نارەزایەتی ده‌ربڕینی ٥٤ نووسەر و هۆنەرمەندی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات سەبارەت بە بڕیاری سزای بەندکران بۆ سه‌ر سێ نووسەری ئێرانی

0
1047

ڕۆژی کورد :
زیاتر لە ٥٠ نووسەر و هۆنەرمەند لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات نارەزایەتی خۆیان بەرانبەر بڕیاری بەندکرانی سێ نووسەری ئێرانی لە لایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە دەربڕیووە. ڕەزا خەندان (مەهابادی)، کەیوان باژەن و بەکتاش ئابتین ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران، بە تێکڕایی ماوەی ١٨ ساڵ سزای بەندکرانیان بۆ دیاریکراوە.

لە درێژەی بەردەوامی ناڕەزایەتیی دەربڕین بۆ بڕیاری سزای بە تێکڕایی ١٨ ساڵ بەندکران بۆ ڕەزا خەندان (مەهابادی)، بەکتاش ئابتین و کەیوان باژەن، ٥٤ نووسەر و هۆنەرمەند و چالاکی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران لە هەنگاوێکی هاوبەشدا نارەزایەتیی خۆیان بەم بڕیاری ڕژیمی ئێران دەربڕیووە و بە توندی ئەم هەنگاوەی ڕژیم و هەڵسووکەوتی ئاسایشی دەسەڵاتدارانی ڕژیمیان بۆ سەر نووسەران و هۆنەرمەندان مەحکووم کردووە و هاوکات داواکاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بەندکرانی ئەم سێ ئەندامەی کانوونی نووسەرانی ئێران بوون. هاوکات کانوونی نووسەرانی ئێران لە لاپەڕەی تێلێگرامی خۆی دا وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاگەیەندراوە، ناونیشانی ماڵپەڕی ئینتەرنێتی خۆی بۆ واژوو کردنی کۆنووسی ناڕەزایەتی دەربڕین و پشتگیری لە کەسانی ناوبراو داناوە.
ڕەزا خەندان (مەهابادی)، کەیوان باژەن و بەکتاش ئابتین سێ نووسەری ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران و سەر بە سەندیکای نووسەرانن کە هەر یەک لەوانە ماوەی ٦ ساڵ بەندکرانیان بۆ دیاریکراوە، بڕیاری لقی ٢٨ دادسرای شۆڕشی تاران دژی ئەم سێ نووسەرە ڕۆژی ٢٥ی بانەمەڕی ڕابردوو بە پارێزەرانی ئەوان، ڕێزداران ناسر زەڕئەفشان و ڕازییە زەیدی ڕاگەیەندرابوو.
لە داخوویانی ٥٤ نووسەر و هۆنەرمەند کە ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوەکەیان ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣١ی تەمووز لە لاپەڕەی تێلێگرامی کانوونی نووسەرانی ئێران بڵاوکرایەوە، باس لە سەر ناوەڕۆکی بڕیاری مەحکەمە کراوە و هاتووە : ئەگەرچی دەرکردن و جێبەجێکردنی ئەم چەشنە بڕیارانە لە لایەن دادگای شۆڕشی ڕژیمەوە کەم پێشینە نیە، بەڵام بە تاووتوێکردنی هۆکارەکانی ئەم بابەتە نوێیە، دیاردەیەکی دیکە لە زیادبوونی هەڕەشە و گوشارەکان بۆ سەر نووسەران و ڕۆژنامەنووسان ئاشکرا دەبێت. نووسەرانی داخوویانی ناوبراو هەروەها ئەوەیان زیاد کردووە : ئەگەر بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و نووسینی کتێب و سەردانی مەزاری نووسەران و هونەرمەندان تاوانی ئاسایشی بەدی دەکرێت، هەروەک لە بارەی ئەم سێ نووسەرە ڕەچاوکراوە، ئەوا بە پێی بڕوا و تەگبیری ڕێکخراوە ئاسایشییەکان و دەزگا دادپەروەرییەکان هەر نووسەرێک لە ناخی خۆیدا تاوانبارێکە.
٥٤ نووسەر و هۆنەرمەند و ڕۆژنامەنووسی دانیشتووی دەرەوە و ناوخۆی وڵات لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیان دا هاوڕێ لە گەڵ ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری دەزگای دادپەروەری بۆ سەر ئەم سێ کەسە نووسەرەی ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران، هاوکات لە گەڵ ئیدانەکردنی هەڵسووکەوتی ئاسایشی لە گەڵ نووسەران و ڕۆژنامەنووسان خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دەرکراو بۆ بەکتاش ئابتین، کەیوان باژەن و ڕەزا خەندان (مەهابادی) بوون.
بابەک ئەحمەدی، حەسەن ئەسغەری، عەلی باباچاهی، پەرویز بابایی، محەممەد ڕەزا باتێنی، ڕەخشان بەنی ئێعتیماد، بەهرام بەیزایی، خوسرەو پارسا، جەعفەر پەناهی، ئەحمەد پووری، عەلیرەزا جەبباری، شاپوور جوورکەش، ئەمیر حەسەن چهلتەن، فەرخۆندە حاجی زادە، حەسەن حیسام، مۆحسێن حەکیمی، نەسیم خاکسار، ئیسماعیل خۆیی، خەشایار دەیهییمی، محەممەد ڕەسووڵ ئۆف، قاسم ڕووبین، فەریبۆرز ڕەییس دانا، ناسر زەڕئەفشان، فریشتە ساری، محەممەد عەلی سەججادی، جەلال سەرفەراز، فەرەج سەرکووهی، عینایەت سەمیعی، سەید عەلی ساڵحی، فەرزانە تاهیری، عەبدولعەلی عەزیمی، مەهدی غێبرایی، موراد فەرهادپوور، محەممەد قائید، ئازیتا قەهرەمان، ئیرەج کابۆلی، مێهرئەنگیز کار، یووریک کەریم مەسیحی، لەیلی گولیستان، شەهلا لاهیجی، شەمس لەنگروودی، جەواد مۆجابی، محەممەد محەممەدعەلی، عەبباس مۆخبیر، ئەکبەر مەعسووم بەیگی، شەهاب مۆقەررەبین، ئەسفەندیار مۆنفەریدزادە، حافز مووسەوی، نێعمەت میرزازادە، جەماڵ میر سادێقی، مۆشتەبا میر تەهماسب، مەنیژە نەجم عێراقی، مۆحسین یەلفانی و سەعید یووسف واژووکارانی ئەم داخوویانە ناڕەزایەتییە بوون.
ماوەیەکی کورت دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری سزای تێکڕایی ١٨ ساڵ بۆ سەر ئەم سێ نووسەرە، کۆمەڵێکی بەرچاو پێکهاتوو لە ٨٩٤ کەس لە نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، ڕەخنەگران، شاعیران و چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی لە تۆی نامەیەکدا داواکاری خۆیان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی دەزگای دادپەرەوەری کۆماری ئیسلامی ناڕەزایەتی ئاشکرای خۆیان سەبارەت بە کردەوە نادادپەروەرانەکانی دەزگای داد و هەڵسووکەوتی ئاسایشی لە گەڵ نووسەران و قەڵەم بە دەستان دەربڕیبوو و هاوکات خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ناڕەوا و دژی ئازادی ڕادەربڕین بۆ هەر سێ ئەندامانی کانوونی نووسەرانی ئێران کردبوو.
لە لایەکی دیکەش ئەنجۆمەنی نێودەوڵەتی قەڵەم (Pen International) لە مانگی بانەمەڕی ڕابردوودا پێش لە دەرکردنی بڕیاری دەزگای دادپەروەری ڕژیمی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک نیگەرانی و هاوخەمیی خۆی لە لێپرسینەوەی ئەم سێ ئەندامەی کانوونی نووسەرانی ئێران دەربڕیبوو. ئەم ڕێکخراوە نێونەتەوەییە لێپرسینەوەی ئەم نووسەرانەی بە بیانووی سیاسەت ناوبردبوو لە هەمان کاتیشدا ئەم بابەتەی بە پێشێل کردنی ئاشکرای مافی ئازادی ڕادەربڕین ناوبردبوو.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.