وتووێژێکی چڕ لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانی خۆرهەڵات/مەنسوور خزری

0
1768

خوێنەری هێژا

باسی بەردەستت وتووێژێکە لەژێر ناوی (کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانی خۆرهەڵات) کە لە ڕێکەوتی ٥ و ٦ و ٧ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٧١٦ی کوردی) لە ژووری ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تلێگرام لەگەڵ بەریز مەنسوور خزری، کارناسی کێشەکانی بنەماڵە و چالاکی مەدەنی و بە پێشکەشکاریی بەڕیز ئیقباڵ شادی، چالاکی سیاسی – مەدەنی، ئەنجام دراوە.

مەنسوور خزری
مەنسوور خزری

ڕاوێژ: ئەوە نوێترین هەواڵی دڵتەزێنی ئەمڕۆیە “دایکێکی دوو گیان لە پارێگێکی شاری “فەسا” سەر بەپارێزگای فارس ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و ١٠٠% سووتاوە. هێشتا شووناسی ئەو ژنە نەناسراوە”. پرسیار ئەوەیە، ئەو هەموو خۆکوژییە لە ئێران و کوردستانی خۆرهەڵات بۆ؟ ڕیشە و هۆکارەکانی چین؟

خزری: بەداخەو ئەم کارە ڕۆژ لەڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە وبەتایبەتی لە کوردستان. هۆکاری سەرەکی ناهوشیار کۆمەڵگا ونەبوونی سیستێمی پەروەردە بەگشتی وزاڵ بوونی سیستەمی دێکتاوری بنەماڵەیە بۆیەش ناڵێم پێاو سالاری ڕەنگە لەگەڵ ئەوبابەتە دا زۆر کۆک نەبم بەتەنیا.

ڕاوێژ: بابەتێکیتر کە لەو ماوەیەدا لە ئێران زۆر باسی لیوە دەکرێ، خۆکوشتنی منداڵانە، لە یەک حەوتوودا تەنیا لە شنۆ ٢ منداڵ خۆیان کوشت. ڕاتان وایە هۆکارە کانی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

خزری: وتم کە یەکەم هۆکار نەبونی وشیاری کۆمەڵایەتی و سیستێمی سەقەتی پەروردەیە. وەک ئەبینین ئەمڕۆ بەهۆی هەبوونی دونیایی مەجازی و فیلمی نابەرپرسانە و نەبوونی وشیاری خێزانی هۆکارێکی زەق و

ئێقباڵ شادی
ئێقباڵ شادی

بەرچاون. لەبەرئەوەی دایک وباوک بەوهۆیانەی باسم کردن گرنگی بە منداڵ نادەن وزۆر ومناڵ لەئێستا دا بەزۆری خۆڕسک پەروەردە ئەبێت. دایک وباوک لەبەر ئاسوودەیی خۆیان کەرەسەو ئیمکاناتێکی زۆریان بەبێ چاودێری داوەتە دەست منداڵکانیان وشاهیدی دەیان کلیپی نەشیاوین و لەسەرئازاردانی مناڵ ئەبینین کە پێ ئەچێت ئاسوودەیی دایکو باوکی تێکدا بێت. ئامارێکی تریش ئەمڕۆ کە لە ئارادایە، ڕێژەی هاوژینی واتا ژیانیهاوبەش بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزیوتە خوارو  تا ئاستی چواردە ساڵ هاتووە.

ڕاوێژ: با بچینەوە سەر خۆکوشتن، ڕێژەی خۆکوشتن یەکجار زۆر بووە، ڕۆژ نیە هەواڵێک بڵاو نەبێتەوە لەمبارەوە، لە حەوتووی رابردودا لە سەقز، دوو کەس خۆیان کوشت لە کرماشان بە پێی ئامارە ڕەسمیەکان لە ١٠٠ کەس، ٨ کەس خۆی دەکوژێ. ئێوە چۆنی خەسارناسی دەکەن؟

خزری: ئەوئامارانە ڕەنگە لەوەش زیاتربن بەداخەوە، هۆکاری یەکەم ناهوشیاری تاکە کەسەکانە کە وەک ڕێگاچارە بەکاری دێنن، هۆکاری دووهەم دابەزین و کێشەی ئابووریە کە کێشەی خێزانی لێ دەکەوێتە. سێیەم کێشەی کۆمەڵایەتی وەک خۆشەویستی  ونابەدڵی وخیانەت. چوارم بەکارهێنای مادە ڕەوانگەردانە کان و تووشبوون بە مادەی هۆشبەر.

ڕاوێژ: هەندێک کەس هۆکاری خۆکوژیی ژنان دەگەڕێننەوە بۆ سەر کەلتور و یاسا، کەلتوور و یاسایەک کە لە ئیسلامەوە هەڵقووڵاوە، لە ئیسلامدا مافی ژن (بە پێی قسەی ئەوان) بوونی نیە، پیاوێک دەتوانی چوار ژن بێنێ، لە ژنەکەی بدات، بە دڵی خۆی بە شووی بدات و تەنانەت بۆ رەنگی جلەکانیشی دەتوانی زۆرەملی بکات، ئێوە لەمبارەوە چۆن دەفکرن؟

خزری: ئەڵبەتە خۆتێهەڵقووتاندنی ئایین ڕاستە هەیە بەڵام لەهەندێک جێگادا بونەتە هۆکار بەڵام بەگشتی نا. لەبەر ئەوەی لە زۆربەی کێشەکاندا لە ئەمڕۆدا دین هیچ دەخالەتی نیە، زۆربەی ژنان ئەمڕۆ بەئازادی خۆیان ژیان پێکدێنن بەڵام هۆکاری سەرکەوتوو نەبوونیان کۆمەڵێک شتی تری لەپشتە. لەپشت سەری دووژنی وسێ ژنی دا، ژنێکی کەیە دێتە ژیانی ژنێکی دیکەوە. ڕاستە لەئایین دا ئەم بابەتە هەیە بەڵام خۆ زۆرەملی تێدا نیە. من خۆم چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئەوەم بینی ژنێک کە لەژیانیدا سەرکەوتونەبوو تەڵاق درابوو بۆژیانی داهاتوی دەیویست ژیانی ژنێکی دیکە تێک بدات نە نوێژیشی دەکرد نەڕۆژوی دەگرت، ئەوە ناهوشیاری پەروردەییە. بۆیە هەموو هۆکارەکان ئایین نین. ڕەنگە ژنێکێ ئازادی سکۆلاریش خیانەت بکات، ئەوە نابێتە هۆی ئەوبلێن تەنیا ئایین پاڵنەرە.

ڕاوێژ: بێ گومان خۆ کوشتن یەکێک لە هەوڵەکانی مرۆڤەکانە بۆ ڕزگار بوون لەو ناخۆشیانە بەرۆکی کۆمەڵگای گرتوەتەوە روو کردنە بە کارهێنانی مادە هۆشبەرەکان و …… ئەمانەش هەمووی دەرهاویشتەی ئەو حاڵەتەیە زاڵە بە سەر کۆمەڵگادا پێشنیار یا ڕێکارێک کە بتوانت ئەم نەهامەتیانە کەم کاتەوە چۆن و بە چ شێوەیەک دەکرێت؟

خزری: یەکەم ڕێگاچارە دروست کردنی سیستێمی پەروردەیە. دووهەم هۆشیار کردنەوەی کۆڵگایە لەئاست بەکارهێنانی مادە هۆش بەرەکانە، ڕەنگە کاری بۆ کرابێ بەڵام هەنگاوی جیددی تا ئێستاش بۆ نەنرابێ. سێیەم هۆشیاری دانە بە کۆمەڵگا لەمەڕ بەکارهێنانی دونیای مەجازی و کۆمەڵێک فیلمی بێ بنەماو دژ بە کۆمەڵگای کوردی بەتایبەت ئەگەر ئاگاداڕبوبێتن لە ساڵی نەودی هەتاوییەوە تەنیا لە پارێزگای سنە ئاماری تەڵاق گەیشتە لوتکە ،یەکەم هۆکار کە ڕاگەیێندرا ئەو فیلمانە بوون کە لە چەند کاناڵی تورکی وفارسی  بڵاو دەکرانەوە. کۆمەڵگای کوردی میدیاو ڕاگایاندنەکان، هێندەی گرنگیان داوە بە سیاسەت، گرنگیان نەداوەتە پەروەردە و ڕاهێنان  و کاریان بۆ نەکردووە. لە شاری چەمچەماڵ پاەکە قوتابیەک ماموستاکەی خۆی کوشت، تەمەنی حەڤدە ساڵ بوو لەبەر ئەوەی لەڕێگەی فیسبوکەوە لەگەڵ هاوسەری مامۆستاکە تێکەڵ ببوو، ئەو ناهۆشیاری کۆمەڵگایە لەمەڕ بەکارهێنانی کەرستەکان. گەنجێک تا ئەو ڕادەیە زاڵیەتی سێکسی بەسەری دا زاڵ ئەبێت کە مرۆڤێک بکوژێت.

ئەگەر دەرفەت هەبێت یک نمونە بێنمە:

لە چەند ڕۆژی ڕابرودوودا منداڵێکی هەشت ساڵانە بەهۆی موحبەتی زۆری کچێکی خوێندکاری خزمی خۆم پێی گیرۆدە ببوو، ک ئەومنداڵە بەهۆی چاولێکەری فیلمە تورکیەکانەوە بانگی دەکرد عشقم وماچی بۆ فڕێ ئەدا، ئێوارەیەک دەچیتە ماڵەوە داواە لە بنەماڵکەی دەکات چیتان ئەوێ بۆی ئەکەم کچەکەتانم بدەنێ، ئەو منداڵە وەهای لێ هاتبوو سەری خۆی لە عەرز دەدا کە ئەیانوت مناڵە ئێستا تووشی کێشە بووە، دە ی وت نەمدەنێ خۆم دەکوژم.

یەکێ تریش لە کێشەکان چاولێکەرییە، ڕاستە کۆمەڵگا تووشی هاتووە، کەس هەیە بۆ کێبەرکێی کراسێک خیانەت دەکات دواتر کە پێ ئەزانن یان دەکوژرێ یان خۆی ئەکوژێ، ئەوەش بۆتە کێشەیەکی گەورە کە زۆرترر تووشی خانمان هاتووە.

ڕاوێژ: یەکێک لە کاربەدەستانی حکوومەت هۆکاری خۆکوژی بە بەرچاوتەنگی و هۆگری بێ هۆ بە شتە کلتوورییە ناوچەییەکانەوە دەبەستێتەوە ئەم لێدوانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

خزری: ئەوەش بەشێکی ڕاستە، ببورن من پێشتر دوای نموونەکە جوابم داوە، زۆربەی کێشەی خۆکوژییەکان بەداخەوە کۆمەڵایەتین وەک شووکردن و ژن هێناو یانە بەشێکیش ئابوورین بەشێکی دیکەشی کە ئاماژەم پێکرد، چاو لێکەری ومۆد و مۆدبازییە کە کێشەیەکی گەورەی بەتایبەت بۆخانمان درووست کردووە.

ڕاوێژ: با قەیرانی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا تەنیا و تەنیا لە خۆکوژیدا نەبینینەوە مەبەست ئەوەیە کە قەیرانی کۆمەڵایەتی لەو شوێنە جوغرافیەدا کە بە ئێران ناسراوە قووڵتر لە خۆکوشتنە تەنیا، ئایا پێتان وایە قەیرانی کۆمەڵایەتی لە ئارا دایە؟ ئەگەر هەیە چۆنە؟ ڕۆڵی حکوومەت و کاربەدەستانی حکوومی لەو قەیرانەدا چیە ؟ ئایا ڕێگر بوونە یا خود ڕێخوشکەرن؟

خزری: ڕاستە کێشە کۆمەڵایەتیەکان تەنیا خۆ کوشتن نیە، نەبونی سیستەمێکی پەرودەی تۆکمەو کارا یەکێکە لە هۆکارەکانی درووست بوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان کە لێرەدا بە بۆچوونی من دەسەڵات هیچ گرنگی پێ نەداوە. لە وڵاتێکێ وەک ژاپۆن لەخوێندنگایەکدا چەندین کاروچالاکی هەیە بۆنمونە هیچ خوێندنگایەک بێ مەلەوانگە نیە، هۆڵێ وەرزشی تایبەت بە هەموو بوارەکان هەیە. لەسیستێمی پەروەردەی ئێمەدا لە خوێندنگاکاندا سیم کارت وموبایل و میمۆری و فیلمی ناشیرین وکۆمەڵێک شتی تربونەتە سەرگەرمیی  بێ چاودێری. من هیوادارم لایەنی پەروردە زیاتر گرنگی پێبدرێ هێندەی باسی بێ بنەما، ڕۆژانە لەمیدیا کوردیەکاندا دێنە ئاراوە کەلێنکیش بڕەخسێنن بۆ پەروردە

ڕاوێژ: پرسیاری بەڕێزێک: ئەمڕۆ لەو هەلومەرجە ئابورییە شپرزە و سیاسەتی کپ  کردنەدا و لەو کۆمەڵگا نەخۆشەدا، لاوێک یان پیاوێک کە شەشدەری لێگیراوە یان ژنێک کە هیچ ڕێگە دەربازێک شک نابات خۆکوشتن نەبێت، ئێوە چ ڕێگایەکی تری بۆ پێشنیار دەکەن؟ بۆچی تەنیا لە ڕوداوەکان دەکۆڵنەوە، بۆچی ڕێگە چارەی ئەو کێشانە باس ناکەن؟وەکو خۆم ئەزموونم کردوە ئەو کەسانە زۆر بەدوای یارمەتیدەرێکدا  دەگەڕێن زۆریشیان پێخۆشە کەسێک پاشگەزیان بکاتەوە، تکایە لەم بوارەدا شیکاری بکەن.

خزری: بەڕێزم پێ دەچێت هەموو کەس بکەوێتە ئاستەنگەوە و کێشەی بۆ درووست بێت ئا ئەمە چارەسەری کێشەکان دەکات بەتایبەت بۆ ئەوانەی کە خێزاندارن، ئێمە دەبێت بێین کار لەسەر ئەم بابەتە بکەین، بۆ هەر کێشەیەک یەکەم هۆکارەکەی بزانین، دووهەم ڕێگاچارەی بودانێین. بەپێی کێشەکان، چارەسەرەکانیش جیاوازن. من وەک خۆم لەساڵانی ۷۷تا٨۱ی هەتاوی کۆمەڵەیەکی خێزانیمان پێکهێنا کە تێیدا زۆر سەرکەوتوو بووین دەیان کێشەمان چارەسەر کرد بەبێ دەست تێوەردانی دەسەڵات، بۆبەشی ئابوریش بەهەمان شێوە دەکرێت کار بکرێت بۆمنمونە لەباشوور خەڵک لەنێو خۆیان دەهاتن کارێکی وەک پێ انی قەرزی دیاری کراویان دەکرد لە نێو خۆیاندا،جیا لەوەش کەمپەینی خۆڕسک پێک بێنین بۆ فێرکردن، پەروەردە و ڕاهێنان لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە هەمان شێوەی شێعر و گۆرانی و موزیک، داستان و ڕۆمان و بابەتگەلی تر کە کاتی زۆریان بو دابین دەکرێت. بە بۆچونی من لەم ڕێگایانەوە زۆر کێشە چارەسەر دەکرێت.

ڕاوێژ: یەک تێبینی کاک مەنسوور: خەڵکی باشوور لەسەر داهاتی دیاریکراو ئەو هاوکاریانەیان پێکدەهێنا لەوانەیە لە خۆرهەڵات ئەو دەرفەتە نەبێت.

خزری: لەکۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی نیشتمان دەرفەتی ئابووری هەن لە باشووریش پێدەچێت باشتر بێت، ئەوەی من دەیبینم وەک کەسێکی نێو ئەم کۆمەڵگایە داخوازییەکانی خەڵک یەکجار گەورەبونەتەوە کە یەکێک لە سەرەکیترین کێشە کۆمەڵایەتییەکانە لە ڕۆژهەڵات بۆ نمونە خانمێک بۆ ڕێ و ڕەسمی دەزگیرانەتی و مارەبڕانی خزمێک کەسێکی دەبێت کراسێکی تازەی هەبێت کە بۆ زەماوندەکەی لەبەری ناکاتەوە ئەوی دەبێت دوبارە تازە بێت دستماڵێکی سەر کراسێک چوارسەد هەزار تمەنە خانمێک کە دراوسێکەی دەیکات و توانایی هەیە ئەویتر نیەتی یان کێشەی خێزانی دەنێتەوە یان بۆ بەدست هێنانی خیانەت ئەکات، پیاوێک لە ڕۆژهەڵات بۆ لابردنی خەمەکانی سەدووبیست هەزار دەداتە شوشەیە مەی پازدە هەزار دەداتە بیرەیەک، شەش هەزار دەداتە جگەرە بۆناکرێت لەمانە کەم بکرێتەوە. کەشتی لەمبابەتەوە زێدەڕۆیان یەکجار زۆرن و کشیە هیچ ئاستی ئابووری بنەماڵش وێران دەکات. هۆکاری کێشەی خۆ کوشتن لەکۆمەڵگای کوردیدا جیاوازن.

ڕاوێژ: بەڕێزتان دەڵێن، دەرەنجامی نەبوونی سیستەمێکی پەروددەی باش و ناوشیاری کۆمەڵگاو خێزان و تاکە کەسەکان ئەم ڕوداوە نەخوازراونە دێننە ئاراوە، بەڵام بە بڕوای ئێوه ئەو وتەیه تیۆرییەک نیه لەسەر ئەو بابەته؟ بو ڕوون کردنەوەی ئەو کێشەیه  وا باشتر نیه کەسێک پرسیار له بنەماڵەکانیان بکا؟ یان بۆ ئەوەی که کێشەی خەکوژی شی بکەینەوه باسی سیاسی و جیاوازی چینایەتی و زمان و نەتەوە بخەینه پێش چاو؟

خزری : سەبارەت بە پرسیار لە بنەماڵەی قوربانیان من وەک خۆم بەڕاستی پرسیارو لکۆڵینەوەم لەو بابەتانە کردووە، کەس و کاری قوربانیەکانم دواندوە، بەشێکی زۆریان کێشەی خۆشەویستی، خیانەت کردن کە دەرئەنجامی خراپی لێکەوتۆتەوە کە ئەمانە بەزۆری کێشەی کۆمەڵایەتیان لەپشت بووە. بۆ نمونە چەند ساڵ لەمەوبەر کچێک بەناوی ئارەوز و کوڕێک بەناوی ئومید، لەشاری ڕەبەت بەهۆی کێشەی دوو ئافرەت کە دایکی کچەکەو کوڕەکە بوون ئارەزو خۆی سووتاند و لە ورمێ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا، میودی لە هەمان ژووری مەرگی ئارەزوو خۆی فڕێدا خوارەوە. لە بانە پارەکە بەهۆی گومانی خیانەت ئامۆزایەک، ئامۆزاکەی خۆی لەبازاڕی کەوشفرۆشەکان کوشت. دیارە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هەمان جیاوازی چینایەتی واتە سەرمایەدارو  هەژاران کە ڕێشەیەکی قوڵ و مێژوی هەیە و ڕاستە. لە ڕوانگەی سیاسیەوە ئەوە کە دەبوو بیکات، دەسەڵات هێنانە ئارای سیستەمی پەروەردوەیی باش و کونجاوە لەسەر ئاستی کلتوری نەتەوەکان کە نەیکردووە و ناشی کات.

ڕاوێژ: لە بەشێکی بەرچاو لە وڵامەکانتان باستان لە نەبوونی وشیاریی کۆمەڵایەتی و سیستەمی پەروەردەی درووست کرد، لێرەدا تا چەند دەوڵەت تاوانبارە؟

خزری: سەدلەسەد دەسەڵات تاوانبارە لەبەر ئەوەی دەسەڵات نەسیستەمی پەروەردە بەپێی نەتەوەکان دابین دەکات و نە هۆشیاریەکی شیاو دەدرێتە کۆمەڵگا.

پرسیاری بەڕێزێک:

ڕاوێژ: ئێستا پرسیار ئەوەیه که ئایا جگه له ئەوەی که هەر له سەرەتاوه ئەو زوڵم و غەدرەی که لەلایەن بنەماڵەکان و دەورەبەرێکان بەرانبەر به کەسایەتێکەوه کراوه له نێو کۆمەڵگای وڵاتی خۆمان، بەتایبەت بەشی خۆرهەڵات که هەروەکو باوێک بوو و بوەته هۆی ئەو ناکۆکیانه و هەروا درێژەی هەیەو ئەو بەشەش که زۆر لەمێژه بەدەسته و هیچ دەڵاقەیەکی بۆ دابڕانی لەو بارودۆخەوه نیه، یان باشتر بڵێم لەچاو وڵاتانی تر شتێکی وای گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووه و هەروا ئاستەنگێکی سەختی لەسەره، دەتوانین بڵێین تا چەندیک کاریگەری لەسەره بۆ ئەو بارودوخه؟

خزری: بەبۆچونی من نابێت تاکە هوشیارەکانی کۆمەڵگا دەست بخەنە سەر دەست کۆمەڵگاش بەجێی گەڕان بە شووێن دوژمنی خیاڵی دەبێت دست بخەنە نێو دەستی یەک و هەنگاوی تۆکمەو جیددی بنێن. من پێم وایە ئەوەندەی شەوەشێعرو کۆڕی داستان و باسێ بێ بنەما، کۆڕی مۆسیقی و دەیان شتی تر دەگرین، هەوڵ بدەین کەسە پسپۆڕ و شارەزا بەتواناکانی کۆمەڵناسیو دەروونناسی بانگهێشت بکرێن بۆ ڕوون کردنەوەو وشیارکردنەوەی کۆڵگا هوشیار کردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا، ئەوەی تا ئێستا گرنگی پێنەدراوە پەروەردە و وشیاری کۆمەڵگایە.

ئایا لەخۆمان پرسیوە منداڵ تا تەمەنی شەش ساڵی لە کوێ پەروەردە کراوە؟ تا ئێستا بیرمان کردۆتەوە، جیا نەکردنەوەی ژووری هاوژینەکان و خەوتن لە ژووری منداڵەکانیان چ کاریگەرییەکی نەرێنی هەیە لەسەر منداڵ؟ دوسەدوسی کلیپی خیانەتم دیوە، ژن و پیاوان لەبەر چاوی منداڵەکانیان پەیوەندی سێکسی دەکەن، بیرمان کردۆتەوە ئەو منداڵە لە کاتی گەوربووندا چی بەسەر دێت؟ ئەو فیلمانەی کە بێ بنەما و دژ بە کلتوری ئێمەن چ وێرانکاریەکی کردووە؟

ڕاوێژ: ئاستی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان بە گشتی لە خۆرهەڵاتی کوردستان لەبەراورد لەگەڵ نێونجیی ئێران چۆن هەڵدەدەنگێنن؟

خزری: خەسارەکان لە ڕۆژهەڵات لە بەراورد لەگەڵ خودی ئێران زیاترن، هەرچەند ئەوانیش هەمان کێشەیان هەیە، لەلای خۆمان زیاترە و تەنیا ناگەڕێینەوە سەر خۆکۆشتن، ئاسەوارەکانی کۆمەڵێک خەساری تری بەشوێنەوەیە.

ڕاوێژ: بە بڕوای من، بەڕێزت زۆربەی هۆکارەکان لە شتانێکی سادەدا لێکدەدەنەوە ئایا بۆچی ژنێک تەمەن 18ساڵان کە دوو مانگی ڕێک هاوسەرەکەی بۆ بژێوی ژیانی مەجبوورە ڕوو لە باشوور بکات و ئەم دەبێت بچێتە ماڵی باوکی و زۆرینەیشیان بەتەنیا لەماڵن و تووشی پێکهێنانی پێوەندی جنسی لەگەڵ کەسێکی تر دەبن و دواتر ئەمە ژنەکەیە دەبێت بکوژرێت و تاوان بدات و ناوی دەنێن خیانەت (بەڕای ئێوە ئەمە خیانەتە و حەق نادەن بەم ژنە کاری وا بکات) ئەمە مەسەلەی ئابووری نییە چییە؟ بۆ دەبێت ئەم پیاوە بنەماڵەی بۆ دوو مانگ و زیاتریش جێبهێڵێت؟

خزری: من هیچ کام لەهۆکارەکان بەشتێکی ساکار نازانم هەرکامیان هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە و گرنگن، و بەڕای من خیانەت لەلای هەردوک ڕەگەز هەیە، ئەوانەش بۆ کار کردن کە دەچنە باشور یان شوێنێکی تر هەمان خیانەت بەشێوەگەلی جۆراوجۆر ئەنجام ئەدەن، من خۆم ئەزموونی چوار ساڵ کارکردنم هەیە لەوێ زۆریش شارەزام لە کلتوری باشوور. گەنجێک کە لە باشور کاردەکات داهاتەکەی ناکاتە ئەو داهاتەی لە ڕۆژهەڵات سەرەڕای گرفتەکان بەدەستی دێنێ، بەهۆی خەرجی ئەنترنێت و خواردنەوە ئاڵکۆڵیەکان، ئەتوانم بەڕێژەی زۆر پەنجە بخەمە سەر شوێنی نیشتەجێبونی کرێکارەکانیش  بۆیە لای من خیانەت خیانەتە و جیاوزی ڕەگەزی نیە.

ڕاوێژ: ڕۆڵی چالاکانی مەدەنی لە کەمکردنەوەی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان چۆن دەبینن و چالاکانی کورد لەو بارەوە تا چەندە سەرکەوتوو بوونە؟

خزری: بەداخەوە زۆرزۆریش بەداخەوە، هیچ چالاکێکی مەدەنیمان نیە لەسەر ئەم بابەتە کاریان کردبێت جگە لە هەندێک ناوەند وەک بێهزیستی و چەند کەسانێک لەبواری درونناسی کە ئەویش جۆرێک بازرگانی پێوە دەکرێت و لە هەندێک جاریش تەنانەت کەڵکاژۆ بەتایبەتی  لە ئافرەت وەرگیراوە. ئەوەی من دەی بینم، چالاکانی مەدەنی هیچ ڕۆڵێکیان نیە. بۆیە بەقەرا یەک زەڕە کاری بۆ نەکراوە، لەکاتێکدا چالاکانی مەدنی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بۆ نمونە وەک ژینگەپارێزی، زمان، ئەنجومەنی ئەدەبی، فێرکاری، موسیقی ودەیان شتی تر چالاکن، لەکاتێکدا کە  مرۆڤ ئاسوودە نەبوو ئەوانە چ دەورێکیان هەیە بۆ بەختەوەری کۆمەڵگا.

ڕاوێژ :ئایا بێهزیستی یان ئەو دەزگایانەی کە باس دەکرێت خاوەن بەرنامەیەکی دیار و کاریگەرن یا نە بەستراوەتەوە بە ئەو کەسەی ئەو کارەی پێ دەسپێردرێت؟ واتە لێرەش هەر ئەو حاڵەتە کلتووریە بەرچاوە لە بەرنامەیەکی داڕێژراوی دیار کە ویستی حکوومەتی بۆ کەمکردنەوەی ئەو حاڵەتانە تێدا ببینرێت؟

خزری: لەڕاستی دا بێهزیستی لەو بوارەوە خاوەن پلانە بەڵام بهێزیستی بەستراوە بە ڕووتێکردنی کەسەکان، تەنانەت لەوێ ماشێنی فریاگوزاری و بەشوێن داچونیشیان هەیە و ئەوانەش کە ئەرکیان پێ سپێردراوە خاوەن بڕوانامەن و بەپلان بەڵام لەهەندێک حاڵەتیش دا کەسە دیاریکراو پسپۆڕە کانیش لەوە کە هەڵقوڵاوی ئەم کلتورە نالەبارەن وەک گوتم کەڵکاژۆیان لەشوێن و کاری خۆیان وەرگرتووە. شتێکی تریش کە دەبێت بۆتان باسکەم ناهۆشیاری کۆڵگاش هەیە کە ناتوانێت کەڵک لەم شوێنانە وەر بگرێت. دەتوانم بڵێم دەورێکی ئەرێنیان هەیە.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕییەک وەک خۆی: یەک لە مەبەستەکانی من بۆ سادە لێکدانەوەیان ئەوەیە کە دەڵێن زۆرینەی هۆکاری نەگەیشتنی بەیەکی ئەو دوو کەسەن کە یەکتریان خۆش دەوێت و لەمپەریان بۆ دادەنێن لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە زۆربەی هەرە زۆری بناماڵەکان لە خوایان تەڵەبەبە کوڕ و کچکانیان بتوانن ژیانێک لە ڕێگای خۆشەویستییەوە پێک بێنن بەڵام لەمپەرەکانی ترن ڕێگەی ئەم کارە دەگرن وەکوو نەبوون کار و ….

خزری: لە ڕاستیدا وا نیە، کەمترین خێزانی کورد هەیە بەتایبەت بنەماڵەی کچ ڕازی بن بەوەی کە کچەکەیان پێش ژیانی هاوبەش، خۆشەویستی بکات تەنانەت توشی ئازارێکی زۆر دەبێتەوە. لەم یک مانگەدا سێزدە حاڵەتی وام بینیوە لەناوچەی سەردەشت و ڕەبەت و بانە کە تەنانەت مەترسی کوشتنیان لەسەر بووە.

کچێکی خۆێندکارێک کە پێوەندی لەگەڵ کوڕێکی کرماشانی بوو برایەکی لیسانسی زیستە و براکەی تری فەوقە لیسانسی بیرکاری، پاش چەندین جار لێدان و ئازاردان بەنێو بژیوانی دەیان کەس تا توانیان هاوژینی پێک بێنن، بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێم کە مترین بنەماڵە بەوە ڕازیە، دەیان کەسی لەسەر کوژراوە بە ئاماروە نەک بە پێی گومان و قسەی بازاڕی.

ڕاوێژ: هۆکارەکانی خۆکوشتن یان کێشە کۆمەڵایەتییەکان دابەش دەبن بە سێ دەستەی ورد، ناوەند و گەورە (خورد، میانی ، کلان) ئەوەی هەرە گەورەیە باری ئابووری و ژیانە، پەروەردە مامناوەندە و کێشەکانی تر ورد، چۆنە جەنابت زیاتر پێداگری لەسەر ئەوانەی یەکەم و دووهەم دەکەی و دەوری دەوڵەت دەشارنەوە؟ پەروەردە هەر دەوڵەتە، بواری ئابووری دەوڵەتە.

خزری: من کەمتەرخەمی و بێ باکی دوڵەت ناشارمەوە، بە هۆی ئەوەی هەموو دەزانین ڕۆڵی دەوڵەت ڕۆڵێکی نەرێنیە بەراستی، یەکەم هۆکاریش من بە کێشەی پەروەردە ئەبینم، ئەو دووانەی تر کاردانەوەی نەبوونی پەروەدەی خێزانی و نەبونی سیستەمی پەروەدەی دەسەڵاتە.

ڕاوێژ: بەرێزتان لە کۆی باسی ئەو سێ شەوەدا زۆر پێداگریتان لەسەر پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوە و سمینار لەمەڕ پەروەردەی بنەماڵەیی کرد، بەڵام لێرەدا باسی دانی مۆڵەت  و مجەویزە، دەوڵەت لە زۆربەی شارەکان بە بیانووی جیاواز پێشی بەو مۆڵەتدانە گرتووە، بڵێی هۆکار چی بی کە دەوڵەتێک خوازیاری چاکسازیی کۆمەڵایەتی نەبێ؟

خزری: کاکە هاوتا من وەک ئەزموونی خۆم لەم بارەوە تا ئێستا هیچ کێشەو ئاستەنگم بۆ درووست نەبوە لەمەڕ کێشەی کۆمەڵایەتی کەمن لە ساڵی ۷۷تاساڵی ٨۲ کۆمەڵێک کاری خۆرسکیمان کردووە، تا ئێستا نامهەوێت ناوبێنم ڕووم لەچەندین کەس ناوە کە وەشوێن مۆڵەت گرتن بکەوین بۆ ئەم کارە نەیان کردووە بەهۆی ئەوەی کێشەی “کات”یان هەیە لەبەر ئەوەی دەبێت ئەو کەسە کە دەبێتە بەرپرس خاوەن بڕوانامەی کۆمەڵناسی یان دەرونناسی بن و تەنیا یەک یان دوو کەس ئەندام بن وەک ڕیش سپی و شارەزای کۆمەڵایەتی. من هەمووی ناگەڕێنمەوە بۆ دەسەڵات لێرەدا نەک وەک پاساو بۆ حکومەت.

ڕاوێژ: دەوری ئێعدامە بەر بلاوەکان و ئێعدام لە پێش چاوی خەڵک لە زیاد بوونی خۆکوژییەکاندا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

خزری: ئەویش دەوری خۆی هەیە لەسەر هەندێک بابەت کە لەبواری دەروونناسیەوە کاری بۆ کراوە. لە ساڵی ڕابردوودا کارەساتێکی لەم جۆرەمان دی کە منداڵێک، منداڵیکی تری خنکاند بە هەمان شێوەی ئێعدام کردن (لەدار دان)، وابزانم لە پارێزگای شیراز بوو، هەرچەند باش ئێستا لە بیرم نەماوە چۆنیەتی وردی پێشهاتەکە بەڵام شایەد دەیان کارەساتی نەرێنی هاتۆتە پێش، هەبووە مناڵێک بووکەڵەکەی خۆی سەردە بڕی و زۆر لەم هاوشێوانە هەیە، ڕاستە ئەویش کاریگەری نەرێنی هەیە.

ڕاوێژ: بە سەرنجدان بە دۆخی ئێستا و کێشە کۆمەڵایەتییەکان، لاتان وایە کام کێشە دەبێ سەرەتا چارەسەر بکرێ و بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک دایکی کێشەکان ناوزەدی دەکەن؟

خزری: نەک لەلای من، بەڵکو لە هەموو دونیا دایکی هەموو کێشەکان بە نەبوونی پەروەردەی بنەماڵە، دووهەم پەروەردە لەسیستەمی حکومەتی دا لەمەڕ ئاستی پەروەردەی خوێندکاری وپلانی تۆکمە لەپەروەردە دا.

ڕاوێژ: پرسیاری بەڕێزێک: (پێم پێشتر وایە باس کراوە) : یاساکانی دەوڵەت بەرانبەر بە ژنان و کەمترخەمی و نەبوونی هیچ مافێک بۆ ژن، واته ئاستەنگ کردنی ژن  و ئەو ئاستەنگ کردنه لە کۆتایی دا بۆته نەگۆڕانی بیرو بڕواکان، پێشکەوتویی و گەش بینیەکانی کۆمەڵگا بەرانبەر به کێشەکان و نەگۆڕانی بیروبڕواکان له کۆتایی دا هۆکاری ئەو هەموو گیروگرفته گەورانه، بەڕای ئێوه کاریگەری ڕاستەوخوی نیه؟

خزری: هاوڕێ ئازیز من وتم؛ ڕۆڵی دەسەڵات دیارە و نکۆڵی لێ ناکرێت. ناشکرێت بۆ هەر هۆکارێک بەشوێن دوژمنێکی فەڕزی دا بگەڕێین .. کەوابوو ئەرکی ئێمە چیە لەم نێوەندەدا؟ من وەک باوک، هاوژینم وەک دایک چ ئەرکێکمان بەرانبەر مناڵەکەمان هەیە؟ بۆچی ئێمە ئەم شتە بکەینە کلتور وەک خزمانی باشوور بۆهەر مەبەست وخەسارێک تاوبدەینە ملی حکومەت؟ ئەوەی کۆمەڵگا تێیدا قەتیس ماوە بڕوانەبوون بەتواناییەکانی خۆیەتی.

بامن ئەم نمونەیە بێنمەوە..

پێاوێکی مەسیحی دەڵێت من سەرەتا کە بووم بەپیاوی ئایینی ویستم دونیا بگۆڕم نەمتوانی، وتم نیوەی نەبوو ویستم چەند وڵاتێک نەبوو تادێتە وڵاتەکەی خۆی و شارو گەڕەک وخزم و خێزان لە کۆتاییدا دەڵی بیرم کردوە ئەگەر خۆم خۆمم بگۆڕیایە دونیا دەگۆڕا.

 بۆچی ئێمە هەرکام لە خۆمانەوە دست پێنەکەین بۆچاوەڕێی ئەم و ئەوبین؟ کورد واتەنی تێکوشین بە هیوای دراوسێ هەر وشک دەردەچێت

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.