نەوتهەڵگری “ئادریان دەریا ١” بە گۆڕینی شوێنی ڕێگای لە قەراغ ئاوەکانی تورکیە دوور کەوتەوە

0
1376

ڕۆژی کورد :
نەوتهەڵگری “ئادریان دەریا ١” کە ئەم ماوە بووەتە هۆی دەمەقاڵەی نێوان ئێران و ئامریکا، شوێن مەبەستی خۆی گوڕیووە و لە قەراغ ئاوەکانی تورکیە دوور کەوتووەتەوە. بەرپرسێکی فەرمیی تورکیە باسی ئەوەی کردووە کە ئەو نەوتهەڵگرە ئێرانییە نەهاتووەتە ناو ئاوەکانی وڵاتی تورکیە. تا ئێستاش شوێنی کۆتایی ئەم نەوتهەڵگرە دیار نیە.

ناوەندی هەواڵنێری ڕویتێرز ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ئووت لە ڕاپۆرتێکیدا لە ئەستەمبۆڵ ڕایگەیاند بە پێی زانیارییەکانی کە لە داتاکانی ماڵپەڕی دۆزینەوەی شوێن پێی هاتووچۆی کەشتییەکان وەریانگرتووە، نەوتهەڵگری ئێرانی “ئادریان دەریا ١” بە گۆڕینی شوێنی خۆی لە قەراغ ئاوەکانی تورکیە دوورکەوتووەتەوە. پێشتر ڕاگەیەندرابوو کە ئەم کەشتییە نەوتهەڵگرە بەرەو وڵاتی یوونان و قێبرس ڕێگا دەبڕێت، بەڵام دەوڵەتی ئامریکا هۆشداری بە وڵاتانی یوونان و قێبرس دابوو کە هاوکاری نەوتهەڵگری “ئادریان دەریا ١” نەکەن. بەرپرسانی ئامریکایی بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندبوو کە هەر کەس و لایەن یان هەر وڵاتێک ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ یارمەتی ئەم نەوتهەڵگرە بکەن سزا دەدرێت. ئامریکا یارمەتی ئەم نەوتهەڵگرە کە بەکرێگرتەی سۆپای پاسدارانە وەکوو یارمەتی رێکخراوێکی تێروریستی دەزانێت. یوونان لە کاردانەوە بۆ هەڕەشەی ئامریکا ڕایگەیاندبوو کە ئیجازە نادات نەوتهەڵگری “ئادریان دەریا ١” لە قەراغەکانی وڵاتەکەی نزیک بێتەوە و ڕێگای پێ نادات.
نەوتههەڵگری ناوبراو دوای دژایەتیکردنی یوونان شوێنی خۆی بەرەو بەندەر مێرسین هەوڵکەوتوو لە باشووری تورکیە گۆڕیبوو. بە پێی دوایین زانیارییەکانی سیستەمی چاودێر بۆ سەر هاتووچۆکردنی کەشتییەکان، ئەم نەوتهەڵگرە شوێنی ڕێگای خۆی بەرەو قەراغ ئاوەکانی وڵاتی تورکیە گۆڕیبوو. ئادریان دەریا ١ کە پێشتر ناوی “گریس ١” بوو ڕێکەوتی ٤ی تەمووز بە تاوانی هەڵگرتنی نەوتی سووریە و لە ژێر پێ نانی بایکۆتەکانی یەکیەتی ئەوروپا دژی سووریە لە لایەن هێزی دەریایی جەبەل تارێق و لە هاوکاری لە گەڵ هێزی دەریایی بریتانیا دەستبەسەر کرابوو.
دادگایەک لە ئامریکا ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٩ی ئووت و دوای هەڵگرتنی بڕیاری دەسبەسەرداگرتنی ئەم نەوتهەڵگرە لە لایەن بەرپرسانی دادوەری جەبەل تارێق بڕیاری دەسبەسەرڕاگرتنی دووبارەیان بۆ ئەم نەوتهەڵگرە دەرکرد. نەوتهەڵگری “ئادریان دەریا ١” هەڵگری ٢ ملوێن بەرمیل نەوتی نەپاڵوێراوە بە مەزندەی بڕی ١٣٠ ملوێن دۆلار. ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەم نەوتهەڵگرەی بە بارەکەیەوە فرۆشتووە.
ئامریکا ئەڵێت داهاتی پارەی فرۆشتنی نەوتی نەوتی ئەم نەوتهەڵگرە لە خزمەت چالاکییەکانی گرووپە تێروریستییەکانی سەر بە سۆپای پاسداران دابووە و هەر بۆیەش ئێمە خوازیاری دەسبەسەرکردنی ئەم نەوتهەڵگرە و دەست بە سەرداگرتنی باری هەڵگرتووین.
بەرپرسێکی باڵای تورکیە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ئووت بە هەواڵنێری ڕویتێرزی ڕاگەیاندبوو کە نەوتهەڵگری ئێرانی نەهاتووەتە ئاوەکانی وڵاتی تورکیەوە. ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ئووت عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی دەوڵەتی ئێران، لە دانیشتنێکی هەواڵگری حەوتووانە سەبارەت بە چارەنووسی نەوتهەڵگری ئێرانی “ئادریان دەریا ١” و شوێنی کۆتایی سەفەرەکەی باسی لەوە کرد و وتی : ئێران نەوتەکەی فرۆشتووە و ئەوە کڕیارە کە شوێنی کۆتایی دیاری دەکات. ڕەبیعی ئەرخایەنی دا لەوەی کە خاوەنی ئەم کەشتییە، نەوتهەڵگرەکە و بارەکەی بە جێگای مەبەست دەگەیەنێت و ئێمە هیچ زانیارییەکمان لە سەر شوێنی کۆتایی لە بەر دەست نیە. وتەبێژی دەوڵەتی ڕژیمی ئێران دیاری نەکردووە کێ نەوتەکەی کڕیووە و شوێنی کۆتایی ئەم نەوتهەڵگرە کوێیە؟ دوایین زانیارییەکان و داتاکانی سیستەمی شوێن کەوتنی کەشتییەکان دەری دەخات کە ئەم نەوتهەڵگرە لە ئێستادا لە قەراغ ئاوەکانی نێوان تورکیە و قێبرس بەرەو ڕۆژئاوا لە ڕێپێواندایە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.