هەواڵگریی پارتی ماوەی ٢٠ ڕۆژە پێشمەرگەیەکی حدکای دەستبەسەر کردوو‌ە

0
8630

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، ماوەی ٢٠ ڕۆژە پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن دەزگای هەواڵگریی پارتی دێموکراتی کوردستانی باشوورەوە (پاراستن) دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش خۆ لە ئازاد کردنی دەبوێرن و هیچ هەواڵێکیش لەو پێشمەرگەیە لەبەردەستدا نیە.

بە گوێرەی زانیارییەکان ماوەی ٢١ ڕۆژ بەر لە ئێستا، خەلیل جەنگی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە خەڵکی شاری نەغەدەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و لە هەمان کاتدا نووسەریشە، بە هۆی تەقە کردن لە ترۆمبیلێکی گوماناوی لە کاتی پاسەوانی دا، دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش نە ئیزنی سەردانی هەبووە و نە بەردراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ لەمەڕ شێوازی دەستبەسەرکرانی خەلیل جەنگی لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە (پاراستن) گوتی: “خەلیل و پێشمەرگەیەکی تری حدکا بە ناوی بەهمەن، ناسراو بە بەهمەن ـە سوور، لە جێژنیکان خەریکی پاسەوانی بوون کە ترۆمبیلێکی گوماناوی چەند جاران بەو شوێنەدا هاتووچووی کردووە و بۆ ماوەیەکی زۆریش لە دوورەوە چاوەدێریی مەقەڕەکانی حدکای کردووە، جاری یەکەم بەهمەن بە مەبەستی لێ پرسینەوە لە ترۆمبیلکەوە بەرەو لایان چووە بەڵام ڕۆیشتوون و پاش ماوەیەکی تر بە هەمان شێوە هاتوونەوە و خەریکی چاوەدێری بەسەر شوێنەکدا بوون، ئەوە لە گومانی خەلیل زیاد دەکا و بەو پێیە کە چەکی بەدەستەوە بووە بۆلایان چووە بەڵام ترۆمبیلەکە ڕایکردووە و خەلیلش کە لەسەر ئەرکی پاسەوانی بووە، تەقەی لێکردووە و ٥ گوللـە بەر ترۆمبیلەکە کەوتووە”.

سەرچاوەکەی ڕۆژی کورد لە درێژەی لێدوانی خۆیدا گوتی: “ئەو ڕووداوە کاتژمێر نزیک بە ٣ی دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە بووە و تا شەو هیچ باس نەبوو تا ئەوەی چەند کەس لە دەزگای هەواڵگرییەوە دێن و خەلیل لەگەڵ خۆیان دەبەن و دەشڵێن تەنیا یەک ڕۆژ لەوێ دەمێنێتەوە و دێتەوە”.

بەپێی لێدوانی سەرچاوەکەی ڕۆژی کورد، دەبێ ئەو ترۆمبیلە هی کۆنسوولگەریی یەکێک لە وڵاتەکان بووە کە پێدەچێ کۆنسوولی بریتانیا بووبێ و گوتی: “ڕاسپێردراوەکانی هەواڵگری گوتیان خەلیل تەقەی لە ترۆمبیلی کۆنسوولی وڵاتێک کردووە و ئەوانیش ڕاستەوخۆ لای سەرۆکی حکومەت سکاڵایان کردووە و ڕاپۆرتی تیرۆریان لە شوێنەکە داوە، هەر بۆیە لەبەر دڵی ئەوان و کاروباری ئیداریش بێ ناچارین تا سبەی بیبەین و بە دڵنیاییەوە سبەی دەگەڕێندرێتەوە”.

لەو ڕۆژەوە تا ئێستا هیچ کەس چاوی بە خەلیل نەکەوتۆتەوە و تەنیا ئەوە نەبێ دەڵێن لە دەزگای هەواڵگریی پارتی ڕاگیراوە.

دۆخی جەستەیی و دەروونیی خەلیل نادیار و ناڕوونە و تا ئێستا ئیزنی چاوپێکەوتنی نەبووە و دادگاییش نەکراوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تا ئێستا خۆی لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە پاراستووە و هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنیش باسی نەکردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت