ناوشکێنێکی ئەمریکایی ڕەوانەی قەراغ ئاوەکانی یەمەن کرا

0
664

ڕۆژی کورد: هاوکات لەگەڵ هاتنە ئارای گەمارۆی نوێی ئەمریکا لەسەر ئێران و گەمارۆ خرانە سەر ٢٥ کەس و کۆمپانیای ئێران و هەروەها هەڕەشەکانی ترامپ لە هەمبەر ئێران لە تویتێری خۆیدا، ناوشکێنێکی هێزی زەریایی ئەمریکا لە قەراغ ئاوەکانی یەمەن جێگیر بوو.

دەگوترێ ئەو ناوشکێنە بە مەبەستی پاراستنی ڕێگا ئاوییەکانی ناوچەکە لە هەمبەر هێرشی حوسیەکانی یەمەن کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتگیرییان لێدەکرێ، ڕەوانەی ئەو شوێنە کراون.

ناوشکێنی “یو ئێس ئێس کول”، ڕۆژی هەینی چۆتە تەنگەی بابولمەندەب لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن و جیا لە چاوەدێری کردن، ئەرکی بادیگاردیی گەمییەکانی لەو ئاوانەدا لە ئەستۆیە.

چەکدارە حوسییەکانی یەمەن کە گروپێکی شیعەن، لە حەوتووی ڕابردوودا هێرشیان کردە سەر گەمیەکی شەڕی سعودیە لە ئاوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن و لە ئەنجامدا بە هۆی تەقینەوە، دوو کەس لە دانیشتوانی ناو گەمیەکە مردن.

کارناسانی سیاسیی دۆخی خۆرهەڵاتی ناوەراست، لەو بڕوایەدان کە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە بەرزبوونەوەدان و چیتر ناکرێ چاوەڕوان بکرێ ئێران ئەو ئارامییەی سەردەمی ئۆباما بە خۆیەوە ببینێتەوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت