هەڵبژاردنی ئەمریکا و کاریگەرییەکانی/وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ لەگەڵ جەمیل ئەحمەدی

0
965

خوێنەری ئازیز

بابەتی بەردەستت یەکێکە لە نزجیرە وتووێژەکانی گەورەژووری ڕاوێژ لە ڕایەڵەی تلێگرام کە ڕێگەوتی 18 و ١9ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی لەسەر مژاری “هەڵبژاردنی ئەمریکا و کاریگەرییەکانی”، بە پێشکەشکاریی داوود حەیدەری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕاوێژ لەگەڵ جەمیل ئەحمەدی، چالاکی سیاسی ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: ئەگەر بکرێ بە کورتی خۆتان بۆ ئەندامانی ژوورەکە بناسێنن؟

جەمیل ئەحمەدی
جەمیل ئەحمەدی

ئەحمەدی: من ئەحمەدی، چالاکی سیاسی و  پێشتر زندانی سیاسی بووە، هەروە‌ها پێشمەرگەی حدکاش بووم ماوەیەک و ئێستاش لە وڵاتی ئیرلەند دەژیم.

ڕاوێژ: هۆکار چیە کە هەڵبژاردنی ئامریکا ئاوا بە گرنگ لێی دەڕواندرێ؟

ئەحمەدی: گرنگی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە گرنگی ئەمریکا خۆیدا دەبینم کە یەکەم هێزی سەربازی و سیاسی و هتدی جیهانە. گرنگی ئەمریکا و ڕۆڵی گەورەی ئەمریکا وای کردوە کە هەموو وڵاتانی جیهان بە بایەخەوە بڕواننە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و هەر وڵات و نەتەوەیەکیش لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکات.

داوود حەیدەری
داوود حەیدەری

ڕاوێژ: بەر لە هەموو شتێک پێش بینیی خۆتان بۆ ئەو هەڵبژاردن و ئاکامەکانی چێە؟

ئەحمەدی: لە حاڵی حازردا ناتوانین بڵێین کام یەک لە کاندیدەکان براوەی هەڵبژاردنە، بەهۆی نزیکی پێشبینیەکانەوە، بەڵام بێگومان گۆڕانکاری ڕوودەدات دوای هەڵبژاردن و دەست بەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەمریکا.

ڕاوێژ: جیاوازیی نێوان ترامپ و کلینتۆن لە چیدا دەبینن (مەبەستم بۆ کورد و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە) ؟

ئەحمەدی: بۆ کورد بە گشتی جیاوازیەکی هیندە گەورە نابینم لە تێڕوانی ترامپ و هیلاری بۆ کورد بە پێی قسەکانی خۆیان لە کاتی هەڵبژاردندا، بەڵام هیلاری زۆر لە سەرکردەکانی کورد لە نزیکەوە دەناسێت و سەردانی هەوڵێریشی کردوە، هەر بۆیە ڕەنگە قسەکانی بە کردەوە جێبەجێ بکات، وەک پشتیوانی سەربازی بۆ باشور و خۆرئاوا، بەڵام ناتوانین بڵێین ترامپ ئەگەر بوو بە سەرۆک ڕێک چۆن دەبێت.

خۆرهەڵاتی کوردستان تا ڕادەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە و جیاوازە مەسەلەکەی لەگەڵ بەشەکانی تر، هەر بۆیە ڕەنگە بەرژەوەندیی کوردی خۆرهەڵات، لەگەڵ هاتنەسەرکاری ترامپ زۆرتر بێت تا هیلاری، چوون کەسێکی تووندترە لە بەرانبەر سەرەڕٶیەکانی ئێران و ڕێگە نادات کۆماری ئیسلامی بە کەیفی دەست وەرداتە ناوچەکە و جیهانیش، بەڵام هیلاری ڕەنگە هەمان سیاسەتی ئۆبامای هەبێت کە زەمینەی خۆشکردوە بۆ کۆماری ئیسلامی تا دەستوەرداتە وڵاتانی تر و لە نێوخۆی ئێرانیش سەرکوب و ڕێژەی سێدارە و گرتنی چالاکانی مەدەنی و سیاسی بەرزبێتەوە.

راوێژ: لە ئەگەری دەرچوونی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و بوونی بە سەرۆک کۆمار ئایا چاوەروانی چ گۆرانکارییەک لە ناوچەکەدا دەکرێت؟

ئەحمەدی: هەرکام لە لە هیلاری و ترامپ بێنە سەرکار، بێگومان گۆڕانکاری گەوڕە ڕوودەدەن و غۆڕانکاریەکانیش بەڕێوەن لە خۆرهەڵاتی ناوین، بەڵام چۆنیەتی ڕووبەڕوو بوونەوەی کێشە و ڕووداوەکان تا ڕادەیەک پەیوەستە بە پارتی کۆماری و دیموکراتەوەکانەوە و هیلاری و ترامپیش هەر لەو چوارچێوەیەدا کاردەکەن. پارتی کۆماریەکان ئایدیا و تێروانینی جیاوازیان هەیە بۆ ناوچەکە و ڕەنگە لە ئەگەری هاتنەسەر کاری ترامپ مەسەلەی سوریە و عێراق بە زووی یەکلایی بکەنەوە.

تەنیا چارەسەریش دابەشبوونی دەسەڵات و ڕەنگە خاکی ئەو وڵاتەنە بێت، بەلانی کەمەوە سێ ئۆپشن یا ڕێگایان زیاتر لە بەردەستدا نییە ئەویش: دابەشبوونیان، بوون بە هەرێمی کۆنفدراڵ یا بەردەوامی شەڕە. کۆماریەکان پێیان خۆشە  عێراق و سوریە ببن بە چەند هەرێمێکی کۆنفدراڵ.

راوێژ: لە بەرامبەردا لە ئەگەری هیلاری کلینتۆن لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و بوونی بە سەرۆک کۆمار چاوەروانی چ گۆرانکارییەک لە ناوچەکەدا واتا ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەکرێت؟

ئەحمەدی: هیلاری کلینتۆن ئەزموونێکی سیاسی باشی هەیە و تێڕوانینەکانیشی بۆ هەرکام لە وڵاتەکانی ناوچەکە جیاوازە. سەبارەت بە ئێران هیندە جیاوازی تێڕوانین لە نێوان هیلاری و ئۆبامادا نییە و پشتیوانی خۆشی چەندپاتە کردوەتەوە بۆ ڕێکەوتنی نێوان ئێران و ٥+١، هەر بۆیە هیچ خۆشبین نیم بە هیلاری لە بەرانبەر ئێران، مەگەر ئەوەیکە ئێران لەمە زیاتر پەل بهاوێژێت لە ناوچەکە. بەڵام سەبارەت بە سوریە و عێراق ئامادەی خۆی دەربڕیوە بۆ پڕچەکردنی هێزە کوردیەکان و حزووری زیاتی ئەمریکا لە ئێراق و سوریە. هیلاری پشتیوانی خۆشی بۆ ناوچەکەی دژە فڕین لە ڕۆژئاوا و باکوری سوریە دەربڕێوە و پلانی ڕوونیشی هەیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش. هیلاری بێ گوێدانە ناڕەزایەتی تورکیەش ئامادەیە هێزەکانی ڕۆژئاوا پڕچەک بکا کە خاڵێکی موسبەتە سەبارەت بە ڕۆژئاوا و کورد بە گشتی.

ڕاوێژ: پێتان وا نیە ئەو هەموو شەڕ و باسە دەرەکییەی کە ئێستا لە ناوچە و جیهانداهەیە ئەمریکا لەگەڵی دەرگیرە، ناکرێ بە گۆڕانی سەرۆک کۆماری ئاوا بە سادەیی تەواو بن و سەرۆک کۆمار ناچارە ئەو سیاسەتانە هەر نەبێ بۆ ماوەیەکی ٢ ساڵانە درێژە بدات؟

ئەحمەدی: کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گۆڕانی سەرۆک و چەند ساڵێک کۆتایی نایەت، بەڵام ڕۆڵی ئەمریکا و تێڕوانینی سەرۆکی ئەمریکا بۆ مەسەلەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین گرنگە و دەکرێت زۆر مەسەلە بەلایەکدا بخات، بۆ نموونە لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتی هیلاری یا ترامپ دکرێ کێشەی سوریە و عێراق بەلایەکدا بخەن، بەڵام خۆ ئەمە کۆتایی کێشەکانی ناوچەکە نین و ڕەنگە دوای سوریە و عێراق کێشەی لەوە گەورەتریش ڕووبدەن. نەخێر هەرگیز هیلاری و ترامپ نابن بە درێژەدەری هەمان سیاسەت و تێڕوانینی ئۆباما و جیاوازیەکانیان زۆرە.

ڕاوێژ: ئێران باس لە دەست تێوەردان لە هەڵبژاردنی ئەمریکا و دزیی دەنگ دەکا، ئێوە چەندە ئەوەتان پێ ڕاستە؟

ئەحمەدی: ئێران بەم قسانەی خۆی دەکات بە گاڵتەجاری خەڵکی دنیا، ئەگینا لە ئەمریکا یاسا سەروەرە و دەستێوەردان و دزین و کڕێنی دەنگ بوونی نییە و هەرکەس و لایەنێک هەوڵی کاری وابدات ڕووبەڕێ یاسانی دەکەنەوە و بە تووندی سزا دەدرێت.

ڕاوێژ: ڕوانگەی کۆماریخوازەکان بە هاتنە سەرکارییان چەندە دەتوانێ جێگای هیوا بێ؟ بە گشتی بۆ چی کورد هیوای زۆرتری بە کۆماریخوازانە تا دێموکراتەکان؟

ئەحمەدی: کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی تر بەرژەوەندی خۆی لە بەرچاو دەگرێت و مافی خۆشیەتی. کورد نەتەوەیەکی ئازادیخوازە و داوای ماف و ئازادیەکانی دەکات، بەڵام هەبوونی ئەو هەموو سیستمی دیکتاتۆریەی ناوچەکە ڕێگرن لە گەیشتنی کورد بە ماف و ئازادیەکانی. کۆماریەکانیش زۆرتر تووندن لە بەرانبەر سیستمە تۆتالیتاری و دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە و هەرگیز وەک دیموکراتەکان نەبوون و نابن کە زۆر بە نەرم و نیانی لەگەڵ سیستمە تۆتالیتاری و دیکتاتۆرەکان دەجوڵێنەوە، هەر بۆیە کورد هیوای زیاتر بە کۆماریەکانە تا دیموکراتەکان.

ڕاوێژ: پێتان وانیە سیاسەتی سەرەکیی ئەمریکا هەندێک شوێنی وەک پارلمان و مەجلسی بژاردەکان و سیا دایدەڕێژن و ئەو دروشمانەی بەربژێرەکان، شانۆیەکە؟

ئەحمەدی: بەڵێ لەگەڵ ئەوەدام کە سیاسەتی سەرەکی ئەمریکا ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران دایدەڕێژن، بەڵام ئەمە سیاسەتی درێژخایەنە و سیاسەتی کورتخایەن و پلان و ستراتیژی کورتخایەنیشمان هەیە کە سەرۆکەکان دایدەڕێژن و جێبەجێی دەکەن، بۆیە شانۆ نییە. ئەمریکا سیاسەتی درێژخایەنی بۆ جیهان و هەموو ناوچەیەک هەیە و سەرۆکی وڵاتی هەر لەو چوارچێوەیەدا کاردەکات، بەڵام بە ستراتیژ و پلانی کورتخایەنی خۆیەوە.

ڕاوێژ: ئەو جار ئەوا ترامپ بردیەوە، ئێستا پێش بینیتان چیە؟ سەرەتا باسیئێران دەکەین، بەرجام و گەمارۆکان چیان بەسەر دێ بەڕای ئێوە؟

ئەحمەدی: سەرەتا پێم خۆشە پیرۆزبای خۆم بە خەڵکی ئەمریکا و دواتر بە سەرۆکی هەڵبژێردراو بەڕێز دۆناڵد ترامپ ڕابگەیەنم

ناتوانین بە وردی پیشبینی داهاتوو بکەین و بڵین چی ڕوودەدات و چی نابێ، بەڵام بێگومان سەرکەوتنی کۆماریەکان لە هەرسێ پلەکە (کۆنگرێس، ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتی) و هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ خۆی زەنگی گۆڕانکاری گەورەن لە جیهان و ناوچەکە.

پێموایە بەرجام ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بمێنێتەوە کاری پێ ناکرێت و چاوەڕوانی گەماری زیاتر  دەکەم. سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکەوێتە دەست کۆماریەکان و زۆریش باسی ئەوەیان کردوە کە هەر بە گرتنە دەستی کۆشکی سپی، ئەو ڕێکەوتنەی سیغەییەی لە نێوانی ئەمریکا و ئێران هاتە کایەوە بە ناوی بەرجام هەڵ دەوەشێننەوە، هەر بۆیە باوەڕم وایە کە دۆناڵد ترامپیش کە خۆی مخالفی ئەو ڕێکەوتنەیە هەمان کار دەکات. بە گشتی چاوەڕوانی گەماڕۆ و فشاری زیاتر بۆ سەر کۆماری تروریستی ئێران دەکەم.

ڕاوێژ: شەڕی سووریە نزیک بە ٦ ساڵە لە ئارا دایە، ئاقاری داهاتووی بە بوونی ترامپ چۆن دەبینن؟

ئەحمەدی: با سەرەتا ئەوە ڕوون بکەمەوە کە سیاسەتی ترامپ لە چوارچێوەی سیاسەتی درێژخایەنی ئەمریکا دەبێت و لە شێوەی تێڕوانینی کۆماریەکان بۆ مەسەلەکان، هەر بۆیە ترامپ بە تەنیا بڕیاری یەکلاکەرەوە نادات. ترامپ هەر وەک پێشتریش ڕاگەیاندوە دەتوانێت بە هاوکاری ڕووسەکان شەڕێ دژ بە تیرۆر فراوان بکات و یارمەتی هێزە کوردیەکان بدات، ئەمەش مایەی نگەرانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریەیە و لە وەها حاڵەتێکدا تورکیە و ئۆپۆزیسیۆنی سوریە دەکەونە پەراوێزی یاریەکەوە. بە گشتی باوەڕم وایە سووریە ئارامی بە خۆیەوە نابینێت تا دابەش دەبێت بە ئەمری واقع.

ڕاوێژ: ترامپ بە تووندی لایەنگری جوولەکە، بەڵام مەلایەکیشی بەردەوام لە پشت بوو و لەگەڵی بوو، زانیارییتان لەسەر ئەو مەلایە چێە؟

ئەحمەدی: زانیاری هیچم لە سەر ئەو مەلایە نییە، بەڵام ڕەنگە تێڕوانینی ئەو مەلەیە بۆ ترامپ مووسبەت بێت و بەرژەوەندی وەها بخوازێت. سەبارەت بە جووەکان یا ئیسرائیل، بێگومان چی دیکە وەک ٨ ساڵی باراک ئۆباما نابێت کە ئیسلامی سیاسی تووندڕەو بە هەموو شێوەیەک هەوڵی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل بدەن و کەشێک دێتە ئاراوە کە فلستینیەکان ناچار دەبن یا پابەند بن بە ئاشتیەوە، یا شەڕێ خۆکوژی و دۆڕان بگرنەبەر.

ڕاوێژ: بەڕای جەنابت دڵخۆش کردنی کورد بە ترامپ لەو ڕاستییەوە نایە کە کورد خۆی ئەکتەر نیە و بێ هێزە  و هەر بۆیەش پشتی بە پشتیوانیی دەرەکی خۆشە و لە قەزاوقەدەر دەگەڕێ؟

ئەحمەدی: نەخێر. کورد سەرەتا دەبێ پشت ئەستوور بێت بە هیزی خۆی، بەڵام  کوردیش مافی خۆیەتی لە دەریچەی بەرژەوەندیە باڵاکانیەوە بۆ مەسەلەکان بڕوانێت و کێ زۆرتر دەبێ بە هاوڕێ و پشتیوانی دڵخۆش بێت بە هاتنە سەرکاری. ترامپ کەسێکی بێ ئەزموونی سیاسیە، بەڵام کۆماریەکان باشترن لەگەڵ کورد تا دیموکراتەکان. کوردیش لە نێوان باش و باشتر حەزی لە باشترنیانە و زۆریش ئاساییە. بە گشتی کۆماریەکان تووندتر لە بەرانبەر دیکتاتۆر و سیستمە تۆتالیتاریەکان و کوردیش یەکێک لە کێشەکانی هەبوونی ئەو هەموو دیکتاتۆر و سیستمی سەرەڕێیەیە لە ناوچەکە وەک نەتەوەیەکی ئازادیخواز و بەشخوراو، هەر بۆیە زۆرینەی کورد پێی باشە کۆماریەک ببێت بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا. ئوروپاش بە پێی بەرژەوەندی خۆی پێیباش بوو هیلاری ببێت بە سەرۆک، ئەمە هیچ عەیب و کێشە نییە.

ڕاوێژ: ترامپ بە کەسێکی لۆمپەن ناسراوە، لە هەمان کاتیشدا لە شەڕ بە دژی نەتەوەی ویێتنام کە تێیدا هەزاران کەسی بێ تاوان کوژران، بەشدار بوو، پێتان وا نیە ئەو خوویە بۆ دوا ڕۆژی خۆرهەڵاتی ناڤین خراپ بێ؟

ئەحمەدی: ئێمە با لەژێر کاریگەری میدیایی و دنیای سەرمایەداریەوە بۆ مەسەلەکان نەڕوانین. لە ماوەی هەڵبژاردنی ئەمریکا، زۆرینەی وڵاتەکانی جیهان و  بەتایبەت خەڵکی سەرمایەدار و  دەتوانم بێڵێم ٩٠ لە سەدی میدیای جیهان دژ بە ترامپ وەستانەوە و وا پێشانی جیهانیان دەدا کە ئەگەر ترامپ ببێت بە سەرۆک جیهان وێران دەبێت و ئنسانیەت نامێنێ،  کە لەحاڵێکدا وا نییە

ترامپ کەسێکی بزنسمەن و سەرمایەدارێکی گەورەی جیهانە، بەڵام پشتیوانی قشری هەژار و پشتگوێخراوی ئەمریکای لە پشت بوو بۆیە سەرکەوت، بەڵام هیلاری خەڵکانی سەرمایەدار و دەوڵەمەند و میدیای لە پشت بوو کە ئاکامەکەیمان بینی. ترامپ ئایدیای باشی بۆ ئابوری ئەمریکا و قشری هەژار پێیە و دەتوانێت ئابوری ئەمریکا ببووژێنێتەوە. پرۆژەی چۆنیەتی ترامپ و کۆماریەکانیش بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر لای خەڵکی ئەمریکا پەسەندتر و ماقوڵ بوو، بۆیە دەنگی هێنایەوە. نابێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە ترامپیش هەمان سیاسەتی شکستخواردووی ئۆباما دژ بە تیرۆر دووبارە بکاتەوە.

ڕاوێژ: هەڵوێستی ئێران لە هەمبەر براوەبوونی ترامپ ئەوە بوو کە کوتیان ئێمە چاوەدێری بەسەر کارەکانیدا دەکەین وناتوانێ بەرجام پەیڕەو نەکا، ئێران بۆ هێندە لە دواڕۆژی بەرجام نیگەرانە؟

