هونەرمەندی کورد “خالید خاکی” بە شێوەیەکی گوماناوی کۆچی دوایی کرد

0
953

ڕۆژی کورد: بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد، ئەمڕۆ هەینی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، چالاکێکی فەرهەنگیی کوردی شاری سەقز، بە شێوەیەکی گوماناوی کۆچی دوایی کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانە، تەرمی “خالید خاکی” چالاکی فەرهەنگی، شانۆکار و سەرنووسەری مانگنامەی “ساکار” بە شێوەیەکی گوماناوی لە ناو ماڵەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە.

تەرمی ئەو هونەرمەند و چالاکە فەرهەنگییە کوردەی شاری سەقز، بە مەبەستی پشکنین، ڕەوانەی پزشکیی یاسایی شاری سەقز کراوە.

خالید خاکی، لە بواری هونەری شانۆ، نووسینی کورتەچیرۆک و وەرگێڕان، یەکێک لە کەسایەتییە ناودارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و تا ئێستا چەندین بەرهەمی پێشکەش بە پەرتووکخانەی کوردی کردووە.

خالید خاکی، هەروەها سەرنووسەری گۆڤاری “ساکار” بووە کە لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوییەوە بە یارمەتیی چاپەمەنیی گوتار، لە شاری سەقز دەستی بە وەشان کردبوو.

خالید خاکی، ساڵی 1336 هەتاوی لە گوندی (دایە سڵێمان) هەڵکەوتوو لەسەر چۆمی ئایەنان لە ناوچەی ساحێب لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە شاری سەقز تەواو کردوە، لەزانکۆی پەیامی نووری سەقزی بڕوانامەی کارناسیی ئەدەبیاتی فارسی وەرگرتوه.

خالید خاکی پێشتر مووچەخۆری ئیدارەی موخابراتی شاری سەقز بوو بەڵام ساڵی 1362 هەتاویدا لەسەرکار وەلانراوە و ماوەی ١٨ مانگیش سزای بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

 هونەرمەند خالید خاکی، ئەندامێکی کارامەی تەنیا گروپی شانۆی ئەوساڵانەی شانۆی “شار”ی سەقز لە دەیەکانی 50 و 60 دا بووە و لە گەلێک لە شانۆکانی گرووپی شانۆی شاردا لە ساڵۆنی شارەداری ئەوکات دەوری گێڕاوەو شارەزای زۆربەی شانۆنامەکانی شانۆنووسانی ئێرانی وەک (بەیزایی) …. هتد بووە.

 شانۆی (شەهیدی دو وەم) یەکێک لە کارە بەتواناکانی ئەو هونەرمەندە کوردەی شاری سەقزە و لە ناوخەڵکی ئەوکات دا ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت