نتانیاهوو ئەڵێت : چەک و ئایدولۆژیای تاران ڕۆژێک بەرەوڕووی مۆسکۆ ئەبێت

0
580

ڕۆژی کورد :
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە شوێنی نیشتەجێبوونی حکوومەتی ڕووسیە لە سووچی دیدار و چاوپێکەوتنی لە گەڵ ڤلادیمیر پووتین پێک هێنا. ناوبراو لەم چاوپێکەوتنەدا ئاماژەی بەوە کرد کە وەڵامی هەموو هەڕەشەکانی ئێران لە سووریە ئەدەینەوە. هاوکات پووتین دەسخۆشی لە هاوکارییە سەربازی و ئاسایشییەکانی ئیسرائیل لە گەڵ وڵاتەکەی کرد.

بنیامین نتانیاهوو، سەرۆک وەزیری ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ئەیلوول سەردانی ڕووسیای کرد. سەردانەکەی ناوبراو بە هۆی تەشەنەکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و بۆمبابارانکردنی شوێنە ستراتێژییەکانی ئێران لە وڵاتی سووریە و هاوکات بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پاڕلەمانی ئیسرائیل لە ١٧ی ئەیلوول گرنگییەکی زۆریان هەیە. نتانیاهوو وێڕای ئاگادارکردنەوەی سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران جەختی لە سەر ئەوە کرد کە تاران چەک و ئایدیۆلۆژییەکانی خۆی نە تەنیا دژی ڕۆژئاوا بەڵکوو ڕۆژێک دژی مۆسکۆش بە کاری دەهێنێت.
ڤلادیمیر پووتین لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لە سووچی هاوکات جەختی لە سەر گرینگی هاوکاری سەربازی و باری ئەمنی لە نێوان ڕووسیە و ئیسرائیل کرد، هیوای ئەوەی خواست کە سیاسەتوانە بەرپرسەکان لە هەڵبژاردنی پاڕلەمانی لە ڕێکەوتی ١٧ی ئەیلوول دا سەرکەوتن وەدەست بهێنن. پووتین لەم چاوپێکەوتنەدا ڕووی لە نتانیاهوو ئاماژەی بەوەش کرد کە پێوەندی سەربازی و باری ئەمنی هەر دوو وڵات لە ئاکامی هەوڵ و تێکۆشانەکانی ئیسرائیل بە ئاستێکی باش گەیشتووە. بە پێی وتەکانی پووتین هاوکاری دوولایەنەی نێوان ڕووسیە و ئیسرائیل لە بارودۆخێکدا کە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی هەڕەشە لە هەموو دونیا دەگات زۆر گرینگ و جێگای بایەخە.
ڕۆژنامەی ئیسرائیلی “ژرۆزاڵم پۆست” بە پێی وتەکانی نتانیاهوو نووسیویەتی کە ئەوان لە سەر ئەو بڕوا نین کە ئێران و ڕوووسیە لێک نزیک ببنەوە بەڵکوو بە پێچەوانەوە لە پێوەندی بە زۆربەی بابەتەکانەوە، ڕووسیە و ئێران هەڵویستی جیاواز و دوور لە یەکتریان هەیە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتووێژێکی خۆی دا لە گەڵ ڕایەڵەی تەلڤیزیۆنی ڕووسیە “ئار.بی.سی” ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵویستەکانی ڕووسیە و ئێران لە سەر بابەتە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان هەموو کات وەکوو یەک نەبووە و جیاواز بووە و هەر دوو وڵات لە زۆرینەی بابەتەکان جیاوازی بیروڕایان هەیە. سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لە درێژەی وتووێژەکەی خۆی دا جەختی لە سەر ئەوە کرد کە گەورەترین کێشە ئیسلامی بنەڕەتی شێعەیە کە لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە ڕێکخستنی بۆ دەکرێت. ئەم وڵاتە هەموو هەوڵەکانی خۆی وەگڕ خستووە دەستی بە چەکی ناوەکی ڕابگات و بتوانێت زاڵ بێت بە سەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
نتانیاهوو هەروەها لە درێژەی وتەکانی دا جارێکی دیکە پێداگربوو لە سەر ئەوەی کە پێوەندییەکانی ڕاستەوخۆ و دۆستایەتی ناوبراو لە گەڵ پووتین ئەو هەلەی بۆ ئەوان ڕەخساندووە بەرگری بکات لە تێکهەڵچوونی ڕووسیە و ئیسرائیل لە وڵاتی سووریەدا.
سەردانەکەی نتانیاهوو بۆ ڕووسیە لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچوو کە هاوکات ٤ ڕۆژی دیکە لەم وڵاتە هەڵبژاردنی پاڕلەمانی بەڕێوەدەچێت و ئەم سەردانە بە هۆی ئەوەی جەماوەرێکی زۆری یەهوودی بە ڕەچەڵەک ڕووسی نیشتەجێ و دانیشتووی وڵاتی ئیسرائیلن گرینگی و تایبەتمەندییەکی زۆر و بەرچاوی بوو. دەنگی ئەم جەماوەرە لە داهاتووی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل چارەنووس ساز و دەورێکی بەرچاویان دەبێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.