نیزامی پیاوسالار و پرسی ژن

0
1318

جەلال ڕەوانگەرد

جەلال رەوانگەرد

 ئەوەی لە نووسراوە مێژووییەكاندا لەهەمبەر بابەتی فیمینیستیەوە بەرچاو دەكەوێ‌‌و هەروەهاش لە قسە‌و باسە فیمینیزمییەكاندا هەموو كاتێك بە شێوەیەكی جیدی ئاوڕی لێدەدرێتەوە، پێویستی فێركردن‌و بارهێنانی بوارە جۆراوجۆرەكان بۆ ژنان‌و كچانە.  مافی خوێندنیش گرینگترین مژار بووە‌و ئیستاكەش هەر بەردەوامە.

نیزامی پیاوسالار بە لەپەراوێز خستنی ژنان لە خوێندن‌و بارهێنان لە قۆناغە جۆراوجۆرە مێژووییەكاندا، كەڵكی وەرگرت‌و پوانگەلێكی وەدەست هێنا، تاكوو لەو رێگەیەوە زیاتر توێژی ژن بچەوسێننەوە‌و دەسەڵاتی كۆمەڵگا بەدەستەوە بگرێ‌. هەوڵدانیان بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات كە لە بنچینە‌و ریشەی سەرهەڵدانی نیزامی پیاوسالاری‌و مڵكداریەتی تایبەتی بووە‌و هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم قۆناخە كە هێشتا ژنان سەربەخۆیی خۆیان لەدەست نەدابوو، بەرۆكی گرتن ‌و لە بەرژەوەندی ئەم نیزامەدا بۆ ئەوەی كە بەربەرەكانێی دەسەڵات تەنیا لە نێو رەگەزی نێردا قەتیس بێتەوە‌و كارەكانی خۆیان ئاسانتر بكەنەوە. هەموو كاتێك خووی لەسەرەخۆ بوونی ژنان هەوڵی دۆزینەوەی رێكار‌و چارەسەرگەلێكی پوزەتیڤ بووە بۆ لەناوبردنی كێشەكان ‌و بەربەرەكانێ‌كردن لەگەڵ رووداوە جۆراوجۆرەكاندا‌و پیاو هەموو كاتێك بەشەڕ و كێشەنانەوە‌و دانانی بەربەست لەسەر رێگەی بەرامبەری، مەترسییەكی گەورە بووە بۆ پەرەدان بە دەسەڵاتخوازی پیاوان و ئەگەریش ژنان لەو قۆناغەدا توانای بەرابەری ‌و ئەكتیڤ بوونی خۆیان دەرخستبا بە سانایی دەیانتوانی دەسەڵاتخوازی‌و ئاسایشی پیاوان تووشی ئاڵۆزی بكەن.

ئەم رێكارە زیرەكانە دەتوانێ‌ هەمان ئەو بابەتگەلە بێت كە بە ناهەقی لە پەیڤی پیاوانەدا بە نێوی مەكری ژنانە باسی لێوە دەكەێ‌. بە پەراوێز خستنی ژنان لە بەدەستهێنانی ئاگایی‌و فێربوون، هەلی دەركەوتنی بیرۆكەكانیشیان لێ‌ سەندراوەتەوە‌و ئەم لەپەراوێزخستنە تا سەدەی بیستەمیش لە زۆربەی وڵاتاندا، دژبە ژنان پێڕەو كراوە‌و شتێكی باو‌و رەوا بووە لە نێو كۆمەڵدا‌و تا بە ئەمڕۆكەش لە نێو بەشێك لە كۆمەڵگە گەورەكان‌و بە ڕواڵەت پێشكەوتووەكانیشدا (بۆ نمونە وڵاتێك وەك ئێران) بە شێوەیەكی بەربڵاو دەبینرێت. بەڵام ژنانیش لەو ساڵانەدا بێكار دانەنیشتوون‌و زیاتر لە سێ‌ سەدەیە تێكۆشانی بەربڵاوی فیمینیزمییان دەست پێكردوە‌و توانای وەرگرتنەوەی مافی خوێندنیان بووە.

ژنانی چینە جۆراوجۆرەكان، كە لە بوارگەلێكی جۆراوجۆرەوە وەك دانانی كلاسی ئاموزشی، بەدواداچوونی خواستە كۆمەڵایەتی‌و سیاسیەكانیان، فشارهێنان بۆ سەر نیزام‌و كلتوورە دواكەوتووەكان،‌و… بە قەبووڵكردنی زۆر باجی گەورە توانیویانە نیزامی پیاوسالاری ناچار بە گەڕانەوە بكەن‌و مافە بنەڕەتییەكانی خۆیان، بەتایبەتی مافی خوێندن بەدەست بێننەوە. بەڵام نیزامی پیاوسالار بە كەڵك وەرگرتن لە دەسەڵات‌و كولتوورە نەریتییەكان لە بوارگەلێكی دیكەوە كەوتەوە مەیدانی بەربەرەكانێ‌، تا هەوڵە فیمینیزمییەكان كە لە كۆمەڵگا جیاوازەكانەوە سەریان هەڵداوە بخەنەوە پەراوێز‌و گۆشەگیریان بكەنەوە. بەڵام بەخۆشییەوە ئەم هەوڵانە نەك نەبوونەتە كۆسپ، بەڵكوو هۆكاری چارەسەرین. هەرچەندە ئەمڕۆكە بە تێكۆشانی فیمینیستەكان پێڕەوگەلێكی كردەیی‌و نوسراوەیی كە ژنان لە خوێندن دوور دەخاتەوە لە بەین چووە، بەڵام هەنووكەش دەتوانین بڵێین كە ئەم هەڵاواردنانە لە نێو كۆمەڵگە جیاوازەكان ‌و بە تایبەت كۆمەڵگا نەریتییەكاندا هەر ماوون ‌و تەنیا جۆر‌و شێوازی هەڵاواردنەكە گۆڕدراوە‌و رواڵەتێكی دیكەی بەخۆوە گرتووە‌و لە قەوارەیەكی دیكەدا مانەوەی خۆی دەپێوێ‌‌و هەوڵ بۆ لەپەراوێزخستنی ژنان لە بەدەستهێنانی ئاگایی ‌و بەرزكردنەوەی ئاستی زانیاری‌و…، لە قەوارەگەلێكی نوێ‌و بەنێو پێشكەوتوودا، دەدا.

ئەمڕۆكە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان و لە حاڵی پێشكەوتندا، بارهێنان‌و بەرزكردنەوەی پێگەی ژنان ئەركێكی کۆمەڵایەتییە، كە ئەمەش بەهەوڵ ‌و تێكۆشانی رێكخراوە فیمینییستیەكان‌و ژنانی هەڵسوڕ‌و بەتوانایە، كە توانیویانە لایەنە دوگم‌و وشكەكانی نیزامی پیاوسالاری تێك بشكێنن. بەڵام ئەم پێگەیاندن‌و بارهێنانەش لە كۆمەڵگا نەریتییەكاندا لە فێركردنێكی ئاكادیمیكیدا كورت كراوەتەوە‌و هەڵاواردنەكە گۆڕدراوە‌و بەم شێوەیە ژنان مافی خوێندنیان هەیە، بەڵام تەنیا لە ئاستی خوێندنی ئاكادیمیكی‌و بەس.

ئەمە لە حالێكدایە كە ئەمڕۆكە خویندنی تیۆری‌و ئاكادیمی وڵامدەری پێداویستیەكانی هەر تاكێك نیە. لە لایەكەوە هەنووكە كولتووری دژ بە ژن كە بە بیرۆكە خەیاڵییەكان‌و بەناهەق لە نیزامی پیاوسالاردا دەبیندرێت‌و لە قۆڵایی روانگەی كۆمەڵگا جوراوجۆرەكاندا ماوەتەوە و لە لایەكی دیكەوە دەستڕاگەیشتن بە ئاگایی تیۆریی‌و ئاكادیمیكی بۆ هەموان ئاسان بووە، كە ناكرێت وەك پوانێك كە پیاوان بە ژنانی دەدەن، بێتە ئەژمار. پیاوان‌و ژنان لە یەك ئاستدا توانای دەستڕاگەیشتنیان بە ئاگایی ئاكادیمی هەیە، بۆیە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاگاییش بەیەك ئەندازە دەچێتە سەرەوەو روانینە بەرتەسكەكانی نیزامی پیاوسالاری لەبەین دەبا.

دیارە بەبەرتەسك كردنەوە‌و چوارچێوەدانان بۆ ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەكانی ئاستی كۆمەڵایەتی‌و سیاسی لە كۆمەڵدا، دەتوانێ‌ بایەخی خوێندنە ئاكادیمییەكانی ژنان بەرێتە ژێر پرسیار‌و كۆمەڵگا زیاتر بەرەو ئاڵۆزی بەرێت.

ئەمڕۆكە بەدەستهێنانی ئاگایی ‌و پێگەیاندن، گرینگی تایبەتی خۆی هەیە‌ و رێكخراوە فیمینیستیەكان بە بەدەستهێنانی تەنیا مافی خوێندن، نیزامی پیاوسالاری بەتەواوی بنبڕ ناكەن‌و ئەم نیزامە بە پانتایی تێكۆشانە فیمینیستیەكان بۆ بەدەستهێنانی مافی خوێندن بۆ ژنان، ئەم مەیدانەی چۆڵ كردووە‌و بەربەرەكانێكەیان لە لایەكی دیكەوە دەست پێكردووە ‌و نابێ‌ ئەوە لە بیر بكرێت كە ئەم نیزامە بە درێژایی سەدەكانی پێشوو دەستی داوەتە هەر فرت‌و فێڵێك تاكوو بتوانێ‌ دەسەڵات‌و بەرژەوەندی خۆی بپارێزێت.

ئەمڕۆكە نیزامی پیاوسالار لە هەوڵی ئەوەدایە تا بە پەراوێزخستن‌و لە ژێر گوشاردانانی ژنان لە كۆمەڵگادا،  دیسانەوە بیانگێڕێتەوە چوارچێوەی ماڵداریەتی‌و ئیمكانی بەدەستهێنانی ئاگایی كۆمەڵایەتی ‌و سیاسییان لێ‌ زەوت بكات. بە كورتی ئاگایی ئاكادیمیكی ژنان بێ‌كەڵك بكات.

ئەم پێشهاتەش بەشێك لە ژنانی خوێندەوار كە ساڵانێكە خوێندنی ئاكادیمیكی تەواو دەكەن ‌و پسپۆڕی بەدەست دێنن، بە هۆی بوونی ئاڵۆزی‌و گیر‌وگرفتی كۆمەڵایەتی‌و لۆمەكردنی كۆمەڵگای پیاوانە، ماڵداریەتیان بە لەنێو كۆمەڵدا بوون، پێ‌ باشتر بووە. هەڵبەت بە بوونی ئەم بەربەستانەش بەتەواوەتی نیزامی پیاوسالاری نەیتوانیوە لەو كردەیەی خۆی سەركەوتن بەدەست بێنێ‌.

لە درێژەی تێكۆشانە بەربڵاوە كۆمەڵایەتییەكانی ژنان ‌و لەمەیدان بوونی رێكخراوە كۆمەڵایەتییە ئەكتیڤەكانی بزاڤی ژنان كە هەوڵیان بارهێنان‌و پێگەیاندن‌و بردنەسەری ئاگایی رەگەزی ژنان‌و بەدەستهێنانەوەی مافی ژنان‌و… بووە، هۆكارێكن بۆ ئەوەی كە ئەمڕۆكە ژنان بە هێزێكی زیاترەوە بتوانن بەربەرەكانێ لەگەڵا نیزامی پیاوسالار بكەن‌و مەیدان لە بەرژەوەندی ئەو نیزامە چۆڵ نەكەن.

ئامادەیی‌و بەهێزی پسپۆڕانی ژن لە بوارە جیاوازەكان، رۆژنامەنوسان‌و مامۆستایانی ژن، تێكۆشان لە بزاڤە فیمینیستیەكان‌و…، كۆسپێكی بەهێزی پێشگیری لەبەرەوپێشچوونی دووبارەی نیزامی پیاوسالارین.

هەر بەو شێوەیەی كە باسمان كرد نیزامی پیاوسالار لە هەوڵی ئەوەدایە تا بە پەراوێزخستن‌و لەژێر فشاردانانی ژنان لە كۆمەڵگا‌و بنەماڵە، ئیمكانی بەدەستهێنانی ئاگایی كردەیی‌و تاقیكاری لە ژنان وەربگرێتەوەو بەجۆرێك لە جۆرەكان هەوڵدانی ئاكادیمی‌و زانستی ژنان بخاتە ژێرپرسیارەوە.

