ناوەندی مافی مرۆڤی زاگرۆس، پشتیوانیی خۆی لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور ڕاگەیاند

0
968

ڕۆژی کورد: بە نزیک بوونەوە لە کاتی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی بەشێک لە کوردستانی داگیرکراو، ڕێژەی پشتیوانیی ناوچەیی، ناونەتەوەیی و ناوخۆیی بەرەو زێدەبوون و پەرەسەندنە.

تا ئێستا جیا لە ئێران و تورکیە، هیچ وڵاتێکی تر بە ئاشکرا بە دژی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور، نەەوەستاوەتەوە.

ناوەندی چالاکی مافی مرۆڤیی زاگرۆس، کە ڕێکخراوێکی ناسراو و خاوەن پێگەی جیهانی لە بواری مافی مرۆڤی کوردە و نبنکە سەرەکییەکەی لە وڵاتی سویسیە، لە ڕێگای ڕاگەیێندراوێکەوە، پشتیوانیی خۆی بۆ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور ڕاگەیاندووە.

ناوەندی مافی مرۆڤیی زاگرۆش، پێشتریش لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤی وڵاتی سویس، سمیناری بۆ پشتیوانی لە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور، بەڕێوە بردووە.

دەقی بەیاننامەی پشتگری ناوەندی زاگرۆس بۆ گشتپرسی سەربەخۆیی هەریمی کوردستان لە عێراق

لە ٧ی حوزەیرانی ئەمساڵدا زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی هەریمی کوردستانی عێراق بڕیاری ڕێکخستنی ڕێفراندۆمێکیان دا کە چارەنووسی سیاسی هەرێمەکە دیاری دەکات.
هاوڵاتیانی هەریمی کوردستان لە چەند دەیەی ڕابردوودا بەردەوام لە خەباتدا بوون بۆ دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و بەو بۆنەشەوە شەڕ و نەهامەتیان بە سەردا هاتووە و ژمارەیەکی زۆریش لەو ڕێگایەدا بوونەتە قوربانی.
فیداکاری و لەخۆبوردەیی گەلی کوردستان بە تایبەت لە دوای سەرهەڵدانی گرووپە تیرۆریستیە بناژۆە ئیسلامیەکەی داعش بیر و سۆزی کۆمەڵگای جیهانی بۆ لای ئەو گەلە ڕاکێشاوە و بە هەموو لایەکی سەلماندوە کە ئەو گەلە مافی خاوەندارێتی چارەنووس و داهاتووی خۆی هەیە.
کۆڵەکەی دونیای نۆێ و پێشکەوتووی ئەوڕۆ لە سەر بنەمای یەکسانی و هاوکاری گەلان دانراواتەوە و کۆمەڵگای نێۆنەتەوەیی هاوکار و یارمەتیدەری ئەو گەلانە دەبێ کە ئیرادە و ویستی بەشداربوونیان هەیە لە ئاستی نێۆ نەتەوەیی و ئاشتی جیهانی دا.
بێ گۆمان گەلی کوردستانیش خاوەنی ئەو ویستەیە و مافی ڕەوای خۆیەتی کە چارەنووسی خۆی دیاری کات و خۆی بێنێتە ئاستی گەلانی پێشکەوتووی دونیاوە. لەو نێوەدا یەکیتی و یەکگرتوویی ئەو گەلە بۆ لادان و زاڵبوون بە سەر گرفتەکانی سەر ڕێگای هەڵکشانیان، ڕۆڵی بنەڕەتی دەگێڕێ و دەتوانێ کاریگەری لە سەر پشتگرییە نێۆنەتەوەییەکانیش هەبێ.
گشتپرسی یەکێکە لە کۆڵەکەکانی دیمۆکراسی و بەشێکە لە پڕۆسەیەک! هیچ بینایەک بە بێ بەرزبوونەوەی هەموو کۆڵەکەکانی ناتوانێ بەرز بێتەوە یان لە سەر پێ بمێنتەوە. بۆیە دیمۆکراسی کوردستان پێویستی بە جێگیربوونی دیمۆکراسیەکی هەمە لایەنەیە و دەبێ هاوکات لە گەڵ ئەنجامی گشتپرسیدا کار بۆ کارکردنەوەی پەرلەمان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و چەسپاندنی بڕیاری گەل بکرێت.
ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە ڕێکخراوێکی کوردی-سویسریە و لە ئاستی ڕێکخراوە نێۆنەتەوەییەکانی بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤدایە، هەر لە دامەزرانیەوە هەتاکو ئێستا پشتگری لە دۆزی کورد و کەمایەتیەکانی دیکەی کوردستان و عێراق کردوە و دەیکات. ئێمە لە ناوەندی زاگرۆس پێمانوایە کە هەموو گەلان و کەمایەتیەکانی ناوچەکە و خەڵکە خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێ مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان هەبێ و یاسا و پەیماننامە نێۆ نەتەوەییەکانیش دەبێ ڕێخۆشکەری وەدی هاتن و پارێزەری ئەو مافە بن. بۆیە ئێستا کە گەلی کوردستان بڕیاری ئەنجامی گشتپرسی داوە بۆ دیاری کردنی داهاتووی خۆی، ئێمە پشتگری ئەو بڕیارە دەکەین و هەوڵی دەستەبەرکردنی پشتگری نێۆنەتەوەییشی بۆ دەدەین لە ئاستی توانا و هێزی خۆمان دا.
هیوادارین کە گشتپرسی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ بە سەرکەوتنەوە کۆتایی بێت و ئیرادە و ویستی گەلی کوردستان بۆ دیاری کردنی چارەنووسی خۆی بسەلمێنێت.
ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ
١٥/٠٨/٢٠١٧
ژنێڤ – سویسرا

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت