هۆشداری رووسیا سەبارەت بە زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا

0
528

رۆژی كورد : مۆسکۆ سەبارەت بە زۆربوونی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا هۆشداری دەرکرد، ڕووسیە، ئاڵمان و فەرانسە جەختێکی زۆریان کردووە بۆ قەناعەت پێهێنانی ئێران بۆ پابەند بوون و مانەوەی لە پەیمانی ناوەکی بەرجام. هاوکات ئاخافتنی واشنگتۆن لە بەرانبەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دوای هەڕەشەکانی ترامپ لە مەڕ کۆتایی ئێران نەرمتر بووە.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیە پاش نیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە ڕێکەوتی ٢١ ئەیار ڕایگەیاند کە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا لە ناوچەکە پێوەندییەکی زۆری بە ئۆروپاییەکان و هێز و تواناکانی ئەوانەوە هەیە، کە دژکردەوەیەکی گونجاو لە گەڵ نیگەرانیەکانی ئێران لە خۆیان نیشان بدەن. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئاڵمان لەم بڵاوکراوەدا هاتووە کە پێویستە مەرجەکانی پێویست بۆ سازکردنی پێوەندیی بازرگانی لە گەڵ وڵاتی ئێران دا دابین بکرێت. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ڤیلادیمیر پۆتین سەرۆک کۆماری ڕووسیە هاوکات شەوی ڕابردوو لە پێوەندی تەلێفوونی لە گەڵ ئانگێلا مێرکێڵ سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان و ئەمانوئێل ماکرۆن هاوتای فەرانسەوی خۆی جەختی لە سەر ئەم بابەتە کردووە. ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا، دابەزینی ئاستی بەڵێندارێتی کۆماری ئیسلامی بە پەیمانی ناوەکی بەرجام، باروودۆخی سووریە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەیرانەکانی ئۆکراین بابەتەکانی بەرباس لە پێوەندی تەلێفوونی بەرپرسانی ئەو سێ وڵاتە بوون.
دەوڵەتی ئاڵمان ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی هەر سێ وڵات پێداگریان کردووە بۆ قەناعەت پێکردنی ئێران بۆ پابەند بوون و مانەوەی لە پەیمانی ناوەکی بەرجام. هەروەها بە پێی ڕاپۆرتی کۆشکی کرێملین پووتین، مێرکێڵ و ماکرۆن پابەندبوونی وڵاتەکانی خۆیان لە مەڕ هاوکاری بازرگانی و ئابووری لە گەڵ ڕژیمی ئێران  دووپات کردووەتەوە و جەختیان لە سەر کردووە.
ڤلادیمیر پۆتین لە چاوپێکەوتنی حەوتووی ڕابردووی خۆی لە گەڵ مایک پۆمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا لە پێوەندی لە گەڵ کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا ئاماژەی پێدابوو کە ڕووسیە ئاگرکۆژێنەوە هەر قەیرانێک نیە و ڕێگا چارەی تێکهەڵچوونی ئێستای نێوان تاران و واشنگتۆن بە تەواوەتی بە دەس مۆسکۆ نیە بەڵکوو پێویستی بە یارمەتی هەموو دەورگێڕان لەوانە ئامریکا و ئێران و ئۆروپا هەیە. ئاڵۆزی نێوان ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی دەرچوونی ئامریکا لە پەیمانی ناوەکی بەرجام لە لایەن سەرۆک ترامپ زیادی کرد. واشنگتۆن لە بڕیارێکی نوێدا بایکۆتی بۆ سەر پیشەسازییە ئاسنەواڵە و کانزاییەکانی ئێران زیاد کرد و تارانیش ڕایگەیاند کە چی دیکە پابەندی بەڵێنەکانی بەرجام نابێت، هاوکات رۆژی دووشەممەی حەوتووی ڕابردوو ئێران ڕایگەیاند ئاستی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی بە ڕێژەی بێخەوشیەکی نزم لە دامەزراوە ناوەکیەکانی خۆی لە نەتەنز هەتا چوار ئەوەندە زیاد کردووە.
بە پێی ڕاپورتی هەواڵنێری ئاڵمان وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیە هەر لەم بارەوە ڕایگەیاندووە بە وردی بارودۆخەکەمان ڕەچاو کردووە و هیوادارین ئێران چالاکیەکی ئەوتۆ کە ببێتە هۆی شکان و لەژێر پێنانی بەڵێنەکانی لە پەیمانی بەرجام لە خۆی نیشان نەدات.
دوابەدوای زیادبوونی کێشە و ئاڵوزییەکانی نێوان ڕژیمی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئامریکا ناوگانی فڕۆکە هەڵگری ئابراهام لینکۆڵن و بۆمبهاوێژی بی ٥٢ی خۆی بۆ سەر ئاوەکانی کەنداوی فارس لە سەر سنووری ئێران بەڕێکرد و بیانووی ئەم چالاکیانەشی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکە ڕاگەیاند. چالاکی تێکدەرانە بۆ سەر چوار کەشتی نەوتهەڵگری عەرەبستان لە ئاوەکانی ئەمارات ئاڵۆزییەکانی زۆرتر کرد و تاوانەکانی دیسان گەڕانەوە بەرەو ڕووی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئامریکا و هاوپەیمانی عەرەبستان سعوودی کۆماری ئیسلامی تاوانبار ئەکەن بە پشتیوانی تێروریسم و ئاڵۆزی و بشێوی لە ناوچەکەدا.
دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا رۆژی یەکشەممە دوابەدوای وێکەوتنی مووشەکێکی کاتیۆشا بۆ نزیکی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدای پێتەختی وڵاتی عێراق لە پەیامێکی خۆی لە سەر هەژماری توییتێر هەڕەشەی لەناوبردنی ئێرانی کرد و باسی لەوە کرد ئەگەر ئێران حەزی لە شەڕ و ئاڵۆزییە ئەوا ئەم شەڕە کۆتایی فەرمیی ئێران ئەبێت.
هاوکات لە ئێستادا چەشنی ئاخافتنی ئامریکا کەمێک لە سەرخۆ و نەرمتر بووە، پاتریک شاناهان وەزیری بەرگری کاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دوێنێ سێشەممە لە واشنگتۆن باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی خوازیاری دەسپێکردنی شەڕ لە گەڵ ئێران نیە و مەبەستی ئامریکا لە زیادکردنی هێزە سەربازییەکانی لە ناوچەکە ئاگاداری ناوچە و پارێزگاری گیان و ماڵی ئامریکاییەکان و بەرژەوندییەکانی وڵاتەکەی ناوبرد. هاوکات جەختی لە سەر ئەوە کرد کە ئامریکا خوازیاری خراپتر بوونی دۆخەکە نیە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.