ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، پشتیوانی لە مانگرتنی خەڵکی کوردستان دەکات.

0
974

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ڕۆژی چوارشەمە ۱۸ی ئاپریلی ۲۰۱۸ی زایینی بەرابنەر لەگەڵ ۲۹ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی، لە ڕاگیێندراوێکدا پشتیوانی لە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی شارە سنوورییەکانی کوردستان کرد و داوای لە شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەکات پەیوەست بن مانگرتنەکەوە.

ڕۆژی کورد: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان کە لە پێنج حیزبی کوردستانی ڕۆژهەڵات (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران) پێکهاتووە، ڕۆژی چوارشەمە ۱۸ی ئاپریلی ۲۰۱۸ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ۲۹ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی، لە ڕاگیێندراوێکدا پشتیوانی لە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی شارە سنووریەکانی کوردستان کرد.

لە بەشێکی ڕاگیێندراوەکەدا هاتووە: “ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران مانگرتن و نارەزایەتی دەربڕینی خەڵکی شارە سنوورییەکان، بە حەرەکەتێکی مەدەنیی هەڵگری داوا و داخوازی ڕەوا و ئینسانی دەزانێ و بە تەواوی پشتیوانیی لێ دەکا. نیشاندانی سفرەی بەتاڵ و دەنگهەڵبڕین دژی ئەو هەمووە تاوان و قەدەغە و قۆڕغە کە ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئێران بۆ پەکخستنی سەرچاوەی ژیانی زەحمەتکێشترین بەشەکانی خەڵک بەڕێوەیان دەبا، سەرەتاییترین مافی ئەو خەڵکەیە”.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە بەشێکی‌تری ڕاگیێندراوەکەدا داوا لە خەڵکی شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات، دەنگی خۆیان تێکەڵ بە دەنگی مانگرتووانی شارەکانی جوانڕۆ، بانە، سەقز، مەریوان، سەردەشت و پیرانشار بکەن.

دەقی ڕاگیێندراوەکە بەم شێوەی خوارەوەیە.

“پشتیوانی لە مانگرتن و نارەزایەتی دەربڕینی شارە سنوورییەکان دەکەین!

ماوەی چەند ڕۆژە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی داخرانی سنوورەکان، درێژەی هەیە. ئەم ناڕەزایەتی دەربڕینە مەدەنییە لە شێوەی کۆبوونەوە لە بەر دەرکی فەرمانداریی شارەکانی جوانڕۆ و بانە و مەریوان و سەقز، هەروەها لە شێوەی ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ و کۆبوونەوە لە دەوری ئەو سفرەیە خۆی نواندووە. ئەم حەرەکەتە مەدەنییانە شارەکانی سەردەشت و پیرانشاریشی گرتووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێ بۆ شارەکانی دیکەش پەل بهاوێ و هەروا درێژەی هەبێ.

ئاشکرایە کە ژیانی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی زەحمەتکێشی شار و ناوچە سنوورییەکان لە ڕێگای کۆڵبەرییەوە دابین دەبێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر ناوی بەربەرەکانی لەگەڵ هاتنی کەلوپەلی قاچاخدا، ساڵ بە ساڵ توندوتیژی و تاوان و سەختگیریی دژی کۆڵبەران زیاتر کردووە.

سەرەڕای کوشتن و بریندارکردنی سەدان کۆڵبەر و دەستبەسەرداگرتنی بارەکانیان و لەنێوبردنی وڵاغی بارییان، بەردەوام هەوڵی پەکخستن و نەهێشتنی ئەم تەنیا سەرچاوەی ژیان و داهاتی دەیان هەزار بنەماڵەی هەژار و دەسکورتی ئەو ناوچانەی داوە. بە تازەییش وێڕای داخستنەوەی سەر لە نوێی سنوورە کۆڵبەرییەکان، یاسا گومرۆکییەکانی لە زیانی هاوردەکاران و فرۆشەران گۆڕیوە و بەم جۆرە جارێکی دیکە ژیان و بەڕێوەچوونی ئەو خەڵکەی خستووەتەوە مەترسی. راستییەک کە ئەوەندەی دیکە تووڕەیی و بێزاریی خەڵکی ئەو ناوچانەی لێ کەوتووەتەوە ئەوەیە کە کاربەدەستان، هیچ پڕۆژە و بەرنامەیەکی ئابوورییان بۆ ژیان و بەڕێچوونی ئەو خەڵکە نییە کە کۆڵبەری و هێنان و فرۆشتنی کەلوپەل لە سنوورەکانیان لێ قەدەغە کردوون.

ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران مانگرتن و نارەزایەتی دەربڕینی خەڵکی شارە سنوورییەکان، بە حەرەکەتێکی مەدەنیی هەڵگری داوا و داخوازی ڕەوا و ئینسانی دەزانێ و بە تەواوی پشتیوانیی لێ دەکا. نیشاندانی سفرەی بەتاڵ و دەنگهەڵبڕین دژی ئەو هەمووە تاوان و قەدەغە و قۆڕغە کە ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئێران بۆ پەکخستنی سەرچاوەی ژیانی زەحمەتکێشترین بەشەکانی خەڵک بەڕێوەیان دەبا، سەرەتاییترین مافی ئەو خەڵکەیە.

ئێمە لە کاتێکدا سڵاو بۆ خۆڕاگری و ئیرادەی کۆڵنەدەرانەی مانگرتووان دەنێرین، داوا لە خەڵکی شار و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین دەنگی خۆیان تێکەڵ بە دەنگی مانگرتووانی شارەکانی جوانڕۆ، بانە، سەقز، مەریوان، سەردەشت و پیرانشار بکەن. پاشەکشەی کاربەدەستان و ملدانیان بۆ داخوازە ڕەواکانی مانگرتووان و ناڕازییان، لە گرەوی درێژەی ئەو حەرەکەتە و پشتیوانیی خەڵکی شارەکانی دیکە لە مانگرتنی شارە سنوورییەکاندایە.

ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
پێکهاتوو لە:
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

۲۰۱۸/٤/۱۸
۲۳۹۷/۱/۲۹”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.