هونەرمەندێکی کورد لە گەورەپێشانگای ساڵانەی فەڕانسە بەشدارە+وتووێژ

0
1537

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، ناسر قازی زادە، هونەرمەندی نیگارکێشی کورد لە گەورەپێشانگای ساڵانەی پاریس بەشداری دەکا و تابلۆیەکی وەک بژاردە لەو پێشانگایەدا بەشدارە.

ئەو پێشانگایە لە ڕێکەوتی ١٤ تا ١٩ی فێوریە ٢٠١٧ دەکرێتەوە کە پێشانگایەکی ساڵانەیە کە لە ساڵی ١٩٩٠ـەوە تا ئێستا بەڕێوە چووە و هەموو ئەو هونەرمەندە فەڕانسەییانە کە نوێگەریان لە بواری هونەردا کردووە، ساڵانه‌ تێیدا بەشدار دەبن.

پێشانگاکە لە هۆڵی “گراند پالە” کە لە بەرانبەر کۆشکی ئێلیزەی پارس هەڵکەوتووە دەخرێتە بەر چاوی خەڵک و هۆگرانی هونەر.

ئە وپێشانگایە لەلایەن سەرۆک کۆماری فەڕانسەوە بە فەرمی پشتگیریی دەکرێت و هەموو ساڵێک دەخرێتە گەڕ.

ناسر قازی زادە لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ ناوەندی ڕۆژی وکرد لەمبارەوە گوتی: ” من ئەمساڵ بە تابلۆیەک بە بۆنەی والنتاین کە ڕۆژی خۆشەویستیە بەشدارم، تابلۆیەکە بە ناوی “ئەوین” واتا “هەموو شتێک بۆ ئەڤین وئەڤین بۆ ئازادی”، بەشداریم کردووە کە لە لایەن کۆمسییۆنەوە وەک تابڵۆیەکی نموونە هەڵبژێردراوە و لە پێشانگادا بەشداری پێ دەكرێ و دواتر دادوەریان لەسەر دەکرێ”.

قازی زادە لەمەڕ پەیامی ئەو تابلۆیە گوتی: ” ئەم تابلۆیەم بە هۆی هەبوونی کێشەگەلی زۆر لە خۆرهەڵاتی ناڤین و بەتایبەت لای مرۆڤ کورد، کێشاوەتەوە، ئازارەکان وایانکردووە مرۆڤی کورد لەناوخۆیدا بێ و کۆمەڵێک کێشەی دەرونی بۆ دروست بکرێ کە لەو تابلۆیەدا خۆی دەنوێنێ”.

بە گوێرەی لێدوانی ناسر قازی زادە، ٥٥٠ هونەرمەندی فەڕانسەوی لەو پێشانگایەدا بەشداریان کردووە.

ناسر قازی زادە، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کە ماوەی ٣٠ ساڵە لە وڵاتی فەڕانسە نیشتەجێیە، ماوەیەک بەر لە ئێستا لەلایەن ئەنستیتۆی کورد لە فەرانسە پێشانگایەکی لەژێر ناوی “٣٠ ساڵ کار لە فەڕانسە” بۆ پێکهات کە تێیدا بەرهەمەکانی خرانە ڕوو.

یەکێک لە دوا کارەکانی ئەو هونەرمەندە کوردەی خەڵکی شاری سەردەشت، تابلۆی کۆڵبەرە کە وەک خۆی دەڵێ “لەدوای بیستنی هەواڵی مەرگی کۆڵبەران لە ژێر ڕنوو، هەستێکی ناخۆشی بووە و چەند ڕۆژ بیری لێکردۆتەوەو ئەوە بۆتە هەوێنی ئەو تابلۆیە و لە ماوەی ٣ شەو و ٣ ڕۆژدا ئەو تابلۆیەی کێشاوەتەوە کە “مێتامانفۆز”ـە و مەبەست لەو شیوازە کە تێیدا جێگۆڕکێیەکی لە نێوان مرۆڤ و بۆ نموونە ئاژەڵەکان دێتە ئاراوە و لە کوردستانیش بە هۆی زەخت و زۆرداری، ئێستا مرۆڤ، جێگای شتی تری گرتۆتەوە و بۆ نموونە کارێک دەکات وەک کۆڵبەری کە کاری مرۆڤ نیە و ئەوەش ڕادەی تاڵیی ژیان لە کوردستان لە خۆرهەڵات نیشان دەدات.”

هونەرمەندی نیگارکێشی کورد، ناسر قازی زادە دەڵێ: “بەو تابلۆیە جارێکی تر گەڕامەوە سەردەشت و هەموو ئازارەکانم جارێکی تر بە جەستە و بە هەست، هەست پێکرد، بە چرکەش مام خدر و باری قورسی کۆڵبەرانم لە پێش چاو بزر نەدەبوو و وایکرد کە تووشی پشت ئێشەیەکی سەیر هاتم و لە کاتی نیگارکێشانەتەوەکەشدا سەرما هەموو لەشی داگرتبووم”

This slideshow requires JavaScript.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت