وتووێژی تایبەتیی ڕۆژی کورد لەگەڵ “هێرۆ مەولوودی” براوەی خەڵاتی ناوەندی “ژیاو” بۆ ڕووماڵی هەواڵی بەرەکانی شەڕ

0
1117

لە شەشەمین فێستیڤاڵ بۆ خەڵاتی ڕۆژنامەنووسان، ناوەندی “ژیاو” ژمارەیەك ڕۆژنامەنووسی خەڵات كرد کە لە نێویاندا “ھێرۆ مەولودی” کچە ڕاگەیێندکاری کوردستانی ڕۆژهەڵات، وەك یەكەم كچە ڕۆژنامەنووس كە ڕووماڵی شەڕەكانی كردووە خەڵات كرا، بەو بۆنەوە ناوەندی ڕۆژی کورد، وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێزیان پێکهێناوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: بەڕێزتان خەڵاتی یەكەم كچی ڕۆژنامەنووس بۆ ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی بەرەکانی شەڕتان پێ بەخشرا، ئەگەر بکرێ سەرەتا باسێک لە خۆتان و کاری ڕاگەیاندنتان بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کورد بکەن و دواتریش باس لە هۆکاری وەرگرتنی خەڵاتەکە بکەن. ئەو خەڵاتە چیە و لە چ ڕوویەکەوە گرنگە؟!

مەولوودی: من هێرۆ مەولودی لە شاری بۆکان لە دایک بوم و دەرچوی بەشی کۆمەلناسیم .. ماوەی ١٢ ساڵە لە باشووری کوردستان دادەنیشم و هەر لەو کاتەوە تێکەڵی دونیای ڕاگەیاندن بووم و لە چەندین کەناڵی باشوور وەک بێژەر و پێشکەشکار کارم کردووە و ماوەی یەک ساڵە وەک پەیامنێر لە کەناڵی کوردستان ٢٤ کاری ئامادەکردنی ڕێپۆرتاژ و بەدواداچون بۆ هەواڵ دەکەم .لە ماوەی کارکردنم وەک پەیامنێر کە شەڕی داعش بەرۆکی کوردستانی گرتبوو، من زۆربەی کاتەکان دەچوومە سەنگەرەکان و ڕێپۆرتاژم ئامادە دەکرد بەڵام هەمووی دوای ئۆپراسیۆنەکان بوو… یانی لە کاتی شەڕ نەبوو و چەند کاتژمێرێک یان خود بڵەین چەند ڕۆژێک دوای شەڕەکە من دەچوومە شوێنی شەڕەکە و بابەتی تایبەت بە ناوچەکەم دەکردە ڕێپۆرتاژ… بەڵام هەموو کات بیرم لای ئەوە بوو بۆ من وەک  ڕۆژەکانی ئۆپراسیۆن و شەڕی ڕاستەوخۆ بەشدار نیم و ڕاستەوخۆ ڕووماڵی ناکەم… بۆیە چەند جارێک داوام کرد و بەڕێوبەرایەتی کەناڵەکە بە هۆی ئەوەی نەوەکو مەترسی بێ بۆ گیانی من ڕێگەیان دەگرت… تاکوو لە دوایین ئۆپراسیۆن کە بۆ ئازادکردنی موسڵ بوو دوای هەوڵ و قسەی زۆر توانیم وڵامی بەڵێ وەربگرم و هاوشان لەگەڵ پێشمەرگە و تیمی ڕاگەیاندن کە هەموویان پیاو بوون بۆ یەکەمین جار بڕۆمە نزیکترین خاڵ لە چەکداران و لە گەڵ پێشمەرگە هەنگاو بە هەنگاو بڕۆم و ڕووماڵی بارودۆخەکە بکەم… هەڵبەت نەک بە شێوازێک کە ببێتە گەیاندنی زانیاری بە دوژمن، بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنی هەر پلانێکی پێشمەرگە من هەواڵەکەم بە بینەر دەگەیاند ..ئەمەش بۆ یەکەمین جار بوو کە کچێکی ڕۆژنامەنوس لە ناو بەرەکانی شەڕ بێ… هەر چەند پێشتر چەند کچێکی ڕۆژنامەنوس چووبوون بەڵام هەر وەک من لە ڕابردوو تەنیا دوای تەواو بوونی شەڕەکان بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی تیڤی چوبوون… ئەم خەڵاتەش بۆ هاندان و پشتگیریی زیاتری کچان درایە من کە وەک یەکەمین کچ لە ڕووماڵی ڕاستەوخۆ بەشدار بووم..

ڕۆژی کورد: ئەو خەڵاتە کە پێشکەش بە بەڕێزتان کراوە بە جۆرێک نیشانی بوێرییە، دەتوانین بڵێین ئەوە بە جۆرێک بە واتای ئەوەیە کە کچی کورد ترسنۆکە بۆیە بوێریی جەنابت زۆر بەرچاوە یان نا ئەوە هەر دەگەڕێتەوە سەر تایبەتمەندیی و هەڵسووڕاویی بەڕێزتان وەک ڕاگەیێندکارێک بە بێ سەرنج دان بەڕەگەز؟

مەولوودی: ئەو خەڵاتە خۆی لە ژێر ناونیشانی بوێری و پیشەیی بوون لە کاتی ڕوماڵی ڕاستەوخۆی ئۆپراسۆنەکانی پێشمەرگە بە من بەخشرا، ڕاستە چوون بۆ ئەو شوێنانەی شەڕی تێدا دەکرێ بەتایبەت لەگەڵ چەکدارانی داعش، زۆر پڕمەترسیە و بێگومان بوێری دەوێ، بە تایبەت بۆ گواستنەوەی هەواڵ و باسکردن لە سەر بابەتەکان کە دەبێ زۆر ئاگاداری داڕشتن یان خود قسە کردن و هەروەها ئاگاداری خۆت بی چونکا وەک ڕۆژنامەنووس لە کاتی ڕوبەوروبونەوەی ڕاستەوخۆ هیچ چەکت بۆ بەرگری لە خۆت پێ نیە… هەر چەند تیمی ڕاگەیاندن دوای پێشمەرگە دەچووە شوێنەکان بەڵام بەو پێیەی کە چەکداران لە ڕێگای تونێلەکانەوە هاتوچۆیان دەکرد مەترسیداربوو… لەو بڕوایەدام زۆربەی کچانی کورد بە جۆرێک لە جۆرەکان بوێریان هەیە… بەڵام ڕەنگە ئەم هەنگاوەی من کە مەترسیدار بوو لە شەڕ و شێوازی گواستنەوەی هەواڵەکانی بەرەی شەڕ بۆ بینەر زیاتر کەوتە بەرچاو و بەو پێیەی هیچ کچێک لە ڕووماڵی ڕاستەوخۆ و ئاوا نزیک نەبووە بوەتە جێگای سەرنجی خەڵک و دەستخۆشی زۆر کەس لە کۆمەڵگا…

 ڕۆژی کورد: ئێوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە بەرەکانی شەڕ بوون، شەڕ لەگەڵ دزێوترین دوژمنی مرۆڤایەتی واتا داعش، دەکرێ بپرسم ئەو شەڕ لە ڕوانگەی ئێوەوە چۆن پێناسە دەکرێ؟ مەبەستم دوو لایەنی شەڕەکەیە، پێشمەرگە و داعش و خودی شەڕەکە.

مەولوودی: لە مێژووی کورددا زۆر شەڕ هەبووە کە بەرۆکی کورد و کوردستانی گرتووە ..بەڵام بۆ من یەکەمین ئەزموون بوو.. شەڕ لەگەڵ گرووپێکی تێرۆریستی کە لە هیچ شتێک سڵ ناکاتەوە وهاتووە بۆ ئەوەی بمرێ… دیارە شەڕ لە هەر شوێنێک نائارامی  و ناخۆشی و کاولکاری دێنێت… وەک خۆتان دەڵێن شەڕ لەگەڵ دزێوترین دوژمنی مرۆڤایەتی، کەوابێ ئەوپەڕی ترس و دڵەراوکێیە… هەندێ کات وا هەست دەکەی لەو کاتەدا چیتر کەس نابینیتەوە… بەتایبەت کە ئەوان تاکتیکی جیاوازیان بەکاردەهێنا. بۆ نموونە شوێنەکانیان بۆمبڕێژ دەکرد و بۆمبی دەستکردیان دادەنا یان خود ئوتۆمبیلی مینڕێژکراویان لێدەخوڕی و بەرەوڕووی پێشمەرگە دەهاتن… بەڵام پێشمەرگە بەوپەڕی بوێری و بە ورەی زۆر بەرزەوە هەنگاوی دەنا و بۆ ئازادکردنی ئەو شوێنانە هاتبوون و بیریان تەنیا لای ئەوە بوو ئاڵای ڕەشی داعش دابگرن و ئاڵای کوردستان بشەکێننەوە و هەڵیدەن.

ڕۆژی کورد: کچانی خۆرهەڵاتی کە لە باشوور دەژین و کار دەکەن، وەک دەزانین بە چاوێکی سووک و نزم چاویان لێدەکرێ ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر چۆنیەتیی لێڕوانینی ئەو کۆمەڵگایە لە ژن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبینین کچانی ڕۆژهەڵاتی، هێرۆ مەولوودییان لێهەڵدەکەوێ و کەسانی تریش کە ڕەنگە لە بواری خۆیان بێ ناوونیشان مابنەوە، پەیامی ئێوە لەمبارەوە چیە؟

مەولوودی: ڕەنگە تا ڕادەیەک وابێ ئەم تێروانینە، بەڵام بۆ من کە ماوەی ١٢ ساڵە لەم هەرێمە دەژیم و بەتایبەت بەتەنیا دەژیم و کاریش دەکەم، نەک هیچ شتێک نەبووەتە ڕێگر، بەپێچەوانەوە زۆر جاریش هان دراوم… بە ڕای من وەک کچێک، ئەوە خودی کەسەکەیە وا دەکا خەڵک چۆن لێی بڕوانن… ڕەنگە من کۆمەڵێک کار و کۆمەلێک هەنگاوم نابێ لە باشوور کە یەکەم جار بووە و دوای من کچانی دیکەش هاتوونەتە مەیدان.. کلتور و ڕەوتی کۆمەڵایەتیی ئەم کۆمەڵگایە بە شێوازێکە کە لادان لە نەریتە زۆر باوەکان زۆر بڤەیە و لەگەڵ هەست و تێگەیشتنی خەڵک ناگونجێ بەڵام هەنگاوی یەکەم وەک ئەوەی من ئەنجامم دا، پشتگیریی خەڵکی بەدواوە بوو و دوای من چەند کچ هاتن و ئەو بیرە چەق بەستوە توایەوە کە کچ لە شوێنانە دەترسێ و ناگونچێ… گرینگ هەنگاوی یەکەم کێ ئەم هەنگاوە هەڵدەگرێ جا زۆر جار یەکەم بوون لە هەندێ کار نەک خەڵات ناکرێ بەڵکو دەبێتە قوربانیش، بەڵام ئەگەر بە قازانجی هەنگاونانی ژنانی دیکەش بێ و ڕامالینی بیر و باوەڕی هەڵە بێ، ئەم قوربانی دانەش نرخی هەیە…

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت