ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پەیامێکی بڵاو کردەوە.

0
1044

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ۱ی مەی بەرانبەر لەگەڵ ۱۱ی بانەمەڕ، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، پەیامێکی بڵاو کردەوە و لەو پەیامەدا داوای یەکگرتوویی هەموو کرێکاران و یەکیەتی و ڕێکخراوە کرێکارییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، بە مەبەستی شکۆیەکی زیاتر پێشوازی لەو ڕۆژە و داوای خۆپشاندان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ پاڵپشتی لە مانگرتووانی شارەکانی کوردستان دەکەن.

ڕۆژی کورد: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان کە لە پێنج حیزبی کوردستانی ڕۆژهەڵات (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران) پێکهاتووە، ڕۆژی شەمە ۲۸ی ئاپریلی ۲۰۱۸ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ۸ی بانەمەڕی ۲۷۱۸ی کوردی، بە بۆنەی ۱ی مەی بەرانبەر لەگەڵ ۱۱ی بانەمەڕ، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەی خوارەوەیە.

“پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١ی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران

کرێکارانی کوردستان!

چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

بە بۆنەی ١ی مانگی مەی(١١ی گوڵان)، ڕۆژی هاوپێوەندیی جیهانیی کرێکاران، گەرمترین پیرۆزباییتان پێشکەش دەکەین. لەم بۆنەیە‌دا سەرکەوتنتان لە خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانتان و گۆڕینی هەلومەرجی پڕ لە ستەم و چەوسانەوەی سەرچاوەگرتوو لە دەسەڵاتدارێتی و سیاسەت و قانوونەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاوات دەخوازین.

نزیکەی٤ دەیەیە، کرێکاران و چین و توێژە زەحمەتکێش و کەم داهاتەکان لە وڵاتی ئێران بە گشتی و لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، لە سێبەری دەسەلاتدارێتیی ڕێژیمی ئێستا دا، لە گەڵ پێشێلکرانی سەرەتاییترین مافەکانیان بەرەوڕوون. کرێکاران، لە کۆمەڵگەی ئێمەش وەک زۆربەی وڵاتانی جیهان، ئەگەر چی زۆرترین پشکیان لە هەڵسووراندنی چەرخی ئاوەدانی و بەرهەمهێنان‌دا هەیە، بەڵام کەمترین داهات و دەسکەوتیان لە بەرهەمی ڕە نج و ماندوویەتیی خۆیان پێ دەبڕێ. ئەو حەقدەستەش کە بۆیان دیاری کراوە، سەرەڕای ئەوەی وەڵامدەری زۆربەی پێداویستییەکانی ژیانی خۆیان و بنەمالەکانیان نیە، بە ناڕێکوپێکی پێیان دەدرێ. ئەمەش لە کاتێک دایە کە قانوونەکانی وڵات و دەسەڵات و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم، لە لایەکەوە ڕێگرن لە پێکهاتن و تێکۆشانی یەکیەتی و ڕێکخراوە کرێکارییەکان و بەڕێوەچوونی مانگرتن و چالاکییە جۆراوجۆرەکانی دیکە، لەو لاشەوە پشتیوانی خاوەنکار و سەرمەیەدارەکان و هەلومەرجی چەوسێنەرانەی زاڵ بە سەر کارخانە و کارگە و شوێنی کارن. جیا لەمانەش، ئاخوندە دەسەڵاتدار و”ئاغازادە”کانیان، بنکە و بنیاتە حکوومەتییەکان، فەرماندەرانی سوپای پاسداران و گەورەکاربەدەستانی حکوومەتی و دەوڵەتی، لە ئاستی سەرانسەری و لە ئاستی هەر پارێزگە و شار و ناوچەیەک‌دا بەشی هەرە گەورە، لە سەرمەیەی وڵات و پڕۆژە ئابوورییەکانیان لە پاوانی خۆیان گرتوە و هەر چەشنە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆڕێکخستنی کرێکاران بۆ گۆڕینی هەلومەرجی داسەپاو، بە توندی سەرکوت دەکەن.