ئەحمەدی: ئێران لە ناچاری و بێ دەسەڵاتیدا ئەو ڕێکەوتنەی کرد و پووڵی دەیان ساڵی نەوت و گازی خەڵکی بە فیڕۆ دا کە لە بنکە ئەتۆمیەکان خەرجی کردبوو بەو هیوایەی بتوانێت دەستی بە  کڵاوەی ناوەکی و دواتر موشەکی دوور بورد بگا بۆ پاراستنی خۆی، بەڵام لە ئاکامی ئەو ڕێکەوتنەدا هەموو بە فیڕۆ چوو. ئێران هیوادار بوو پوڵە بلۆکراوەکانی بۆ ئازاد بکرێت و گەمارۆ ئابوریەکانی لە سەر هەڵگیرێت دوای ئەو ڕێکەوتنە، بەڵام بە هیچکامیان نەگەیشتوو هیچیشی پێ نەکرا، هەر بۆیە خامنەئی و باڵی تووندڕەویش ناڕەزایەتیان دەربڕی و ناڕاستەوخۆ وتیان کڵاویان لە سەر ناوین. ئێستاش کۆماریەکان و ترامپ پابەندی ئەو ڕێکەوتنە نەبن و باوەڕیشم وایە کە پابەند نابن و گەماری زیاتری ءێرانیش بە ڕێوەیە، ئێران هیچی لە دەست نایەت و ناوێرێ هیچ کاردانەوەیەک نیشان بدا، بەڵام ئەگەر کاردانەوەشی هەبێت، بێگومان دەرسی مێژووی بە ئێران دەدەن و دەچێتە مێژووەوە.

ڕاوێژ: بەرجام واژۆی ٦ وڵاتی لەسەرە کە یەکیان ئەمریکایە، ئایا ترامپ بە تەنیا دەتوانێ هەڵیبوەشێنێتەوە یان ئەوە تەنیا پرۆپاگەندایەکی هەڵبژاردن بوو؟

ئەحمەدی: ئەو ڕێکەوتنە تەنیا لە لای ئێرانەوە بەشێکی جێبەجێ کرا، ئەگینا هەرگیز وڵاتەکانی تر پێیە پابەند نەبوون. ڕێکەوتنەکەش ئەگەر هەر کام لە وڵاتەکان پێیەوە پابەند نەبن، خۆی ئۆتۆماتیکی هەڵدەوەشێتەوە و بە هەڵوەشاوەشی دەزانم، تا ئێستا ترامپ جێ بەجێی بکات یان نا. ئێران ترسی لە گەمارۆ و فشاری زیاترە، ئەگینا دەزانێت ڕێکەوتن کۆتایی هاتووە.

ڕاوێژ: میحوەری سوننە بە ئاشكرایی بە براوەبوونی ترامپ خۆشحاڵە هەرچەند نازانین ئەگەر کلینتۆنیش هێنابایەوە هەر وا خۆشحاڵ دەبوون و ئەوەش شتێکی دیپلۆماتیکە یان نا؟ بەڵام خۆشحاڵیی میحوەری سیعە و لە ناویاندا سعودیە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

ئەحمەدی: خۆشحاڵی میحوەری سوونی و بەتایبەت سعوودیە ڕەنگە تەنیا دەلیلیان ئەوە بێت کە ترامپ دژی ئێرانە و تیرۆرە، بنەماڵەی مەلکی سعوودیەش ترسیان لە گروپە تووندڕەوەکان و ئێران هەیە، ئەگینا چتێکی تر نییە و ماوەیەک پێشیش یەکێک لە شازادەکانی سعوودیە دژ بە ترامپ چەند توویتێکی نووسیبوو، بەڵام وادیارە هوشداریشیان بە ئەو داوە کە هیچ نەڵێت.

ڕاوێژ: هەشت ساڵە دێموکراتەکان سیاسەتی دەرەوە و ناوەخۆیی ئەمریکایان داڕشتووە، تێکەڵی گەلێک شەڕ لە جیهان بوون، پشتیوانیی زۆر گرووپ و ڕێکخراو و وڵاتیان کردووە، پێتان وایە ترامپ بتوانێ ئەو هەموو سنوورانە بشکێنێ؟

ئەحمەدی: ترامپ هەموو ڕێکەوتنەکانی ماوەی ٨ ساڵی دەسەڵاتی دیموکراتەکان هەڵناوەشێنێتەوە، بەڵام بێگومان پابەندی هندێکیان نابێت و ڕێکەوتن و ڕٶلی نوێی دەبێت. شەڕی دژ بە تیرۆر و دیکتاتۆر و سیستمە دیکتاتۆریەکان، هەرکەس لە ئەمریکا ببێت بە سەرۆک شەڕەکە دەکات، بەڵام هەرکامیەیان بە پێی تێڕوانینی پارتەکەی و خۆی دەبێت، نەک پێشتر چۆن بووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت