نامەی لێقەوماوێكی كرماشانی بۆ لاهوور شێخ جەنگی

0
1258

لە كرماشانی هاوشانی كەركووكەوە
نامەی لێقەوماوێكی كرماشانی بۆ لاهوور شێخ جەنگی

دەست راگرە شێخ لاهوور، دەست راگرە. ئێمە پێش بوولەرزە سامناكەكە، ماوەیەك بوو بە ژانی بەئازاری برینەكەی كەركووكی نیشتمانەوە دەتلاینەوە و دەمانناڵاند و بیرمان لە هەتوانێك دەكردەوە كە تۆ نەتوانی پووچەڵی بكەیتەوە. دەست راگرە.

ئێستا ئێمە ماڵكاول و لێقەوماوین، بێ ماڵ و حاڵ كەوتووینەوە و گشت داماوین. خۆ ئەگەر هاوزمانەكانمان فریامان نەكەوتبایەن، سەد ئەوەندەی ئێستا تێدادەچووین و نغرۆ دەبووین.

ئێمە ئێستا پێویستمان بە یارمەتیی گشت لایەكە و ئەمەگداری هاوخەمی و دەستگیرۆیی هەموو خەڵكی كوردستانین. ئێمە لە رەچەڵەكی تاشەبەردەكانی بێستوونین، لە بن داروپەردووی بێبەزەیی خانووە رووخاوەكانماندا بپڕووكێین باشترە لەوەی دەستی خاكفرۆشێك فریامان بكەوێت، بمرین باشترە لەوەی ئەو كەسەی تانكەكانی حەشدی بەسەر لاشەی پێشمەرگەدا هێنایە نێو كەركووكەوە فریامان بكەوێ. لێمانگەڕێ با بەدەم زامی قووڵی كرماشان و كەركووكەوە بتلێینەوە بەڵام پەڵەی شوورەییمان نێوچاوانەوە نەبێ. ئێمە لەگەڵ شوورەیی رانەهاتووین.

بێستوون فێری كردووین خۆڕاگر و سەربەرز بین. ئەو پارانەی بۆت هێناوین بۆنی خیانەتیان لێ دێ. پڕ پڕن لە نووزەی منداڵی شەهید و هەنیسكی رۆڵەكوژراوان و ناڵەی نیوەزیندووی ئەو پێشمەرگانەی لە شەوی 16ی ئۆكتۆبەردا بە خیانەتی تۆ سینگیان دابێژدابێژ بوو.

ئێمە با بمرین، بپڕووكێن، لەسەرمان رەقهەڵێین و لە برسان بمرین و لە تینوێتیان سیوشكەمان هەڵێ، هەزار جاران باشترە دڵۆپێك ئاو، پاروویەك نان، لەتێك راخەر و پێخەف لەو دەستانە وەرگرین كە كەركووك و پێشمەرگەیان فرۆشت، كە سەربەخۆییان فرۆشت، كە وایان كرد ئاڵای كوردستان ببێتە گەپجاڕی دوژمنانی كورد و بیخەنە ژێر پێیان. نامانەوێ، دەست راگرە، نانی نیشتمانفرۆش بە قوڕگی ئێمەدا ناچێتە خوار.

هاوكارییه‌كانی لاهور شێخ جه‌نگی گه‌یه‌ندرایه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.