یەكێك لە پرسیارەكان كە لەم راستایەدا دێنە پێشەوە ئەوەیە، كە ئایا نیزامی پیاوسالار بە چ شێوەیەك لەم كارەدا سەركەوتن بەدەست دێنێ‌؟

نیزامی پیاوسالار بە هەڵگەڕانەوەی كۆمەڵگا بۆ قەبارە هەڕەشەكەرەكەی‌و لەپەراوێزخستنی ژنان ‌و دروستكردنی نائەمنی لەسەر رێگەی پێشڤەچوونی ژنان‌و كچان، ئەم بیرۆكەیەی گەشە پێداوە كە ژنان بۆ پاراستنی ئەمنیەت‌و ئاسایشی خۆیان باشترە لەپەراوێزخراو ‌و لە ماڵەوە بن، تاكوو لەو رێگەیەوە دووبارە هەلێكی دیكە لەژنان وەربگرنەوە، لە هەمبەر بەدەست هێنانی ئاگایی كۆمەڵایەتی‌و سیاسی، بۆ سەروەری نیزامی پیاوسالاری.

ئەگەر بە وردی چاو لێبكەین دەبینین كە كۆمەڵگای نائەمن هەروەك چۆن بۆ ژنان ترسناكە بۆ پیاوانیش ترسناك دەبێ‌‌و ئەگەر تەنیا هێزی جەستەیی‌و فیزیۆلۆژی پیاوانە، كە پیاوان لە ترس دوور دەخاتەوە، ئەوا ژنانیش دەتوانن ئەو هێزە بەدەست بێنن، كە بە كردەوەش ئەم بابەتە دەركەوتووە.

ئەمڕۆكە بیرۆكەی لاوازبینی ژن، بە روانگەیەكی كۆن‌و دواكەوتوو دێتە ئەژمار ‌و زانستە سروشتییەكانیش دەریان‌خستوە كە تواناییە فیزیۆلۆژییەكان بە هیچ جۆرێك ناتوانن هۆكارێك بن بۆ بەهێزی یا لاوازی ژنان  لە چاو پیاوان.

ئەم هۆكارگەلە نیزامی پیاوسالاریان ناچار بە خستنە رووی پیلانگەلێكی نوێ‌ بۆ لەپەراوێز خستنی ژنان كردووە‌و یەكێك لەم پیلانانە دروستكردنی كەشی نائەمنی بۆ ژنان ‌و دانانی رۆڵی پاسەوان بۆ پیاوانە‌و گەورەترین هەڵگری ئەم بیرۆكەیەش كۆمەڵگا ‌و بنەماڵەی نەریتین.

بەو ئەندازەیەی كە پیاوان توانای بەرگریكردن لە خۆیان هەیە، ژنانیش ئەو توانایەیان هەیە‌و لە لایەكی دیكەشەوە درووستبوونی رێكخراوە فیمینیستیەكان بۆ بەربەرەكانێ‌ لەگەڵ ئەم نائەمنییە ئامانجدارەش، دەتوانێ‌ كۆمەكێكی گەورە بێت بۆ داماڵینی نیزامی پیاوسالاری.

 لە قۆناغی ئێستادا زیاد لەوەی بەدەستهێنانی ئاگایی ئاكادیمی بۆ مرۆڤەكان پێویستە، بەدەستهێنانی ئاگایی كۆمەڵایەتی‌و قەوارەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا ‌و دەوروبەری ژیان پێویستیەكی زیاتری بەرەوپیشچوونە. لە حاڵێكدا نیزامی پیاوسالار لە بەپەراوێز خستنی ژنان سەركەوتن بەدەست بێنێ‌، دەرفەتی مەترسیهێنەر لە بەرەوپێشچوونی ژیان، هەم بۆ ژن و هەم بۆ پیاو، دێتە پێشەوە‌و  دەبێ‌ لەبیرمان نەچێ‌ كە كۆمەڵگای نابەرامبەر‌و تووش بوو بە پەراوێز نشینی، كۆمەڵگایەكی نەخۆشە ‌و پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتییە.

سەرچاوە :  ئنتێرنێت،  “تریبون فمینیستی ایران”

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت