتوونە بەر دەستڕێژ و کوژراون بۆ نموونە کەسێک ئەم هاوینی ڕابردوو لە ناوچەی سۆمای برادۆستی ورمێ بەو شیوەیە کوژرا، پێتان وا نیە دەوڵەت بەو شێوەیە ڕێگای بۆ کوشتنی کوردانی سەر سنوور خۆش کردووە؟

بەرین:  دۆینێ شەویش گوتم سەرجەمی ئەو کێشانە بەرهەمی ڕوانگەی ئەمنییەتی حکومەتە بۆ سەر کوردستان. ئەو ڕوانگەیە دەبێ لاچێ.

تێبینی: ئە کاتی ئەندام دانی ئەو وتووێژە تا ئێستا ٢ کۆڵبەری کورد لە مەریوان و سەردەشت کوژراون و کەسێکیش لە ڕەبەت درا بەر گوللە و حاڵی لەو پەڕی جراپی دایە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.