هەدەپە و هەڵبژاردنی دۆینێ

0
1379

ئیبراهیم جەهانگیری
بیرو باوەڕی تاکە کەس، پاساو هێنانەوە ماڵە دیمۆکڕاتی کاول کرد، کۆمەڵەی کردە چەند پارچە، یەکیەتی نیشتمانی وێران و لێک هەڵتەکاند، ئەدی کورد کەنگێ و چۆن دەرس وەردەگرێ؟

باشە ئەگەر کوتت ه د پ دەنگی کەمی کردووە و شکستێکی سیاسیی خواردووە ئەوە بۆ دوژمنکاریە بەرامبەر بە ه د پ! ئەگەرچی من تا ئێستا رەخنەم لە ه د پ نەگرتووە تا بڵێی ئەو هاوارەم بۆخۆمە! کاکی برا ه د پ ٢٠ کورسی پارلەمانی لە هەڵبژاردنێک لەدەست دا کە بە تەما بوو زیاتری بێنێتەوە. ئەدی ناوی ئەمە چییە؟

یەک دەلێ تەغەلوب کراوە و بابەتی دوورودرێژی لەسەر دەنووسێ، لە حاڵێکدا ه د پ کە خۆی بەشداربووی هەڵبژاردنەکانە ئەنجامەکەی قەبووڵ کردووە و ناڵێ تەغەلوب کراوە؟! برادەرێک دۆینێ نوسیبوی خەتای پارتیە! یەکی دیکە دەڵێ تورکیە بە هەڵگیرساندنی شەڕ هەڵبژاردنەکەی بردەوە! خۆلاسە هەموو کەس هەر خەریکی لاواندنەوەی ه د پ و پاساو هێنانەوەیە بۆ ئەو شکستە سیاسییە بەرچاوەی کە دەکرا وا نەبێ.

ه د پ نزیک یەک میلۆن دەنگی کوردانی لە دەست داوە، ڕاستە ئەوان توانای تەبلیغاتیان نەبوو، میتینگە تەبلێغاتیەکانیان لەترسی تەقینەوەی زیاتر و قوربانی زیاتر تەعتیل کرد، ئەوان لێرەدا مەزلووم و مەغدوور بوون. داگیرکەر بۆیە داگیرکەرە زوڵمت لێبکا، بۆیە داگیرکەرە رێگای بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنت لێبگرێ بەڵام ئەگەر هەموو خەتاکە باوێنە سەر ئەردووغان وحیزبەکەی ئەوسا کڵاوتان لەسەری ه د پ ناوە کە بە دڵنیاییەوە ئەوان وا بە هاسانی بەسەر ئەو شکستە دا تێناپەڕن و هەر وا بە هاسانی لێی ناگوزەرێن.

چەپلەیان کەم بۆ لێدەن لە کاتی شکستەکان دا، بەڵام نووسینێک و لێدوانێک مەدە کە دوژمن دڵخۆشکەر بێ و تۆوی بێهیوایی لە دڵی خەڵکدا بچێنی. ه د پ بزووتنەوەیەکی مەدەنی زیندووە و لە بەستێنێکی سیاسیی زۆر ئاڵۆزدا خەرێکی تێکۆشانە، مەجال و دەرفەتی تێکۆشانی هەیە بەڵام سەدان ئاستەنگی دیار و شاراوەش بەروکی گرتوون، لە لایەک دەگەل ئەدووغان و دەسەڵاتی تورک تەرەفە و لە لایەک دەبێ دەگەڵ پ ک ک بێتە ڕەدایە، هیچ کامیشیان گوێ لە قسەکانی ه د پ ناگرن! لە وەها حاڵەتێکدا تێپەڕاندنی ١٠ لەسەد و بەزاندنی بەربەستەکان بۆ گەیشتن بە پارلەمان سەرکەوتنە، بەڵێ دیسان دەیڵێمەوە سەرکەوتنە بۆ کورد، بۆ ه د پ، بۆ بزووتنەوەی مەدەنی ئازادیخوازی باکووری کوردستان، بەڵام شکستەکانیش و نشتیەکانیش دەبێ لەبەر چاوبگیرێن بەو مەرجەی کە باسی شکستت کرد لە هەلىژاردنێک و لە حەرەکەتێکی سیاسییدا ئامانجی تۆڵەکردنەوە و ئامانجی وێرانگەرت نەبێ. ئەوجار خۆ هەر ه د پ شکستی نەخواردووە لە لەو هەڵبژاردنانە دا، ئەدی ج ه پ و م ه پ چی؟! خۆ ئەوانیش دەنگەکانیان کەمی کرد و بۆ ئەردوغان و حیزبەکی چوون! لە سیاسەت دا هەمیشە شکست و سەرکەوتن هەیە، هەڵبژاردن جوانترین و مەدەنیترین و دیمۆکڕاتیکترین کێ بەرکێی سیاسیە، ئەوڕۆ سەرکەوتن و سبەی نششتێکی سیاسیی لە دوویە، ئەڕۆ نشست و سبەی هەستانەوەی بە دوو دادێ بە مەرجێک خوێندنەوەی دروست بۆ بابەتەکە بکرێ و چیدیکە بەرپرسان نەهێڵن بە چەپڵە و هەلهەلە کڵاوێان لەسەر بنێن. پێویستە واقع و راستیەکان وەک خۆیان ببینن چون خەبات بەردەوامە و
رێگە سەخت و پڕ لەکەند و لەندو هەڵدێر و گەوە
هەر دەبێ ببزووم دەبێ بکشێم وچانی لێنەدەم

هێمن
بژی ‌ ه د پ، بژی کورد ، بژی کوردستان

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.