بەو حاڵەش کرێکارانی کوردستان هیچ کات بەرامبەر ئەو بارودۆخە جەهەننەمییە کە دەسەڵاتدارانی وڵات بە سەریان‌دا سەپاندوون، بیدەنگ و بێهەڵویست نەبوون. ڕۆژژمێری خەبات و تێکۆشان و بزووتنەوەی حەقخوازی لە کوردستان پڕە لە ناڕەزایەتی دەربڕین، مانگرتن و بەربەرەکانیی کرێکاران. بە خۆشییەوە بزووتنەوەی کرێکاری و خەباتی ڕوو لە گەشەی چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی کوردستانی ئێران، کۆڵەکەیەکی حاشالێنەکراو و ڕوویەکی گەشی بزووتنەوەی چینایەتی، مەدەنی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەو چالاکی و کۆبوونەوە گەورانەش کە هەموو ساڵی بە بۆنەی ١ی مانگی ‌مەی، سەرەڕای دژایەتی و کەند و کۆسپ دانانی دامودەزگا حکوومەتییەکان، لە هێندێک لە شارەکانی کوردستانی ئێران پێک دێن، بە هێزی و ڕەوایی ئەم بزووتنەوەیە دەسەلمێنن.

کرێکارانی کوردستان!

یەکیەتی و ڕیکخراوە کرێکاریەکانی ڕۆژهەڵات!

ئەمساڵ ئێوە لە کاتێک‌دا بە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە دەچن، کە شارەسنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون بە گۆڕەپانی مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی مەدەنیی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێشی ئەو شارانە. دانیشتوانی شار و ناوچەکانی بانە، مەریوان، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، پاوە ، جوانڕۆ و ژمارەیەک شاری دیکە کە بژیوی بنەماڵەکانیان لە ڕێگای کۆڵبەری و کاسبیی سەرسنوور دابین دەبێ، جارێکی دیکە لە گەڵ داخرانی سنوورەکان و زنجیرەیەک یاسا و بڕیاری زاڵمانەی دیکەی دامودەزگاکانی ڕێژیم بەرەوڕوو بوونەتەوە. ناڕەزایەتی و مانگرتنی شارە سنوورییەکان ڕوویەکی دیکەی خەباتی ئێوەیە لە دژی چەوسانەوە و ئەو ڕۆژڕەشی و بێبەشیانە کە ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئێران بە سەر خەڵکی ئێرانی داسەپاندوە. داواتان لێ دەکەین ئەمساڵ یەکگرتووانەتر لە هەمیشە و بە شکۆیەکی هەر چی زیاترەوە، پێشوازی لە ڕۆژی خۆتان ١ی مانگی مەی بکەن. پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ ئێوە ئەوەیە وێڕای مه‌حكووم كردنی سیاسه‌ته‌ دژه‌ كرێكارییه‌كانی كۆماری ئیسلامی و دەربڕینی بێزاریی خۆتان له‌ هه‌ر جۆره‌ هه‌لاواردنێكی چینایه‌تی و پێداگری لە سەر داخوازەکانتان، خۆپێشاندان و کۆبوونەوە و ڕێپێوانەکانی ئەمساڵی خۆتان لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران‌دا، بکەن بە سەکۆیەک بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی شارە سنوورییەکان و داخوازە ڕەواکانیان.

سەرکەوێ خەباتی کرێکاران بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان،

بژی هاوپێوەندی و هاوپشتیی کرێکاران و سەرجەم چین و توێژە حەقخوازەکانی کوردستان لە خەبات بە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

پیرۆز بێ ۱ی مانگی مەی، ڕۆژی هاوپێوەندیی کرێکارانی جیهان.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٨/٢/١٣٩٧

٢٨/٤/٢٠١٨”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.