هەواڵدەرانی بێ سنوور، داسەپانی سزای قورس بەسەر چوار ڕۆژنامەوانی ئێرانی، مەحکووم کرد

0
1002

دۆینێ سێ شەممە ٧ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەواڵدەرانی بێ سنوور، وێڕای دەکردنی ڕاگەیێندراوێک،  داسەپانی سزای قورس بەسەر چوار ڕۆژنامەوانی ئێرانی، بە تووندی مەحکووم کرد.

لەو ڕاگەیێندراوە، ئاماژە بە قسەکانی مەحموود عەلیزادە تەباتەبایی کراوە کە پارێزەری سێ کەس لەو چوار ڕۆژنامەوانە ئێرانییەیە کە دۆینێ سزای تووندی زیندانیان بەسەردا سەپا، عەلیزادە تەباتەبایی، دۆینێ باس لەوە کرد کە بە کۆی گشتی ٢٧ ساڵ زیندان بەسەر ئافەرین چیت ساز، ئێحسان مازندەرانی، داوود ئەسەدی و ئێحسان سەفەرزایی، ئەو ٤ ڕۆژنامەوانە ئێرانیە داسەپاوە.

هەواڵدەرانی بی سنوور لە بەیانیەکەی خۆیدا باس لە دۆخی دۆسیەی عیسا سەحەرخیزیش دەکا و دەڵێ:”کۆبوونەوە لەسەر دۆسیەی عیسا سەحەرخیز بە هۆی “نەخوێندرانەوە لە لایەن پارێزەرەوە” بۆ کاتێکی تر دوا خراوە. سەحەرخیز ڕێکەوتی ١٩ی ڕەشەممەی ١٣٩٤ی هەتاوی دوابەدوای مانگرتن لە خواردن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و هەروەها گیرۆدە بوون بە نەخۆشی دڵ، ڕاگوازراوە بۆ نەخۆشخانە”.

ئەوە لە حاڵێکدایە، ئیمان میرزادە، پارێزەری ئیحسان سەفەرزایی، پێشتر کوتبووی، ناوبراو پێنج ساڵ زنیدانیی تەعزیری بۆ بڕاوەتەوە.

تاوانی سەفەرزایی “کۆبوونەوە و دەست تێکەڵ کردن بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات” ڕاگەیێندراوە بەڵام میرزادە دەڵێ، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ناڕەزایەتی خۆی لەسەر ئەو سزایە دەردەبڕێ و دەینێرێ بۆ دادگا.

مەحموود عەلیزادە پێشتر ڕایگەیاندبوو، تاوانی هاوبەشی ئەو ٤ ڕۆژنامەوانە ئێرانییە، “چالاکی و پرۆپاگەندا بە دژی ڕژیم، کۆمەڵگا، دەست تێکەڵکردن و جووڵانەوە بە دژی تەناهیی وڵات” ـە.

بەپێی لێدوانەکانی مەحموود عەلیزادە تەباتەبایی کە پارێزەریی سێ کەس لەوانەی لە ئەستۆ بووە، ئافەرین چیت ساز، دە ساڵ زیندان، ئێحسان مازندەرانی ٧ ساڵ و داوود ئەسەدی ٥ ساڵ زیندانیان بۆ براوەتەوە.

ئێحسان مازندەرانی، بەڕێوەبەری بەرپرسی ڕۆژنامەی “فەرهیختەگان”، ئافەرین چیت ساز، ڕۆژنامەوانی دەوڵەتیی ئێران، ئێحسان (سامان) سەفەرزایی، ڕۆژنامەوانی پێشووی ئیعتماد کە بەشێوەی نیوەکات لەگەڵ مانگنامەی ئەندیشەی پویاش کاری کردووە، داوود ئەسەدی، ڕۆژنامەوانی هاوڕێ لەگەڵ عیسا سەحەرخیز، ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ، ڕۆژی ١١ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی دەست بەسەر کراون. شایانی ئاماژەیە کە عیسا سەحەرخیز تا ئێستاش هیچ سزایەکی بۆ نەبڕاوەتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.