وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ لەگەڵ هاوار بازیان لەسەر پرسی یەکگرتنەوەی دوو باڵی دێموکرات

0
1997

خوێنەری هێژا

بابەتی بەردەستتوتووێژی گەورەژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی تلێگرام کە لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی لەسەر پرسی “یەکگرتنەوەی دوو باڵی دێموکرات و کۆسپەکانی”، لەگەڵ بەڕێز هاوار بازیان، ڕاگەیێندکار و چالاکی سیاسی، بە پێشکەشکاریی ئاژوان ڕۆژهەڵاتی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی گەورەژووری ڕاوێژ ئەنجام دراوە.

هاوار بازیان
هاوار بازیان

ڕاوێژ:سەرەتا بەخێر هاتنتان دەکەم. ئەرک نەبێ خۆتان بۆ ئەندامانی گەورەژووری ڕاوێژ باسێنن.

بازیان: من ناوم هاوار بازیانە، کاری ڕاگەیاندن دەکەم و بەپێی توانا چاودێریی ڕووداوەکانی کوردستانم کردووە، وەک کاری سەرەکییش مامۆستای زمانی ئینگلیزیم .

ڕاوێژ:  ئەگەر بە گشتی چاوێک بە مێژوی دابران وجیابونەوەی ناومالی دێمۆکرات دا بگێرن، هۆکارەکانی چی بون؟

بازیان: جیابوونەوە و دابڕانەکانی ناو دیموکرات مێژوویەکی دوور و هاوکات تاڵی هەیە کە بەداخەوە شوێنەواری هەبووە لەسەر باری دەروونی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵات هۆکارەکان زیاتر نەگونجانی ڕێبەرانی ئەو حیزبە بووە لەگەڵ یەکتری، بە پشتبەستن بە سەرجەم ٤ دابڕانە گەورەکەی مێژووی دیموکرات دەتوانم بڵێم بەزۆری هەر لەسەر سەلیقەی کەسەکان بووە نەک جیاوازیی ئایدیۆلۆژی .

راوێژ: بە درێژایی مێژوو زۆربەی جیابوونەوەکان، یەکگرتنەو و تێکەڵبوونەوەی بە دوای خۆیدا هێناوە بەڵام بەداخەوە تێکەڵبوونەوەکان ئاکامی دڵخوازیان نەپێکاوە و ئەمە جۆرێک لە سڵکردنەوەی لە هەمبەر تێکەڵبوونەوە دروست کردووە، هۆکار چیە کە، تێکەڵبوونەوە، زۆربەی جاران ئاکامی دڵخواز ناپێکێت و بە بڕوای ئێوە چی بکرێت پێچەوانە ئاکامی دڵخوازی لێ بەرهەم بهێنرێت؟

بازیان: تێکەڵبوونەوەکانی پێشووتر بۆیە سەرکەوتوو نەبوون چونکە لەسەر بنەمای هەستی کاتی بوون نەک لۆژیک و لێک تێگەیشتن، هەر بۆیە دیموکرات بەسەر نەخۆشیی لەتبوون و دابڕاندا زاڵ نەبوون. بۆ یەکگرتنەوەیەکی پتەو و سەرکەوتوو پێویستە ئاگایانە و بەپێی لێک تێگەیشتن هەنگاو بنێن و دوور بێن لە هەستە کاتییەکان.

راوێژ: سەرەکیترین هۆکاری دابڕان لە چیدا دەبێنن؟ بە گشتی ئایا بەرهەمی ناتێگەیشتووی کۆمەڵگایە کە ڕەنگدانەوەی لە ئەحزابێشدا دەربکەوێت یان نەبوونی بەرنامەیەکی تۆکمە و قەناعەت پێهێنەر لەلایەن ئەحزابەوەیە یان پابەندنەبوونی هێندێک کەسە بە بنەما شۆڕشگێڕیەکانەوە؟ ڕاڤەی بەڕێزتان لە سەر ئەم باسە چیە تکایە .

بازیان: دەتوانم لە چەند هۆکاری سەرەکیدا پۆلێنیان بکەم:

۱. لاوازیی ئەندامانی ڕێبەری و ڕێبەرایەتی لە چارەسەرکردنی جیاوازییەکانی نێوانیان بەشێوەیەکی سیاسی.

۲. نەبوونی گوشارێکی بەدەنەی حیزب کە بتوانێ ڕێگه بە ڕێبەران نەدات بە مەیلی خۆیان حیزبەکەیان لەت بکەن.

۳. دووربوون لە خەڵک و ڕۆژهەڵات، دەرفەتی ئەوەی بە ڕێبەرانی ناڕازی بەخشیوە کە هەرکات ویستان، بێ باکانە لە ڕای گشتی دەست بە لەتکردنی حیزب ببەن.

٤. دەتوانم بڵێم دەسەڵاتخوازیی ناو حیزبێش هۆیەکی دیکەیە و حاشای لێناکرێ.

ڕاوێژ: جەنابت ئەندامی حدك ـن، وەک ئەندامێکی ئەو حیزبە کە هەڵوێستەکانتان زیاتر یەکگرتووخوازانە و بێ لایەنە، تا چەند لە ناو حیزبەکەتان، بەستێن بۆ یەکگرتنەوە هەموار دەبێنن؟

بازیان: بەبوونی خالید عەزیزی، هیوایەکی زۆر و بەستێنێکی باشم بۆ سەرگرتنی ئەو پرسە دەبێنی و هەستم پێدەکرد و کاری باشی بۆ دەکرا، بەڵام بە دوورکەوتنەوەی عەزیزی پێموایە ئەو کارە ئەستەم دەبێ و پشتگوێ دەخرێ و دەرفەتی باش بەوانە دەدرێ کە بەرژەوەندییان لە دابڕندایە و تەنانەت ئەگەریش دیموکرات سەربگرێ وەک ئەوە وایە منداڵێک بەمردوویی لەدایک بێ.

ڕاوێژ: لە ئێستادا پرسی هەڵبژاردنەوەی سکرتێر، دوای کشانەوەی کاک خالید عەزیزی لە ئارا دایە، پێتان وا نیە بە سەرنجدان بەوەی کە هەوڵی یەکگرتنەوە پێشتر هەبوون و خەڵکیش داوای یەکگرتنەوە دەکا و حدکاش لە کۆنگرە نزیک دەبێتەوە، ئێستا بەڕاستی باشترین دەرفەت بێ بۆ ئەو کەسانەوەی کە بەڕاستی و نەک هەر لە قسەدا لایەنگری یەکگرتنەوەن؟

بازیان: کاتی کشانەوەی عەزیزی لە پۆستەکەی، زیانێکی کوشندەی بە پرسی یەکگرتنەوە گەیاند، بەتایبەت وەک باستان کرد کاتێکی گونجاوە کە حدکا بەرەو کۆنگرەیە و ڕای گشتی لەبارترە / پێموایە ئاسان نابێ کەسانێک بتوانن لە دەرەوەی حیزبدا کار بۆ ئەو پرسە بکەن، چونکە جۆرێک بێ متمانەیی گشتی دروست بووە لەوەی هیچ کام لە لایەنەکانی دیموکرات “بە ڕاستی مەیلی یەکگرتنەوەیان نییە “. ئەو پەیامە خەڵکی سارد کردووەتەوە و کشانەوەی سکرتێری حدک بەهەر بێانوویەک وایکردووە خەڵک هیوای یەکبوونیان دابەزیوە .

ڕاوێژ: بەڕای ئێوە چۆنە حدکا ئەو هەلەی نەقواستۆتەوە بۆ پێشنیاری یەکگرتنەوە و یەک کۆنگرەیی (کۆنگرەی هاوبەش) کە پێشتر باسی لێدەکرا؟

بازیان: کۆنگرەی هاوبەش  هیچ کات مەبەستی حدکا نەبووە، بەڵکوو حدکا داوای کۆنگرەیەکی دەکرد کە پێشتر ڕێکەوتنی لەسەر کرابێ و ئەو پرسە باسی سەردەمێک بوو کە حدک لە قۆناخێکی بەهێزتری ڕێکخستنی و سیاسیدا بوو، پێموایە حدک گرینگیی جارانی بۆ حدکا نەماوە بۆیە کەمتر باسی دانوستاندنیان لەگەڵ دەکەن .

راوێژ: دیارە لە حزبێکی دێمۆکرات خوازدا بێرو ڕای جیاواز بەشێکە لە دێمۆکراتی بونی ئەندامانی ئەو حیزبە بەڵام کاتێک لە دوای کۆنگرە دا جیابونەوە دێتە ئاراوە چیمان پێ دەسەلمێنێت پێتان وانیە بە شێوەیەک بێ ڕێزی بە دەنگدەران بێت؟

بازیان: بەڵێ، حیزبێ دیموکراتیش بەدەر نەبووە لەوەی دەست بۆ متمانە ئەندامانی خۆی ببات و پاش کۆنگرەی “دیموکراتیک” کاری “نادیموکرات” بکرێ. ئەگەر سەرنج بدەین، هەمیشە کۆنگرەکان بە چەپڵەڕێزان کۆتاییان هاتووە و ڕۆژی دواتری بەرنامەی دوور لە ناوەرۆکی کۆنگرە کاری بۆ کراوە.

راوێژ: چۆنه  حدک  باوه ڕی  به  گفتوگۆ  و  دانوستان  هه یه  له گه ڵ  ئێران  و له وانەیه  به  پەسەند کردنی  چەند  خاڵێک  له  داواکارییه کانیان  وه کوو  حیزبێکی  سیاسی  له  ناو  ئێران  بەپێی  یاساکانی  کۆماری  ئیسلامی،  چالاکییه کانیان  به ڕێوەبەڕن. که چی  پاشگری  ئێرانیان  له ناوی حیزبەکەیخۆیان  سڕیوەتەوه.  ئەمه  دژوازی نییه؟

بازیان: حدک سەرکەوتوو نەبووە لەوەی خەباتی فرەڕەهەند یان هەمەڕەهەند پیادە بکا، ئەگینا بەڵێ ئەوپەڕی پارادۆکس و دژبەرییە لەلایەکەوە وەک کوردی ڕۆژهەڵات باسی گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتێکی وەک کۆماری ئیسلامی بکەی و لەلایەکی دیکەوە کەس لەخۆت بە “کوردستانی تر” نەزانی. بەکورتی هەرکەس یان هێزێک بانگەشەی گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکات، نە خۆی ناسیوە و نە کۆماری ئیسلامی.

ڕاوێژ: کوتتان حدک، گرنگیی جارانی بۆ حدکا نەماوە، دەکرێ زیاتر شی بکەنەوە؟ هۆکار چیە؟

بازیان: پاش ئەوەی حدکا گۆڕانکارییەکی بنچینەیی لە سیاسەتی خۆی پێکهێنا و بە ڕەسمی بەرەنگاریکردنی کۆماری ئیسلامی زیندوو کردەوە، هاوکات حدک کەوتە ناو کێشە و مەشرووعییەتی سکرتێری تازە و هەروەها وڵام وەرنەگرتنەوەی حدک لە سیاسەتەکانی، وادەردەکەوت کە ئیتر حدکا هێزەکانی تری ڕۆژهەڵات بە هاوشان و هاوسیاسەتی خۆی نازانێ و بەرەو تاک ستراتیژییەتی ڕۆیشت کە هەمان دژایەتیی سەربازی و نوێکردنەوەی خەباتی چەکدارییە تەنانەت ئەگەر تەنیاش بێ.

راوێژ: هۆکار چیە لەم دۆخەدا یەکگرتنەوەی ناو ماڵی دێموکرات بە چڕی باسی لەسەر دەکرێ و ئێوە وەک هاورێیانی حدک تا چەند یەکگرتنەوە بە پێویست دەزانن؟

بازیان: یەکگرتنەوە ئەرکی هەر دیموکراتێکە، بەو مەرجەی تاکتیکی چەند کەسێک نەبێ بەڵکوو بۆ دروستکردنەوەی دیموکراتێکی بەهێز بۆ ڕۆژهەڵاتێکی پڕ لە گۆڕانکاری بێ .

راوێژ: بە گۆڕانی سکرتێری گشتیی حدک، پرسی یەکگرتنەوە چۆن ئەبێنن؟ ئایا ئەمە کەسانێکی لە پشت نیە کە ڕێگری لە دابەزاندنی ئیدۆلۆژێکانی حدک بکات؟

بازیان: گۆڕینی سکرتێری حدک، کێشەکان دەباتەوە یەکەم ڕۆژی پاش دابڕان! بەڵێ حدک و دەستکەوتەکانی دەکەونە مەترسی و کەسانی شیاو ئەو پۆستە پڕ ناکەنەوە، لە ئەنجامدا حدک بەرە پووکانەوەی سیاسی دەبات، وای دەبێنم .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت