ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەبۆنەی ۱۰ی خاکەلێوەوە ڕاگەیندراوەیەکی بڵاو کردەوە

0
1431

 ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێک هاتووە لە ” حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ” بە بۆنەی ۱۰ی خاکەلێوە ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی کە بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ناودێرکراوە، ڕاگەیاندراوەیەکیان بڵاو کردەوە.
ڕۆژی کورد: لە بەشێک لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان بە هەموو چینە جیا جیاکانیەوە و بە هەموو بیر و باوەڕێکەوە دەکەن کە ڕێز لە خەبات و کەسایەتی پێشەوای مەزن وەکوو یەکەم سەرۆک کۆماری کورد بگرن و لەم دەرفەتە کەڵک وەر بگرن و لە دەوری ئامانجەکانی بزووتنەوەی کوردستان کۆ ببنەوە و خۆیان ڕێک بخەن و ڕیزەکانی تێکۆشان و سەنگەرەکانی بەر بەرەکانێ بەهزتر بکەن.

دەقی ڕاگەیاندراوەیەکەیان بەم شێوەی خوارەوەیە:

خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەروا بەردەوامە!

خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!

١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد، سەرکۆماری کوردستان و سەدری قازی و حەمەحوسێـن خانی سەیفی قازییە. ٧١ ساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاویدا، پێشەوا قازی محەممەد، یەکەم سەرکۆماری دەوڵەتی کۆماری کوردستان، لە چوارچرای شاری مەهاباد، ڕاست لەو جێگایەی کە پێشەوا قازی، کۆماری کوردستانی لێ ڕاگەیاندبوو، بە فەرمانی محەممەدڕەزا شای پەهلەوی، لەسێدارە دران و گیانی پاكیان بەختی ئازادی و ڕزگاری گەل و نیشتیمانەکەیان کرد. چەند ڕۆژ دواتریش ژمارەیەکی دیکە لە ئەفسەرانی سپای میللیی کوردستان و کاربەدەستانی دیکەی حکوومەتی کۆماری کوردستان لە ناوچەکانی سەقز و بۆکان لەسێدارە دران.

بەوجۆرە ڕێژیمی محەممەدڕەزا شا، دوای ئەوەی کە لە ئاکامی گەلەکۆمەکییەکی نێونەتەوەییدا، توانیبووی کۆماری کوردستان لەنێو ببات، بە مەبەستی سەرکوتکردنی جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان، شەپۆلێکی بەرینی ئیعدام و کوشتن و گرتن و ڕاونان و زەبروزەنگی لە کوردستاندا دەست پێکرد. کاربەدەستانی دەوڵەتی تاران پێیان وابوو بەو کارە دەتوانن بیری ئازادیخوازی لە نێو خەڵکی کوردستاندا بۆ هەمیشە لەنێو ببەن، بەڵام هەروەک پێشەوا لە کاتی لەسێدارەدانیدا ڕوو بە داگیرکەران ڕایگەیاند: “بە کوشتنی من بیری کوردایەتی و ئازادیخوازی لە کوردستاندا نەک هەر لەنێو ناچێ، بەڵکوو لە داهاتوودا بەهێزتریش دەبێ”. ڕووداوەکانی دواتر ڕەوایی ئەو وتە حەکیمانەی پێشەوایان سەلماند، کە گەلی کورد نەک هەر دەستی لە خەبات و بەرخۆدان و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان هەڵنەگرت، بەڵکوو ئامانجەکانی کۆماری کوردستان بوون بە ئیلهامبەخشی خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەی کورد لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.

تەنانەت ئەو هەموو سەرکوت و زەبروزەنگەش کە کۆماری ئیسلامی وەک میراتگری بەحەقی ڕێژیمی شا، لەماوەی دەسەڵاتی ڕەشی خۆیدا بە دژی گەلی کورد بەکاری هێناوە، بە خەباتی یەکگرتووانەی سیاسی و مەدەنی خەڵکی کوردستان وڵامی توندی پێ دراوەتەوە. ئەوەتا ئەمڕۆ لە هەر چوارپارچەی کوردستان خەبات بۆ ڕزگاری بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە.

هەر بۆیە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستاندا، ئەگەر لە لایەک وەک ڕۆژێکی تاڵ و ناخۆش دەناسرێت، لە لایەکی دیکەشەوە بە ڕۆژی پەیمان نوێکردنەوە و نیشاندانی یەکگرتوویی بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی بزووتنەوەی میللیی ـ دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان دادەنرێت.

ئێستا پاش تێپەڕینی حەوت دەیە دوای لەسێدارەدانی پێشەوا و هەڤاڵەکانی، دەبینین بزووتنەوەی کورد بۆتە فاکتەرێکی بەهێزی خەبات و تێكۆشان بۆ ئازادی و دێموکراسی لە ئێران و ناوچەکەدا. بیری نەتەوایەتی و ئازادیخوازانە لە سەرتاسەری کوردستاندا، بە باشترین و بەرزترین شێوە خۆی نیشان دەدا. ئەوڕۆ کۆمەڵگای کوردستان گۆڕاوە و بووەتە کۆمەڵگایەکی فرەچەشن و پێشکەوتوو و پلۆڕاڵ و فرەحیزب. بەڵام هەموو حیزب و ڕێکخراوە نیشتیمانی و دێموکراتیک و ئازادیخوازەکانی کوردستان، سەرەڕای جیاوازیی سیاسیی نێوانیان ڕێز لە کۆماری کوردستان و ئامانجەکانی دەگرن. ئەوە نیشاندەری ئەوەیە، کە پێشەوا و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان، نەک هەر موڵکی حیزبێکی دیاریکروا نییە، بەڵکوو هێمای هاوبەشی کولتووری سیاسیی و ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان و حیزبە خەباتگێڕەکانی سەر گۆڕەپانی خەبات لە کوردستانن.

پێشەوا قازی چ لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا و چ لە وەسیەتنامەکەیدا وەک ڕێبەرێکی میللی و دڵسۆز و شارەزا پێی لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە خەباتکارانی گەلی کورد پێویستە لە بەرامبەر دوژمنانی کوردستاندا پتەو و یەکگرتوو و هاودەنگ بن و لە نێو خۆشیاندا و لە بەرامبەر یەکتردا لەسەریانە نەرم و دووربین و سینگفراوان و بە تەحەموول بن.

هەر بۆیە ئێمە ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی لە چوارچێوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئیراندا، لە دەوری یەک کۆ بوینەتەوە، ئەمساڵ لە ساڵڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەدا، سەرەڕای هەموو جیاوازییە حیزبی و سیاسیەکانمان، بۆ جارێکی دیکەش لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی خەڵکی کوردستاندا، پێکەوە پێ لەسەر هاوکاری و هاودەنگی و هاوخەباتیی لەگەڵ یەکتر دادەگرینەوە. پەیمان لەگەڵ گیانی پێشەوا و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری خەڵکی کوردستان نوێ دەکەینەوە، کە ئاڵای خەباتی ئەوان تا سەرکەوتن بەرز و شەکاوە ڕادەگرین.

لەم دەرفەتە کەڵک وەردەگرین و داوا لە خەڵكی کوردستان دەکەین، هەرچی زیاتر لە دەوری ئامانجەکانی بزووتنەوەی کوردستان کۆ ببنەوە و خۆیان ڕێک بخەن و ڕیزەکانی تێکۆشان و سەنگەرەکانی بەربەرەکانێ بەهێزتر بکەن. ئەو ڕووحیە خەباتگێرانەیەی ئێوە کە لە بۆنە جۆراوجۆرەکانی ئەمساڵدا، وەک ڕووداوی بوومەلەرزەکەی کرماشان و پشتیوانیی لە کۆڵبەران و یادکردنەوەی نەورۆزدا لە خۆتان نیشان دا، بۆ ئێمەش لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی خۆتاندا بۆتە هەوێنی یەکگرتوویی و هاوخەباتی زیاتر و مایەی دەرس لێ وەرگرتن. ئێمە بە هیوا و ئومێدێکی زۆر و ورەیەکی بەرزی خەباتگێڕانەوە بەرەو ساڵێکی دیکە لە خەبات و بەربەرەکانێ دەڕۆین . لێرەشەوە بەوپەڕی بەرپرسایەتییەوە ڕادەگەیەنین، کە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران و حیزب و ڕێکخراوە خەباتگێڕەکانی ئامادەیی و توانا و زەرفیەتی ئەوە لە خۆیاندا دەبینن، کە لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکانی ئێران و ناوچەدا، وەک پارامیترێکی گەورە و کاریگەر و دێموکرات دەوری خۆیان بگێڕن و ئەزموونی سیاسیی کۆماری کوردستان و بزووتنەوەی نوێی ئەو چوار دەیەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو پێشەوە ببەن.

سڵاو لە گیانی پاکی پێشەوا قازی و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری!

سلاو لە ئامانجەکانی کۆماری کوردستان!

سڵاو لە خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.