«نامەیەكی بێ پاكەت»

0
1127

دیاكۆ ڕۆژهەڵاتی

ڕێبەرە خۆشەویستەكانم، سڵاو.
ئێوە لەوێ و من لێرە، لە نێو خاكی سەر كوت كراو و وڵاتی هەپروون بە هەپروونەوە سڵاوتان لێدەكەم.
لێرە كە زۆر شت لە جێگاو شوێنی خۆیاندا نین و لە گرێژەنە چووندان. پێم خۆشە پێتان بڵێم، ئەو وڵات و خاكەی كە ئێوە باسترین ڕۆژەكانی تەمەنی خۆتان بۆ تەرخانكرد و هەزاران هاوڕێ و كەستان بۆی بوونە كۆچی قوربانی و بەرد بە بەرد و چیا بە چیای، خوێنی سووری كەسانێك نەخشاندویانە كە كە لەگەڵ ئێوەدا ژیان و ماندوو بوون ئارەقیان ڕشتوەو توونیەتی برسێتیان چەشتوەو دڵیان پڕ بووە لە هیوا بە ‌‌‌ژیان.
ئەمانە كامەیان دڵیان بێ دڵدار بووە و كامەیان مانای ژیان و ئازادی و خۆشیان نەزانیوە و حەزیان لە خۆشی و خۆشڕابواردن نەبووە؟ ئەوانە كەسانێك بوون خۆشەویستی خاك و وڵاتیان، بە هیچ شتێك نەگۆڕیوەتەوە و خۆیان بۆ خاك و گەلیان فیدا كرد.
ڕێبەرە خۆشەویستەكانم،
ئەو پرسیارەی بەردەوام دەكوترێتەوە ئەوەیەكە مانای كوردبوون و كوردایەتی چییە. مانای خەبات بۆ وەدەست هێنانی ئازادی بۆ نەتەوەكەمان چییە. ئێمە چۆن دەگەینە هەواری ئاسوودەیی. ئێمە چۆن دەبینە ئەوەی كە دەبێ ببین.
وڵامی پرسیارەكە لە لای ئێوەیە. ئێوە بۆخۆتان هەم لە تەمەن داو هەم لە ئەزموونی سیاسی و خەبات دا، خاوەن ئەزموونن. ئەی ئەو ئەزموونەتان هەڵگرتووە بۆ كەی؟ ئەوە كەی دەتانەوێ بە كردار بیسەلمێنن كە ئێمە بێ بەك بوون. ناگەینە هەواری ئاوات.
ئێوە باش دەزانن كە ئێمە یەك نەبین هیچ نین. ئەدی بۆ یەك ناگرنەوە؟
تكایە ڕێبەرە خۆشەویستەكانم،
ئەی ئەوانەی درێژایی تەمەنتان كردە قوربانی ئازادی گەلەكەتان ئێستا لە كۆتای تەمەندا. ئەوانە كێن كە ئێوە گوێیان لێ دەگرن و نابنەوە بە یەك؟ ئەوانە چین لە سەریان یەك گرتنەوە دەكەنە قوربانی؟
لە كێ شەرم دەكەن بۆ یەك گرتنەوە، لە چی شەرم دەكەن و نابنەوە یەك.
ڕێبەرە خۆشەویستەكانم،
دڵنیا بن دڵنیا. ئێوە بەو كارەتان. هەودا، هەودا كۆمەڵگەكەتان لە بەریەك هەڵدەپسێنن وكولوو كولوو بەشانەی لە یەك دابڕانیادا دەدەن. لە یەكیان دەپێچن و دەیانكەنە هۆرپە و لە سەران لێژییەوە جاڵەیاندەكەنەوە و دەیانخەنە دۆزەخی فەوتانەوە.
بەڵام مامۆستاكانم، ڕێبەرەكانم،
ئێستا ئەو خاكەی ئێوە و ئەوان ژ‌یان و گیانتان بۆ كردە قوربانی، بۆتە شوێنی ڕمبازێنی چەقەڵ و كەمتیار و بە دەستی ئەوانە ئاسك و مامرەكانمان لە نێو دەبەن و سەمی بیرگەلێك بڵاودەكەنەوە كە ئەگەر هەر دڵۆپەیەكی بە كەسێكدا بكەوێت ئەوە بۆ ئەوەی مانای جوانی و ئازادی و خۆشەویستی لە بیر بەرێتەوە تەواوە.
ئێستا لێرە، نازانم دەزانن یان نا. بە دەیان كەس كاریان ئەوەیەكە فوو لە چراكان بكەن و ڕووناكیەكان لە سێدارە بدەن. فڵچەكەیان بە دەستەوە گرتوە و ئاوێنەكان و شووشەی پەنجەرەكان بە ڕەنگی ڕەش سواغ دەدەن.
سەدان بیر و بۆچوون، بە نێوی سەلەفی و داعشی و ئەلقاعەدەیی و ئەخەوانی و مەكتەبییەوە، ئەوە خەریكن ئەسپی وێرانی و بە تاڵان بردنی جوانییەكانی وڵاتەكەمانی تێدا لینگ دەدەن. خەریكن خۆشەویستی وڵات بە قخخخەدادەنێن. ئەگەر ئەمانە پیچم بگرن، ئەگەر ئەمانە ڕەنگ بگرن- كە بە داخەوە خەریكن- ئەوە ئاسەواری ئەوكاولكاری و وێرانیانەی ئەوان سازی دەكەن هەروا بە ئاسانی نۆ‌ژەن ناكرێتەوە.
ئێوە ئەی ڕێبەرە خۆشەویستەكانم، لەم هەل و مەرجە و لەو ڕۆ‌ژگارە بەرپرسیارن و مێژوو بە تاوانبارتان دەزانێو ناتوانن خۆتانی لێ لادەن. ئاگادار بن مامۆستاكانم، ئەوەی ئەو چەند ساڵە بۆی ماندوو بوون و شەو نخوونیتان بۆ كێشاوە و تەمەنی جوانیتان بۆ كردە قوربانی، خەریكە دەبنە خۆراكی ئەو سەر قوڕاویانەی كە تەنیا و تەنیا هەر لە وێرانە و زلكاوانەدا هەڵدەدەن، بەداخەوەش خەریكن هەڵدەدەن. ئەمانە لێرە خەریكن خۆشەویستی نیشتمان دەكەنە تاوان و ئەشق دەكەن هەرزەبی. ئازادی دەكەنە بەڕەڵایی و جوانی لە دزێوی دا دەبینن و لە كونە تاریك و نووتەكەكانیانەوە، خۆیان بە دەمڕاستی ئاشتی و ئازادی و ڕووناكی دەزانن.
ڕێبەرە خۆشەویستەكانم،
ئێوە لەوەی كە ئەوانە ئاوا بوونەتە داشەهارە و خەریكن هەموو شیرازەكانی ‌ژیانمان لەبەر یەك هەڵدەوەشێننەوە، بەرپرسیارن. ئەوان لێرە لە سەد لاوە دەمیان ناوەتە نێو هزر و بوونمان و هەر كەسەی بەلایەكدا، بە تاڵانی دەبا و ئێوەش بە جێی بەربەرەكانێ و چارەسەری ئەم دۆخە شپرزە، خەریكن بە لەبەریەك هەڵوەشاندنەوە و لێكترازانی یەك بە دوای یەكدا و گوێنەدان بە ڕووناكبیران و دڵسۆزانی نێو خۆی و دەرەكی، هەم وڵاتەكەتان و هەم خەباتەكەتان و هەم گەلەكەتان و هەم ‌ژیانی نەتەوەكەتان، دەدەن بە دەم تۆفانەوە و ئاو دەكەنە ئاشی دو‌ژمنان و ناحەزانمانەوە.
ڕێبەرە خۆشەویستەكانم،
یانی ئێوە وانەكانی مێژووتان نەخوێندۆتەوە؟ ئێوە بەو تەمەنەوە كە هەتانە، ئەزموونتان لە مێژوو وەرنەگرتووە؟ من لە نەوەكانم دەترسێم، ئێوە ناترسن!! من لە داهاتوەكان دەترسێم، ئێوە ناترسن؟
من بۆیە ئەمەتان بۆ دەنووسم، هەتا لە داهاتوو، ئەگەر نەوەكانم و هاوتەمەنی نەوەكانم، ‌‌‌‌‌ڕووناكبیرانی ئەم سەردەمەیان سەركۆنە كرد ئەم نووسراوە بكەمە بەڵگەیەك بۆ پاكانە كردنم.
ڕێبەرە خۆشەویستەكانم،
پڕژوبڵاوی ئێوە ئێمەی وا لەبەر یەك بڵاوكردووە كەم كۆڕ و دانیشتنمان هەیە نەبێتە. گە زارە لەیەك كێشان و بە یەكدا هەڵ نەپرژان. ئەو دۆستانەی هەتا دوێنەكە سوێندمان بە سەری یەكتر دەخوارد. ئێستا بۆ سەری یەكتری لێدەدەین. ئێستا بە جێی وشەگەلێكی، وەك ئازایی و خۆشەویستی و یەك بوون، وشەگەلێكی وەك، لادەر و تێكدەری لە كۆڕەكانماندا بە یەكتر دەگۆڕینەوە.
ڕێبەرە خۆشەویستەكانم،
نازانم ئێوە چی، بەڵام ئێمە لێرە ئەوە بە دەست هەزاران ‌ژانەوە دەناڵێنین. خەریكین گۆڕستانێك بۆ هیواكانمان ساز دەكەین. خەریكین باوەڕ بكەین ئێمە هیچ نین. خەریكین باوەڕ بكەین ئەوەی كردەمان كای كۆن بە با كردن بوو. خەریكین باوەڕ بكەین ئەوەی دەمانەویست بیكەین خەونێك بوو دیمان و بە خەبەر هاتین. خەریكین باوەڕ دەكەین ئاواتەكانمان بوونەتە كای سەر ملە. خەریكین باوەڕ دەكەین خوێنی شەهیدەكانمان بەفیڕۆ چوون. یان بە فێڕۆ دەچن.خەریكین وەك چۆن بە دیتنی سەربڕین و خوێن ڕشتن و سووتاندن و گۆڕی بە كۆمەڵی شاشەی تیویەكان ڕادێین، ئاواش بەدۆڕاندن و دەنگەنامۆكان و شەمشەمە كوێرەكان و هاتو چۆی كەمتیار و تلیاك فرۆشەكان و شووشە فرۆشەكان ڕادێین. خەریكین باوەڕ دەكەین بووینەتە شوانەی ڕەنجەڕۆ دەبێ هەر بڕۆین و بڵێن:
خەوت ساڵ شوانیم كرد شوانی حەمەخان
بزنێكی پێدام لەبری شەرتە شوان
گورگی تەپەلووس لێم بوو بە دوژمن
بزنەكەی خواردم چی بدەم بەژن
زۆردەترێم باوەڕبێنم زمانەشم هیچ نییەو باشترە قەڵەمەكەم دانێم و پێی نەنووسم.

بەڵێ ڕێبەرە خۆشەویستەكانم،
لێكترازانی ئێوە و ناكۆكی ئێوە، خەریكە لە ئێمە و وڵاتەكەمان دەبێتە، گورگی تەپەلووس و ئاواتی بە دەسگیران نەگەیشتنمان، لەگەڵ خۆی دەبات و ئێمەش مەستە خەراسار دەكات.
بەڵێ ڕێبەرە خۆشەویستەكانم،
ئەگەر ئێوە ئاوا بن، ئێمەش دەبین بە هیچ.

دیاكۆ ڕۆژ هەڵاتی ٢٣/١٠/٢٧١٦

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت