هەواڵدەری “مهر”ی ئێران هەڕەشەی ڕوداوی دوای میکونوس لە وڵاتانی عەرەبی دەکات

0
609

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی بەفرانباری ئەو ساڵ و دوا بە دوای پچڕانی پەیوەندی چەند وڵاتی عەرەبی لەگەڵ ئێران و داخستنی سەفارەتخانەکانیان لە ئێران و دەرکردنی سەفیرەکانی ئێران لە وڵاتەکانیان، هەواڵدەری “مهر”ی ئێران لە بابەتێک لە ژێر ناوی “سەرەڕۆیی وڵاتە وردەڵەکان بە دژی ئێران/ سەرشۆڕی ئوروپا، دوای میکونوستان لە بیر نەچێ” هەڕەشەی لە وڵاتانی عەڕەبی کرد کە دەیانگەڕێنێتەوە دۆخی ڕابردوویان و چی بە سەر وڵاتانی ئوروپایی لە دوای میکونووس هێنا، ئەوەش بەسەر ئەوان دێنێت و بە سەرشۆڕی دەگەڕێنەوە ئێران.

هەواڵدەری “مهر” هەروەها ئاماژەی دا کە دەوڵەتی سعوودیە لەمێژە بە دژی ئێران هەڵوێستی گرتووە و دژایەتی دەکات. بۆ قسەکانی خۆشی باسی لە کوشتنی حاجیە ئێرانیەکان لە دەیەی شەستی هەتاوی دا کرد و دواتر باسی لە یەکگرتوویی وڵاتانی خەلیج و هەوڵی عەرەبستان بۆ بەدەستەوەگرتنی ڕێبەری ئەو ڕێکخراوە و بێ ئاکام مانەوەی کرد.

هەروەها یەکە بە یەکە باسی لە وڵاتانی ئیمارات، یەمەن، و بەحرەین و سودان کرد و بەشوێن کەوتووی سعوودیە و نمەک بە حەرامی ئێرانی وەسف کردن و نووسی: بەڵام بەحرەین کە لانی زۆرەکەی بەقەرا شارێکی ئێران گەورەیە و تا چەند ساڵ لەمەوبەر بەشێک بووە لە خاکی ئێران بۆ تا ئەو ئاستە سەرەڕۆ بووە؟ چونکە ئەو وڵاتە بوونی خۆی لە ژێر سێبەری سعوودیەدا دەبینێتەوە و لە ڕووداوی شۆڕشی خەڵکی بەحرەین لە ساڵی ٢٠١١، بە پشتیوانی زرێپۆش و سەربازە خوێن خۆرەکانی سعوودیە لەسەر جێی خۆی مایەوە و درێژە بە خوێنمژییەکانی خۆی دەدات.

هەواڵدەری “مێهر” هەوەها لە درێژەدا باس لەوە دەکات کە ئەگەر بێت و ئێران لە سیاسەتی ناونەتەوەیی خۆیدا، بە شێوەیەک کە شیاوی ئێرانە بجووڵێتەوە، ڕەوتەکە ئاوای لێ نایە و عەرەبستان ناتوانێ ببێتە جێگرەوەی نەوتی ئێران لە دونیادا و بە پووڵی دۆلارە با هێناوەکانی خۆی ناتوانێ ئەو وڵاتانە بە دژی ئێران هان بدات و وڵاتانی ڕۆژئاواییش هیچ نەڵێن و بێدەنگ بن.

“مێهر” لە کۆتایی نووسراوە پڕ لە هەڕەشە و سووکایەتییەکی خۆی بەو وڵاتانە کە بە وردەوڵات و هیچیان ناودەبات دەنووسێت: هەڵوێستی ئالی سعوود و دار و دەستەکەی لە داخستنی سەفارەتخانەکان و بانگ کردنەوەی دیپلۆماتەکانیان بە هۆی شکستێکە کە لە سووریە و فایلەکانی تری ناوچەدا، تووشی هاتوون. ئەوان هەوڵ دەدەن کە مژاری لەدار دانی شێخ ئەلنەمر بکێشنە کون و کاژێڕی تر. بەڵام لەو بارەوە پێویستە ڕووداوی پچڕاندنی پەیوەندییە سیاسییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواییان لە دوای دادگا ساختە و درووستکراوەکەی میکۆنووسیان وەبیر بخەینەوە کە دوای ماوەیەک ناچار بوون بە سەرشۆڕی بگەڕێنەوە ئێران

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت