نۆدشە/ لاوێکی کورد بەهۆی تەقەی هێزە ئینتزامییەکانەوە بریندار کرا

0
979

تەقەی هێزەکانی ناسراو بە هەنگی سنووریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، برینداربوونی لاوێکی کوردی خەڵکی شاری نۆدشەی لە شارستانی پا لێ کەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی کوردی خەڵکی شاری نۆدشە رۆژی هەینی رێکەوتی ١٥ی جۆزەردان، کرایە ئامانجی تەقەی هێزەکانی هەنگی سنووریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران جێگیر لە خاڵی پشکنینی ”ملەندوو” لە ئوستانی کرماشان و لە ئەنجامدا بە توندی بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا لە نۆدشە، ناوی ئەو لاوە کوردەی ”ستار مەقرووزی” کوڕی محەممەد غەریب، راگەیاندووە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی گەڕان بە دوای ئاژەڵەکانیدا، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە تەقەی لێ کراوە.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری پاوە کە ستار مەقرووزی تێیدا چارەسەریی پزیشکیی بۆ دەکرێ، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی ملەندوو، ٦ گوللـه لە سک و لاقی ئەو هاووڵاتییە کوردە کەوتووە و لە ئەنجامدا بە توندی بریندار بووە.

بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٩ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و بریندار بوون.

لەو ٩ کەسەدا ٤ هاووڵاتی کوژراون و ٥ی دیکەش بریندار بوون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.