نوێنەری کرماشان لە مەجلسی کۆماری ئێسلامی ئێران: نەوتی داعش هاوردەی ئێران دەکرێت

0
1084

عەبدۆلرەزا مسری، وتەبێژی فەرمی لێژنەی سەرۆکایەتی مەجلسی کۆماری ئێسلامی ئێران و نوێنەری شاری کرماشان لە مەجلسی ئەو وڵاتە، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی بە هەواڵدەری “مهر”ی  نزیک بە دەوڵەتی ڕاگەیاند: “کەس نازانێت بەرژەوندیەکانی هاوردەکردنی کاڵا سووتەمەنیەکان لە بەرژەوەندی کێ دایە و پارەکەی دەگاتە کام پیاوی یەخە سپی؟ (ئاماژە بە بەرپرسەکان دەکات)، لە حاڵێکدا تەنانەت وەزیریش ناتوانێت پێشی پێ بگرێت”.
مسری لەو بارەوە زیاتر دواو و گوتی: “هیچ وڵاتێک بەم شێوەیە بێ سەرو بەرانە ڕێگە بە هاوردەکردنی کاڵا سووتەمەنیەکان یان کاڵاکانی تر بۆ وڵاتی خۆی نادات، ئەویش لە ناوچەیەکدا کە لە ژێر کۆنترۆڵی داعش دایە”.
لەسەر هاوردەکردنی نەوت لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی داعش دان مسری گوتی:  “لە ڕوانگەی تەناهی نەتەوەییەوە ئەم کارە پرۆسەی تەناهی وڵاتەکەمان دەخاتە مەترسییەوە”.

عەبدۆلرزا مسری، وتەبێژی لێژنەی سەرۆکایەتی مەجلس و نوێنەری شاری کرماشان لە مەجلسی شۆرای ئیسلامی
عەبدۆلرزا مسری، وتەبێژی لێژنەی سەرۆکایەتی مەجلس و نوێنەری شاری کرماشان لە مەجلسی شۆرای ئیسلامی

نوێنەری شاری کرماشان لە مەجلسی شۆرای ئیسلامی ئێران، هەر لەو پەیوەندییەدا گوتی : “پێشتریش لەگەڵ وەزیری پەیوەندیدار و لە گومروکیش پرسیارم کردووە بەڵام کەسیان ئامادە نەبوون وەڵامدەر بن”.

ئەمە یەکەم جارە کە بەرپرسێکی باڵای حکومەتی کۆماری ئێسلامی ئێران بەشێوەی فەرمی باس لە پەیوەندی نێوان کۆماری ئێسلامی ئێران و داعش دەکات و لە هەواڵدەرییەکی فەرمی ئێرانی دا،  دان بە کڕینی نەوتی داعش لەلایەن بەرپرسە ئێرانییەکانەوە دادەنێت.
دان پێدانانی وتەبێژی فەرمی لێژنەی سەرۆکایەتی مەجلسی کۆماری ئێسلامی و نوێنەری کرماشان لەو مەجلسە، لەمەڕ کڕینی نەوتی ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش لە لایەن ئێرانەوە و پەیوەندی ئەو وڵاتە بە داعش، لە کاتێکدایە کە ماوەیەک پێش ئێستا و لە ڕێکەوتی ٤ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، مستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتارێکدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەو حیزبە (حدکا)، بەڵگەی لەمەڕ پەیوەندی داعش و کۆماری ئێسلامی ئێران لەبەردەستدا هەیە .

هێنانی چەک و خواردنەوە ئەڵکۆڵییەکان لە ڕێگەی تەنکێرە نەوتیەکانەوە
ئەو ئەندامەی لێژنەی سەرۆکایەتی مەجلسی شۆرای ئێسلامی ئێران  لەهەمان کاتدا و لە باسێکی پەیوەندیداردا ئاماژەی بەوە کرد کە “مادە سووتەمەنیەکان لە عێراقەوە هاوردە دەکرێن و دیاریش نییە لە کوێوە ڕێگەیان پێ دراوە؛ لە ڕێگای ئەم تەنکێرانەشەوەا چەک و تەقەمەنی، خواردنەوە ئاڵکۆڵییەکان و ژمارەیەکی تر لە کاڵا ڕێگەپێنەدراوەکان هاوردە دەکرێن”.
ناوبراو لە درێژەشدا وتی: “لە زۆرێک لە وەزیرەکانمان پرسیوە و زۆریش بەدواداچوونمان بۆ کردووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک و هیچ کەس نازانێت کێ  مۆڵەتی بە  هاتنە ژووری هەزار تەنکری سووتەمەنی لە ڕۆژێکدا، داوە؟!”.
دان پێدانانی ئەندام و وتەبێژی لێژنەی سەرۆکایەتی مەجلسی کۆماری ئێسلامی ئێران و هاوکات نوێنەری شاری کرماشان لەو مەجلسەدا بە قاچاخی سووتەمەنی، چەک،خواردنەوە ئاڵکۆڵییەکان و شتومەکی ڕێگە پێنەدراو لە سنوورە فەرمییەکانی کۆماری ئێسلامی ئێرانەوە،  لە کاتێکدایە کە بە پێی ئاماری ناوەندی ئاماری هەواڵدەری کوردپا، لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینیدا زیاتر لە ٧١ کۆڵبەر تەنها لە سنوورەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تاوانی”کۆڵبەری” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامیەکانی کۆماری ئێسلامی ئێران کۆژراو و بریندار بوون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.