هەوڵی بێ ئەنجامی تیرۆرکردنی جەمیل بایەک و گومان لە دەست تێدابوونی یەکێتیی نیشتمانی

0
1144

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەوڵێک بۆ تیرۆرکردنی جەمیل بایەک لە ئارادا بووە، پەکەکە گومانی لە یەکێتی هەیە کە دەستی لەو پیلانەدا بووبێ.

ڕۆژی کورد: بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی کوردستانی ئێراق بڵاوبوونەتەوە، لە ماوەی ڕابردوودا، دوو ئەفسەری پلە بەرزی تورکیە بە ئاگاداریی ئەردۆغان و هاکان فیدان، لە ڕێگای فڕۆکەخانەی ناودەوڵەتیی سلێمانییەوە هاتوون بۆ کوردستانی ئێراق تا پیلانی تیرۆرکردنی جەمیل بایەک، سەرۆکی پەکەکە جێ بە جێ بکەن.

بڕیار بووە ئەو پیلانە لە ڕێگای دوو کەسەوە جێ بە جێ بکرێ کە لە ڕواڵەتدا وایان خۆ نیشان داوە کە دەیانهەوێ خۆیان رادەستی تورکیە بکەنەوە.

بە گوێرەی پیلانەکە، دەبوا جەمیل بایەک چووبا بۆ نەخۆشخانەیەک لە سلێمانی و لەوێش لە لایەن ئەو دوو ئەفسەرە پلە بەرزەی دەزگای میتی تورکیەوە تیرۆر کرابا.

پارتی کرێکارانی کوردستان کە بە چڕی ئاگاداری پیلانەکە بووە، بەپێی پیلانی ئەو دوو ئەفسەرەی تورکیە نەجووڵاوەتەوە و شوێنی چاوپێکەوتنەکەیان بۆ شاری دووکان گواستووەتەوە.

لە شاری دووکان، تیمێکی ڕاهێنراوی پەکەکە، دوو ئەفسەرەکی تورکیەیان دەستبەسەر کردووە و لە جیات ئەوەی کە جەمیل بایەک تیرۆر بکرێ و تورکیە سایی بگێڕێ، بەپێچەوانە، پەکەکە ئەفسەرەکانی میتی گرتووە و بۆ قەندیلی ڕاگواستوون.

لە دوای ئەو ئابڕووچوونە بۆ تورکیە، ئێستا دەگوترێ هەڕەشەی دەرکران و دوورخستنەوەی هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیە (میت) لەلایەن ئەردۆغانەوە لە ئارا دایە.

هەرچەند سەعدی ئەحمەد پیرە، دەڵێ ئەوان وەک یەکێتیی نیشتمانی ئاگاداری ئەو پیلانە نەبوون، جەمیل بایەک دەڵێ هیوادارین وابێ.

قسەکانی بایەک بەو واتایەن کە بڕوایان بەو بانگەشەی یەکێتی نیە و لایان وایە دەستیان لەو پیلانەدا هەبووە.

لە هەمان کاتدا، بەو هۆیەوە گرژی کەوتووەتە نێوان یەکێتی و تورکیە و نوێنەری یەکێتی لە تورکیە لە ماوەی ڕابردوودا دەرکرا.

لە هەرێمی کوردستانی ئێراق و بەتایبەتی لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، دیانان و چەند شاری تر، ڕێژەیەکی زۆر لە شانە نووستووەکانی ئێران و تورکیە بوونیان هەیە،

پێدەچێ حیزبەکانی کوردستانی ئێراق، بۆ بێدەنگ کردنی ئێران و تورکیە لە هەمبەر پرسی سەربەخۆیی هەرێم، ڕێک کەوتبن و لە بەرانبەر تیرۆرکردنی جەمیل بایەک و پاشەکشەکردن بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، ئێران و تورکیە بەڵێنیییان پێ دابن تا بە دژی سەربەخۆییان نەوەستنەوە.

بۆ زانیاریی باشتر لەمەڕ قەرارگاکانی سپای قودس لە هەرێم، لەسەر ئەو لینکەی خوارەوە کرتە بکە.

قەرارگاکانی سپای قودس لە هەرێمی کوردستان

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت