نێچیرڤان بارزانی: گەلی کوردستان لە ڕفراندۆمێکدا بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات

0
643

ئێوارەی رۆژی دووشەممە ٢٥ی فێوریە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ شاندێكی نێردەی یەكێتی ئەوروپا بۆ عێراق کۆبووەوە.

شاندی نێردەی یەکێتی ئوروپا لە كۆستەنتینۆس ڤارداكس، هەڵسوڕێنەری كاروباری نێردەی یەكێتیی ئەوروپا بۆ عێراق و بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان، كۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان پێكهاتبوو.

بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەم سەردانەدا نێچیروان بارزانی باسی لە ئەنجامدانی ڕفراندۆم بۆ بڕیاردان لەسەر سەربەخۆیی کوردستانی باشوور کرد و گوتی: “گەلی كوردستان لە چوارچێوەی پیادەكردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسدا، لە ریفراندۆمێكدا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات و هەر بڕیارێكیش گەلی كوردستان بیدات لە چوارچێوەی گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەكی ئاشتییانە دەخرێتەڕوو و گفتوگۆی لەسەر دەكرێت”. لە بەرانبەردا شاندی یەکێتی ئەوروپا، رایانگەیاندووە، کە یەكێتیی ئەوروپا بە بایەخەوە سەیری بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەكات و پەرۆشیی خۆیان بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانە داراییە پیشان دا كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە.

شاندەکەی یەکێتی ئەوروپا ئاشكرایان كرد كە لە بەرنامەیاندایە دیدار لەگەڵ هەموو لایەنەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن و یەكڕیزی و چارەسەركردنی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستانیشیان بە هاندەرێكی چارەسەركردنی دۆخەكە وەسف كرد و پشتگیریی خۆشیان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و كێشە ناوخۆییەكان دەربڕی.

بە پێی هەواڵی ماڵپەڕەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بۆ پشتگیریی یەكێتیی ئەوروپا لە بارەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە “حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە پلانێكی چارەسەركردن و رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە داراییە كردووە و بۆ ئەم مەبەستەش حكومەتی هەرێم پێویستی بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەتایبەتی یەكێتیی ئەوروپا هەیە لەڕووی دابینكردنی هاوكاریی تەكنیكی و شارەزا و پسپۆڕەوە”.

شایانی باسە کە فدریکا موگرینی، سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئوروپا، ٥ی ڕەشەممەی ئەو ساڵ ڕایگەیاند کە ئەو بلۆکە سیاسی – ئابوورییە (یەکگرتووی ئوروپا)، دژایەتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکا و درووست بوونی دەوڵەتێکی کوردی لە خۆرهەڵاتی ناڤیندا دەکات. موگرینی هەروەها گوتی: یەکگرتووی ئوروپا هیچ بەرنامە و ڕێڕەوێکی جیاوازی بۆ کوردەکانی تورکیە، عێراق یان سووریە لە بەرنامەی کاری خۆیدا نیە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.