نا بۆ لەسێدارەدان و کوشتنی کۆڵبەران

0
1015
عەبدوڕەحمان ڕەسووڵ

ئازادیخوازان، مرۆڤ دۆستان، خۆشەویستان، ئەگەر ئێوەدژی پێشێلکردنی ئازادی ومافەکانی مرۆڤن، بەختەوەری و ژیانێکی ئاسوودەتان دەوێ پێویستە تێکۆشان و هەڵمەتێکی سۆشیال میدیایی و ڕاگەیاندن لەسەرجەم ناوەندە جیاوازەکاندابەگشتی و بەشەکانی فەیسبوک وتویتەر بەتایبەتی دەست پێ بکرێت، لە دژی لەسێدارەدانی جوانان ولاوان، کوشتنی بەردەوامی کۆڵبەرانی زەحمەتکێشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە بێنە مەیدان بۆ تێکۆشانی باشتر، بۆ فشارهێنان بۆسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی دەست هەڵبگرێ لەسەرجێبەجێکردنی یاسای لەسێداردان وکوشتنی جوانان وگەنجان. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە گرووپ و دەستەی جۆراوجۆر بۆی دروست بکرێ، پاشان بەیەکگرتووی وتێکۆشانی هاوبەش دوور لە بەرژەوەندیی حیزبی و ناوچەگەری بەیەکەوە درێژەبە هەنگاونان بۆبەدیهێنانی ئازادی و مافەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدرێت لەسەر نەخشەرێگایەکی پڕکاریگەر.

هەموو لایەک دەزانێت خەڵکی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەدرێژایی ۳۹ ساڵە بەبێ وەستان تێکۆشانی کردووە بۆبەدیهێنانی ئایندەیەکی گەش وئازاد لەو پێناوەشدا زۆرترین قوربانی داوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە هەموو شێوەیەک پشتیوان وهاوکار بووە بۆ سەرکەوتنی شۆڕش و بەرخودان لەسەرجەم بەشەکانی باشوور و باکوور و ڕۆژاوایی کوردستان، لە هەر شوێنێک پێویست بووبێت خەڵکی ڕۆژهەڵات دڵسۆزانە و ئازایانە هاتوونەتە مەیدانی تێکۆشان بۆهاوکاری و پشتیوانیی بەشەکانی تری کوردستان.

لە کۆڕەوەی ۱۹۹۱ دا خەڵکی ڕۆژهەڵات خۆیان لەئاست خەڵکی باشووری کوردستان بەخاوەن ماڵ نەدەزانی و هەرچی بۆیان کرا بۆیان کردن. لە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و گشتپرسی باشووری کوردستان دا لە سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەرچی ڕێگری و لەمپەری زۆریش هاتە پێشیان بەڵام سڵیان لە هیچ نەکردەوە گەنجان و جوانانی ڕۆژهەڵات بۆ سازکردنی ئاهەنگ وشادی و خۆپیشاندان، پشتیوانیان بۆ ڕیفراندۆم نیشاندا، ئەگەرچی هەتا ئێستاش بەچەندەها کەس لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردان لە ناو بەندیخانەکانی کۆماری فاشیزمی ئیسلامیی ئێراندا بەهۆی سازکردن و بەشداری کردن لە خۆپیشاندانەکان و ئاهەنگەکانی پشتیوانی ڕیفراندۆم بۆسەربەخۆیی.

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قۆناغی ئێستادا زۆر دڵسۆزانە هاتونەتە مەیدان بۆپشتیوانی لەتێکۆشانی خەڵکی ڕۆژئاوایی کوردستان و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕ و داگیرکاری بۆ سەر شاری عەفرین دەکەن و دەوڵەتی فاشیستیی تورکیا ڕیسوا و شەرمەزار دەکەن.

ئازادیخوازان! خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبارودۆخێکی زۆر دژوار و نالەباردا دەگوزەرێت، لەلایەک بەبەردەوامی بەهۆی هەبوونی سیستەم و یاسا کۆنەپەرست و دژەبەشەریەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژانە جوانان و لاوان لەسێدارە دەدات و کۆڵبەرانی زەحمەتکێش لە سەر سنوورەکان بە شێوازی جۆراوجۆر دەکات بەقوربانی، کۆڵبەرانی زەحمەتکێش مرۆڤانێکن دەیانەوێت سەربەرزی بژین ئەگەرچی کارەکەشیان زۆر سەخت و دژوارە، بەهۆی گەشەی بێکاری و هەژاری و نەدارێ وە خەڵک ناچاری کاری کۆڵبەری دەبێت. کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵات بەلایانەوە زۆرئاساییە کە لەناو بەفری شاخ و دۆڵەکانی کوردستان بمرن بەڵام هەرگیز بەلایانەوە ئاسایی نیە نانی ئیتڵاعاتی وجاشایەتی بخۆن . هەر بۆیە ئەو مرۆڤانە زۆر بەڕێز و دڵسۆزی مرۆڤایەتی و تاکەکانی کۆمەڵگایی کوردستان نین.

هەر بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان، ئەوانەی کە بەرگری و دۆستی مافەکانی مرۆڤن، سەرجەم ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان دڵسۆزانە بێنە مەیدانی تێکۆشانی یەکگرتوانە و هاوبەش لەدژی بەردەوام بوونی لەسێدارەدان و کوشتنی کۆڵبەرانی زەحمەتکێشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ناکرێت لەتێکۆشانی داهاتوویی ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان و مرۆڤ دۆستان ژیان و گوزەران و کوشتنی کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چیتر فەرامۆش بکرێت، ئەبێت لە داهاتوودا باشتر لە ڕابردوو داکۆکی لە مافەکانی کۆڵبەران بکرێت، لەدژی کوشتنی کۆڵبەران وخنکانیان لەناو بەفردا تێکۆشان بکرێت. ئەرکی هەر یەکێکمانە بە هەر جۆرێک کە بۆمان دەکرێت تێکۆشان لەدژی لەسێدارەدان گەشەپێبدەین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.