هاووڵاتیەکی ناوچەی قەسری شین بە تەقینەوەی مین بریندار بوو

0
873

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد ئەوڕۆ دووشەممە ٢١ی بەفرانبار، لە بەشی سۆماری سەربە شارستانی قەسری شیرین، بە هۆی تەقینەوەی مین کە دەگوترێ لە پاشماوەی مینەکانی بە جێماوی شەڕی ئێران و عێراقە، هاووڵاتیەکی کورد، بریندار بوو.

ئەو هاونیشتمانییە کە ناوی محەممەد عەلی چراغییە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات، وەسەر مین پەڕیوە و لاقی ڕاستی بە تووندی بریندار بووە.

بە پێی ئامارەکان لە سەرەتای ئەو ساڵی هەتاوییەوە تاوەکوو ئێستا لەو شارستانیە سنوورییە، ٢٤ کەس بوونە قوربانی ڕووداوی تەقینەوەی مین و لەو ئەژمارە ٦ کەس گیانیان لە دەست داوە و ١٨ کەسیش بریندار بوون.

شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی تاکو ئێستا نە ڕێککەوتن نامەی ئۆتاوا و نە هیچ ڕێککەوتن نامەیەکی  دژە مینی تری وەکوو پەیماننامەی ئۆسلۆ (پەیماننامەی دژ بە بەکار هێنانی بۆمبە هێشووییەکان)ی واژۆ نەکردووە. بە پێی ئەو ڕێککەوتننامە ناونەتەوەییەانە، دەوڵەتەکان ناچارن لە ماوەی دە ساڵدا سەرجەم کێڵگە و مەزراکان لە مین پاقژ بکەن. لە نێوا دراوسێکانی ئێران، وڵاتانی عێراق، ئەفغانستان و کوەیت، ئەندامی پەیماننامەی ئۆتاوان.
ڕێککەوتن نامەی ئۆتاوا لە ساڵی ١٩٩٧ و بە ئامانجی قۆرغ کردنی بەکارهێنان، ڕاگرتن، بەرهەمهێنان و جێ گۆڕکێی مینی دژە نەفەر لە ئۆتاوای وڵاتی کانادا و لە نێوان چەند وڵاتدا، واژۆ کرا. لە ساڵی ١٩٩٧ی زایینییەوە تا ئێستا ١٥٨ وڵاتی جیهان پەیوەست بەو ڕێککەوتننامەیە بوون بەلام کۆماری ئیسلامی ئێران تا هەنووکەش خۆی لێ بواردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.