نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش منداڵی هەڵگری پشتێنی مین ڕێژکراو بەکار دێنێ

0
657

ڕۆژی کورد: ئەمڕۆ هەینی 21ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە دزینی ژنان لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی دائش و بەکارهێنانی منداڵانی هەڵگری پشتێنی مین ڕێژکراو بۆ ڕووبەرووبوونەوە بە هێرشەکانی سەر موسڵ کرد.

لە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە کە داعش چەندین ژنی دزیون و وەک ئەسپەری مرۆڤی بۆ کاروانە سەربازییەکانی خۆی کەڵکیان لێوەردەگرێ و بەشێک لەو ژنانەشی لە نێوان چەکدارەکانی خۆی و بە مەبەستی سێکسی، دابەش کردوون.

لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها گوتراوە کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، منداڵی هەڵگری پشتێنی مین ڕێژکراو لە ناوەندی موسڵ بەکار دێنێ.

نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە کوشتنی تۆڵەئەستێنانە لە خەڵکانی سڤیل و کەسانی سەر بە هێزەکانی ئێراق لە موسڵ بڵاو کردۆتەوە.

لە ڕاپۆرتی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەروەها گوتراوە کە لە ماوەی ئەم ٢ حەوتوویەی دواییدا، داعش ٢٠ کەسی ئاسایی لە موسڵ بە تاوانی ناردنی زانیاری لەسەر داعش بۆ دەرەوە، تیرباران کردووە.

ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردووش، داعش 40 کەسی ئاسایی بە تاوانی خیانەت کوشتووە و دواتر تەرمەکانیانی لە سەر تیری کارەبایی هەڵواسیوە.

داعش هەروەها ٦ی مانگی نوامبر ٦ کەسی بە تاوانی هەڵاتن لە گۆڕەپانی شەڕ لە گۆکجەلی لە نزیک موسڵ، لە سێدارە داوە..

 

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت