نەورۆز و ڕاسان، دوو گراوی سەربەستیخواز

0
1388
کاروان مێراوی

نەورۆز لە نێو نەتەوەی کورددا هێمای پێکەوە ژیان و نیشانەی یەکڕیزییە، بۆیە داگیرکەران و لە سەرووی هەموویانەوە کۆماری پەت و سێدارە لێی تۆقیون و پێش بە بەڕێوەچوونی  ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە زۆربەی شار و گوند و ناوچەکانی کوردستان دەگرن.

نەورۆز لە ئێستای ڕۆژهەڵاتدا، یاد کردنەوەی دوو جێژنە کە یەکیان نەورۆزە و هێمای نوێ بوونەوە سرووشتە و ئەویتریان یادکردنەوەی ڕاگەیاندنی خەباتی نوێی ڕۆژهەڵاتە کە لە نەورۆزی ۲۷۱۵ی کوردیدا لە نێوان سنوورە دەستکردەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات لە بناری هەڵگورد لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە ڕاگەیێندرا.

نەوڕۆز و ڕاسانی ڕۆژهەڵات دوو چەمکی گرێدراوی یەکن و لە دوو ناودا واتایەکی هاو شێوەیان هەیە.

نەورۆز واتە نوێ بوونەوە، زیندوو بوونەوەی سرووشت، چرۆ دەرکردنی ژینگە، هەستانەوەی گوڵ و گیان و دار و لێڕەوارەکان…هتد

ڕاسان واتە هەستانەوە، نوێ بوونەوە، زیندوو بوونەوە، هێز گرتن، ڕابوون و …هتد.

جگە لە پێگەی نێوەکەیان کە گرێدراو و هاوواتای یەکن، لە لایەکی دیکەوە کە پێشتریش ئاماژەم پێکرد، ڕاسان لە ڕۆژی نەورۆزی ۲۷۱۵ی کوردی، لە لایەن ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتەوە لە ڕێگای سکرتێری گشتی ئەو دەمەوە، بە فەرمی ڕاگەیندرا کە درۆشمی “گرێدانی خەباتی شار و شاخ”ـی بە خۆوە گرت و هەر لە هەمان کاتیشدا گرێدرا بە نەورۆزـەوە، بۆیە کۆماری ئیسلامیی پەت و سێدار لە نەورۆز و نەورۆزییەکان زۆر دەترسێت و وەزاڵەش هاتووە.

جێژنی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ۲۷۱۵ی کوردی بەم لاوە، بە شێوەیەکی جیاوازتر و بە هێماییتر لە ساڵانی پێشووتر یادی لێدەکرێتەوە، واتە ئەگەر نەورۆز لە ساڵانی ڕابردوودا تەنیا یەک بۆنە و یەک یان چەند پەیام پێ بوو بەڵام لە ساڵی ۲۷۱۵ی کوردی بەملاوە نەورۆز له ڕۆژهەڵات وەکوو دوو بۆنەیە و چەندها پەیامی پێیە کە ئاراستەی دوژمنانی کوردی دەکات.

ئەو پێگە بەرزەی نەورۆز و ئەو ڕقە زۆرەی دوژمنانی داگیرکاری نەتەوەی کوردمان هەمیشە و هەموو ساڵێک بینیوە لێ ئەمساڵ و بەتایبەتی لە گوندێ نێ ـی سەربەرز، هێرشی ڕژیم و چەکدارەکانی و تەقە کردن لە خەڵک و بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕێژ بە ڕووی ژن و منداڵانمان بینی بەڵام لە هەمبەردا خەڵکی نێ، خۆڕاگریەکی قارەمانەیان کرد و لە خۆیان نواند کە بە هەق دڵی داگیرکەری تارانی لەرزاند.

لەلایەکی تریشەوە، نەورۆزی ئەمساڵ، بوو بە هێمایەکی جیاواز، وێنەی ئەردۆغانی فاشیست و ئاڵای تورکی داگیرکەر، ئاگری تێبەردرا کە ئەوە بە واتا و نیشانەی دژایەتیی کوردی ڕۆژهەڵات لەگەڵ داگیرکردنی خاکی کوردستان لە عەفرین و ژینۆسیدی کورد لەو بەشە لە نیشتمان بوو کە لانیکەم تا ئێستا ٢٨٠ کەس شەهید بوون و زیاتر لە ٧٠٠ کەس تێیدا بریندار بوون کە زیاتر لە ٥٠ کەسیان منداڵ بوون. کوردی ڕۆژهەڵات بەو شێوەیە هەموو ناڕەزایەتیی پنگ خواردوو لە دەروونی خۆیدا، ڕوو بە نەیاران نیشاندا کە لە ڕاستیدا، ڕووی سەرەکیی ئەو پەیامە بۆ تاران و ناوەندخوازەکان بوو.

نەورۆز بۆنەیەکی نەتەوەییە کە هەمووساڵێک لەلایەن نەتەوەی کورد و چەند نەتەوەیەکی تریش یادی دەکرێتەوە، بۆنەیەکی دیکە، یاد کردنەوەی ڕاگەیاندنی خەباتی نوێی ڕۆژهەڵاتە کە لە ژێر ناوی ” ڕاسانـ”ـدا و لە هەمان ڕۆژدا ڕاگەیندراوە.

 ئەم دوو بۆنەیە لەم یەک، دوو ساڵەدا بە شێوەیەکی جیاوازتر یادی لێدەکرێتەوە و لەو ڕۆژدا زۆربەی ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە وتنەوەی درۆشمە نەتەوایەتییەکان و بەرز ڕاگرتنی هێما نەتەوەیەتییەکان و لە بەر کردنی جلی خاکی (جلی پێشمەرگانە) و سەمای جامانە و هەوری و وتنەوەی سروودە نەتەوەییەکان، یادی ڕاگەیاندنی ” ڕاسان ” و جێژنی نەورۆز دەکەنەوە و پێکەوە بوون و یەکڕیزی گەلی کورد بە دوژمنی دڵ پڕ لە قین ئەیسەلمێنێت،ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە هیچ داگیرکەرێک ناتوانێت بە چۆکماندا بێنێت و لە بەرانبەر دوژمندا تەسلیم نابین و سەرکەوتنی نەتەوەکەمان مسۆگەر دەکەین.

نەورۆز، هێمایەکی نەتەوەییە کە وەکوو چەکێکی بەهێزی خەباتی مەدەنی دێتە هەژمار بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران،سەرەکیترین و دڕندەترین دوژمنی کوردی وەزاڵە هێناوە.

لە کۆتاییدا، بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی تازە و نوێ بوونەوە سرووشت و دەست پێکی ساڵێکی دیکەی ژیان واتە ۲۷۱۸ی کوردی گەرم ترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم خەڵکی خۆڕاگری کوردستان ئەکەم.

کاروان مێراوی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.