هاووڵاتیەکی کورد بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی رژیم، گیانی لە دەست دا

0
554

بەپێی زانیارییەکان، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، شازدەی بەفرانبار، هاووڵاتیەکی کوردی خەڵکی گوندی مافرانی سەر بە شاری ورمێ بەناوی گرمان مەحموودپوور، کوڕی عەلی، تەمەن ٤٦ ساڵان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامیەکانی شاری سێرۆی سەر بە پارێزگای ورمێ، گیانی  لە دەست داوە. بە پێی زانیارییەکان، سەری گرمان بە گوللە پێکراوە و هەر بەو هۆیەشەوە گیانی لە دەست داوە. شایانی باسە کە بە پێی لێدوانی بنەماڵەی گرمان بۆ ئاژانسی دەنگ و باسی کوردپا و هەروەها زانیاریی سەرچاوە ناوخۆیی و خۆجێییەکانی ڕۆژی کورد، گرمان کەسێکی وەرزێڕ بووە و لەو رێگایەوە ژیانی خۆی و خێزان و سێ منداڵەکەی دابین کردووە و کار و باری قاچاغی سەر سنووری نەکردووە. بەو پێیە تەقە کردن لە گرمان مەحموودپوور بە ئانقەست و بێ هەگەر و هۆکار بووە و دەچتە خانەی ئەو تەقە کردنانەی کە زۆر جار سەرباز و پاسداڕەکانی ناوچە سنوورییەکان بۆ ڕابواردن یان بە هۆی ڕقی تاکەکەسییەوە ئەنجامی دەدەن. شایانی باسە کە پاسگا و پایەگاکانی ناوچە سنوورییەکان هەر لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەر کار ڕژێمی کۆماری ئیسلامی حوکمی تیر (تەقە کردن)یان هەیە و هیچ لێپرسینەوەیەکیشیان لێ ناکرێت. هەر بەو هۆیە تا ئێستا سەدان کەس کوژراوە و بە ناوی تەقەی هەڵە، کەسی گومان لێکراو و دەیان ناوی داتاشراو، خەڵک دراوەتە بەر گوللە و کوژراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت