هەڵبژاردنی ئەو جارە، بەشداری یان تەحریم؟

0
974

بە دەست پێکردنەوەی خولێکی تر لە ناونووسی بەربژێرانی هەڵبژاردن بۆ پارلمانی ئێران، مشت ومڕ لە نێوان دوو تاقمی یار و نەیاری هەڵبژاردن، دەستی پێکردۆتەوە و بەتایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە ناویان دا تۆڕی کۆمەڵایەتی تلێگرام، بە سرنجدا بە دۆخی نالەباری ئینتێرنێت لە دوو ڕووی لاوازی خەت و فیلتێرینگەوە، ئەو ڕۆژانە شوێنێکی گەرم و گوڕن بۆ باس لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا، هەرچەند حیزبەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان تا ئیستاش هەڵوێستی فەرمی خۆیان رانەگەیاندووە.
لە ماوەی تەمەنی سی و حەوت ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا و بەتایبەتی لەو ساڵانەی ڕابردوودا، زۆرینەی خەڵک و ڕووناکبیر و چالاکوانان، بەسەر دوو تاقمی لایەنگری بەشداری چالاکانە و لایەنگرانی ئابڵۆقە (تەحریم)دا، دابەش بوون.
لە سێ خولی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی کە دەبیندرێ ئەوەیە کە ئیتر وەك ڕابردوو، حیزبەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان یەک دەست هەڵبژاردنیان تەحریم نەکردووە و هەندێ لایەن بە ئاشکرا یان ناڕاستەوخۆ، هانی خەڵکیان داوە بۆ هەڵبژاردن و بەشداری کردن، بەڵام هەندێ لە حیزب و لایەنەکان بە بەردەوامی لەسەر قسەی خۆیان واتا ئابڵۆقەی هەڵبژاردن، سوورن.
جیاوازییەکی تر کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەو خولەدا بەدی دەکرێت بریتییە لە هاتنە ئارای هەندێ تاقم بەندی لە نێوان کورد و ئێرانیەکاندا کە دەکرێ ئاماژە بە بەرەی (وحدت و همبستگی ملی) کە کەسایەتی وەک حیشمەتووڵڵا تەبەرزەدی و مەنسوور ئوسانلوی لە پشتەو لە لایەکی تر بەرەی یەکگرتوو کە کەسانێکی وەک رەحیم فەرەهمەند و جەلالی زادەی لە پشتە، هەروەها (ندای ایرانیان) کە لە شارە کوردەکانیش بەربژێری خۆیان دەست نێشان و ناونووس کردووە. هەروەها لەو خولەدا بە پێچەوانەی خولەکانی رابردوو، لە تارانیش نوێنەری کورد، بەشدار بووە کە لە ناویان دەکرێ ئاماژە بە مستەفا بەیگی، کوردی فەیلی کرماشانی بکەین.
هەر کام لەو دوو لایەنەی کە ئاماژەی پێدرا (لایەنگرانی بەشدار بوون و لایەنگرانی ئابلۆقە)، بەڵگە و هۆکاری خۆیان هەیە بۆ ڕوانگەی خۆیان، لێرەدا بە هۆی ئەوەی کە بابەتی بەردەست چەق لەسەر کوردستانی خۆرهەڵات دەکات، هۆکاری ئەو دوو لایەنە کوردییە دەخەینە بەر باس.
لایەنگرانی کوردی بەشداربوونی بەرفراوان لە هەڵبژاردن ئەو هۆکارانە دێننە بەرباس:
یەکەم: ئێستا کە تەحریم وڵامدەرەوە نەبووە و خەڵک هەر بەشدار دەبێت (بە هەر هۆکارێک بێت) پێویستە ئەو دەنگانە یەک بخرێن و بە قازانجی کورد کەڵکیان لێ وەربگیردرێت.
دوو: دەکرێ کورد بە یەکدەنگ بەشداری بکات و بە پێکهێنانی بەرەیەکی بەرین، کاریگەری لەسەر ناوەند هەبێت و زۆرێک لە هاوکێشەکان بە قازانجی خۆی بگۆڕێت. ئەوان بۆ پتەو کردنی قسەکانیان، کوردی باکوور لە پارلمانی تورکیا و دەوری پارلمانتارانی کورد لەوێ، بە نموونە دێینەوە و دەڵین دەبێ لە چوارچیوەی پارلمانی ئێراندا دەست بکەین بە لابیگەری کوردی.
سێیەم: ناکرێ بە بیانووی دەستەبەر نەبوونی لانی زۆری داواکارییەکانمان، دەست لە لانی کەمەکانیان هەڵگرین و پاشەکشە بکەین. واتا ئەوان بەشداری نەکردن بە پاشەکشە دەزانن، پاشەکشەیەک کە بە قازانجی سیستەمی دەسەڵاتدارە.
چوارەم: پێویستە لەو دەرفەتە یاساییانەی کە لە ئەگەری بەشدار بوونی چالاکانەدا دەتوانین مسۆگەری بکەین بە قازانجی خۆمان (کورد) کەڵک وەربگرین.
پێنجەم: ئێمەی کورد توانایی ڕوخانی ئەو رژێمەمان نییە و سی و حەوت ساڵە بۆمان نەڕووخاوە کەواتا دەبێ دەست لە درووشم هەڵگرین و بە بەشداری زیرەکانە هەوڵ بدەین بۆ پاشەکشە پێکردنی ڕژێم و ڕاگەیاندنی بوونی خۆمان و ناساندنی خۆمان و سەپاندنی داواکارییەکانمان بەسەر ڕژێمدا.
لە بەرانبەردا لایەنگرانی بەشداری نەکردن (تەحریم)یش هۆکاری خۆیان هەیە بۆ بەشداری نەکردن و لە ناویاندا ئەو هۆکارانەی خوارەوە بەرچاون:
یەکەم: کێشەی کورد بە چوونە پارلمان چارەسەر نابێت، چون لە راستیدا کێشە و بەربەستی سەرەکی، سیستەمی یاسادانەر و دەسەڵاتدارە. ئەوان دەڵین بە هۆی ئەوەی کە سیستەمی حکومەتی ئێران، توتالیتێرە و دەسەڵاتی ئەوپەڕ یاسا، بوونی هەیە، لە ئەنجام دا چوون بۆ پارلمان هیچ کاریگەرییەکی نیە. ئەو بەشە بۆ پتەو کردنی ڕوانگەی خۆیان، مێژووی کۆماری ئسیلامی و دەسکەوتەکانی کورد لە پارلماندا دەخەنە بەر باس.
دوو: شێوازی هەڵبژاردن و هەروەها مەرجەکانی بەربژاربوون و دەرچوون نادێموکراتیکە و ئەوەش بۆتە هۆکارێکی سەرەکی کە کەسانی شیاو، نەتوانن بچنە پارلمان و هەر لە سەرەتاوە لە پاڵوێنە دەرناکەون. واتا خەڵک ناچارن لە نێوان بژاردەکانی دەسەڵات، کەسێک هەڵبژێرن نەک بژاردەکانی خۆیان و ئەوەش بە واتای ناپاقژ بوونی هەڵبژاردنە و بێ ڕێزییە بە ڕای گشتی خەڵک.
سێ: بەشداری کردن لە هەڵبژاردن و ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان بە واتای ڕازی ىوونە بە لانی کەمی داخوازییەکانی کورد و لەبیربردنەوەی داخوازییە سەرەکیەکان و بە هۆی ئەوەی کە داخوازییەکانی کورد، باڵاترە لە مادەی ١٥ و ١٩ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی، ئەوا بەشداری کردن لە جۆری خۆیدا، جۆرێکە لە خیانەتی نیشتمانی و فەوتاندنی ڕابردوو و خوێنە ڕژاوەکان لە پێناو ئازادی کورد و مافە سەرەکیەکانیدا.
چوار: ئەو کەس و لایەنانەی لە ژێر ناوی بەرەیەکی کوردیدا کۆ بوونەوە، لە ڕاستیدا ساز کراوی خودی سیستەمن بۆ بە ئاڵترناتیڤ کردنیان لەگەڵ هێزە کوردییەکان کە تا ئێستاش نوێنەری راستەقینەی داخوازیەکانی کوردی خۆرهەڵاتن و ڕەواییان هەیە، بەو هۆیەشەوە دەنگ دان بەوان بە واتای دەنگ دان بە کورد نیە و نە ئەوان بە دوای مافی کوردەوەن و نە سیستەمیش نیازی ماف دانی هەیە و بوونی ئەو ناو و لایەنانە تەنیا بۆ راکێشانی زیاتری خەڵکە بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان .
پێنجەم: ڕژێم بە هۆی سیاسەتی هەڵە و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و دیکتاتۆر بوون و دەست درێژ کردن بۆ کار و باری وڵاتانی جیهان و ناوچە و دەست تێدابوون لە تیرۆریزمی ناودەوڵەتی، لە جیهاندا، مەشروعیەت و رەوایی خۆی لە دەست داوە، بەشداری کردن لە هەڵبژاردن بە هەر هۆکارێکەوە جۆرێکە لە مەشرووعیەت دان بە ڕژێم (تەنانەت ئەگەر ڕواڵەتیش بێت) و ڕژێم لە کۆڕ و کۆبوونەوە ناودەوڵەتییەکان، کەڵکی خۆی لیوەردەگرێت و لە ئەنجامدا بەشداری کردنی زۆرینە بۆ ڕژێم بە واتای درێژ بوونەوەی تەمەنێتیو هەر بۆیەش هەرموو جۆرە تەکنیک و ئامیر و شیوازێک بۆ بەشداری کردنی زۆرینە، بەکار دێنێت و هەلەکان دەقازێتەوە.
شەشەم: مێژووی کۆماری ئیسلامی نێشانی داوە کە هەڵبژاردن، دێموکراتیک نیە و لە ڕاستیدا مۆرەکان لە لایەن ڕژیمەوە چندراون و یاریەکە خۆی دەیکات و ئەوەی تر گشتی کایەیەکە بۆ پەلکێش کردنی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، تا ئیستا دەیان جار کەسانێک لە ناوچە کوردییەکان و بەتایبەتی لە شارە فرە کەلتووری و زمانیەکانی وەک نەغەدە و تیکاب و سەلماس و ورمێ و قوروە و …تاد، زۆرینەی دەنگیان هێناوەتەوە بەڵام لە ژێر چەتری گزە و دەست تێوەردان، دەنگەکان گۆراون و دەنگی کورد فەوتاوە.
ئەنجام:
نووسەری ئەو بابەتە خۆی لەگەڵ روانگەی دووهەم واتا تەحریمە و لەگەڵ سەرجەم خاڵەکانی ئەو بەشە کۆکە و لای وایە بە هۆی دیکتاتۆر بوونی دەسەڵاتی زاڵ و هەروەها بوونی دەسەڵاتێکی نیوەخوایی زاڵ بەسەر ئێران و پێکهاتەکەیدا کە دەتوانێت بە یەک ئاماژە هەر جۆرە گرێبەستێک هەڵوەشێنێتەوە و حوکمی فتوای شەرعیشی بە دەستە و هەروەها بە هۆی ئەوەی کە داواکارییەکانی کورد لە ناو ئەو چوارچیوەدا ناگونجێ و لە هەمان کاتیشدا سیستەمێکی فرە حیزبی و فرە دەنگ نیە و لە ڕاستیدا خودی پارلمانتاریش دەنگێکی ئەوتۆ و دەسەڵاتێکی وەهای نیە، ناکرێ و نابێ بەشداری لە هەڵبژاردندا بکرێت و هۆکارەکانی لایەنگرانی بەشدار بوون بە لاواز و خەیاڵاوی دەزانێت بەڵام بابەتێکی کە لێرەدا شیاوی سرنجە چۆنیەتی تەحریم کردنە.
تەحریمی بە تەنیا ناکرێ و ناتوانێ وڵامدەرەوە بێت بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەک کۆماری ئیسلامی کە دەنگ دان ئەرکێکی خواییە و دەنگ نەدان بە واتای بێبەش بوونە لە خاڵە کۆمەڵایەتییەکان و لە دەست دانی بەرژەوەندی سەرەکی و سرووشتی و ساکاری وەک وەرگرتنی پاسپۆرت یان وام (قەزی بانکی) و نموونەی ئاوا ساکار و بڕینی یارانەکان. لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە پێویستە لایەنگرانی تەحریم، جۆرێک لە تەحریمی کارا بێینە ئاراوە و بە بەشداری لە تۆرە کۆمەڵایەتی و میدیا (دەنگ و رەنگ و نووسراوە)کاندا، هەوڵی ڕوونکردنەوەی زیاتری خەڵک بدەن، ناکرێ بە خەڵک بڵێی بەشداری مەکەن، بەڵام نەڵێی بۆ و چۆن؟ و تێیاننەگەیێنی کە بەشداری نەکردنیان چ واتایەکی هەیە و بەشداری کردنیان دەچێ لە گیرفانی کێوە.
کۆمەڵگای ئێستای خۆرهەڵات جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ تەنانەت دە ساڵ لەمەو بەر هەیە، نەوەیەکی نوێ هاتۆتە ئاراوە کە پێوسیتی بە ڕونکردنەوەی زیاتر هەیە، بە زۆر بوونی میدیا جۆراوجۆر و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، ئاسانکاری تەواو لەو بارەوە کراوە. ئەگەر بێت و حیزب و لایەنە کوردیەکانی دژبەری بەشدار بوون دەست لەسەر دەست دابنێن و بە نووسینی بەیاننامەیەک کۆتایی بە هەوڵەکان بێنن، دڵنیا بن هیچ ئەنجامێک وەرناگیرێت و زۆرینە بەشدار دەبێت.
مەسەلەیەکی دیکە کە پێویستە ئاماژەی پێبکرێت، ڕێکخستنی خەڵکە لە لایەن ئەو بەشە (دژبەرانی بەشداربوون و دەنگ دان بە ڕژێم)، لە چوارچێوەی ڕێکخراوەی مەدەنی و نادەوڵەتیدا و دیتنەوەی هێز و تینەکان و خستنە گەڕیان و بردنە سەری ئاستی ڕووناکبیری.
بابەتێکی تر بریتیە لە هاتنەوە ناو کایە سیاسییەکانی ئێرانی ئەو حیزب و لایەنانە، ناکرێ لە باشوور دابنیشین و دەست لە سەر دەست، بە لاپەڕە نووسراوەیەک چاوەروان بین خەڵک لە ماڵی خۆیان نەهێنە دەر، خەڵکی بی پشتیوان و پەنا ناچارە بە سەردانەواندن، بێ گومان باغی بێ پەرژین مڵەی دەخزێتە گیانی و دەژاکێ. کەواتە پێویستە بە دانانی کاریگەری لە سیاسەتی ناودەوڵەتییەکان و چوونە ناو بازنەی کایەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ئێستادا لە گشت کاتێ، گەرم و گوڕترە و لە لایەکی ترەوە گەڕانەوە بۆ ناو خەڵک و بوون لە ناویاندا، هەم پشتیوانی خەڵک بین و هەمیش قسەیەک بۆ کوتن هەبێت. کەواتا تەحریمی ڕووت و تەنیا ناتوانێ و ناکرێ کاریگەر بێت، پێوسیتە حیزبەکان لە چوارچێوەی سوننەتی خۆیان (لە ڕووی دانی بەیاننامە) بێنە دەر و لە سەرجەم بوارەکانی خەباتی سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتیدا بەشدار بن و بوونیان هەبێت و وڵامدەرەوەی پرسیارەکان بن و بەو جۆرە هەم بوونیان هەست پێکراو بێت و هەم ڕوونکردنەوە بدەن کە ئەوە یەکێک لە مافەکانی نەوەی نوێ و ئەرکی بەرپرسانی حیزبەکان و لایەنەکانە بە ورد و درشتەوە و دەبێ تەحریم، تەحریمێکی چالاکانە بێت. پێوسیتە بەرپرسانی حیزبی هەست بە گۆڕانی نەوەکان بکەن و نەوەی نوێ ببینن و بە پەیوەندیەکی تۆکمە، هەمەلایەنە و ساغڵەم، ئیزن نەدەن کەلێن بکەوێتە نێوان نەوەکان و ئەگەر کەلێنێکیش هاتۆتە ئاراوە، لەوە ی زیاترقووڵ و بەرفراوان نەبێت، هە رکەلێنێک لە نێوان نەوەی دۆینێ و ئەوڕۆ و سبەی، خاڵێکی بەهێزە بۆ سەرکەوتنی نەیارانی کورد و بزوتنەوەی کورد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت