مەلا مستەفا بارزانی سی و هەشت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كۆچی دوایی كرد

0
7108

This slideshow requires JavaScript.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١\٣\٢٠١٧، ٣٨ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی، ڕێبه‌ری به‌شێك له‌  شۆڕشەکانی کورد له‌ كوردستانی باشوور و ڕابەری بزاڤی ڕزگاریخوازی کورددا تێپەڕ بوو.

ژیانی منداڵی

مەلا مستەفای بارزانی، ناوی تەواوی (مستەفا کوڕی شێخ محەمەد بارزانی)ـیە، لە ١٤ی ئاداری ١٩٠٣ لە گوندی بارزان، لەدایکبووە، لە تەمەنی سێ ساڵاندا، کاتێک مەلا مستەفا بەر ھەڵمەتێکی عوسمانییەکان دەکەوێت و دوای بەدیلگرتنی شێخ عەبدولسەلام کە برای گەورەیەتی، لەگەڵ دایکیدا بۆ ماوەی ٩ مانگ، زیندانی دەکرێت.

سەرکردایەتیکردن

لە ساڵی ١٩١٩ بەشداریی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید دەکات و سەرکردایەتیی ھێزێکی ٣٠٠ کەسی پێ دەسپێردرێت، دواتر لە ساڵی ١٩٢٠ لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانیی برایەوە دەنێردرێت بۆ لای شێخ سەعیدی پیران لە کوردستانی باکوور بە مەبەستی ھەماھەنگیکردن لەگەڵ شۆڕشەکەیدا.

لە شۆڕشەکانی ساڵی ١٩٣١_ ١٩٣٢ بۆ بەرگریکردن لە میحوەرەکانی (مێرگەسوور و شێروان)، فەرماندەیی ھێزێکی گەورەی دەکرد کە بەرامبەر ھێزەکانی ئینگلیس شه‌ڕیان ده‌كرد، لەوێشەوە ناوبانگی وەک سەرکردەیەکی سەربازیی بەتوانا و شارەزا، دەرکرد.

لە ساڵی ١٩٣٢ ، حکوومەتی عێراقیی سەردەمی پاشایەتی، بە پشتیوانیی بەریتانیاییەکان، ھێرش دەکەنە سەر ھێزەکانی کورد کە لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانیی برایەوە سەرکردایەتی دەکرا، دوای بەدیلگرتنی شێخ ئەحمەد، مەلا مستەفای بارزانی، دەستی کرد بە سەرکردایەتیکردنی ھێزەکان و ڕێکخستنەوەیان.

دوای ساڵێک، حکوومەتی عێراق لێبووردنی گشتی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و بنەماڵەی بارزانییەکان دەرکرد، بۆیە لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٦ تا ١٩٤٣، چالاکیی سەربازی لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە ڕاگیرا، تا لە ساڵی ١٩٤٣ دووبارە بزووتنەوەی کوردی و خەباتی پێشمەرگایەتی له‌ باشوور، بەسەرکردایەتیی مەلا مستەفای بارزانی،  دەستی پێکردەوە.

جەنگی جیھانیی دووەم

مەلا مستەفای بارزانی، توانی دۆخی جەنگی دووەمی جیھانی و کودەتاکەی سەر حکوومەتی عێراقی کە بە سەرکردایەتیی بەکر سدقی بەڕێوەچوو، لە خزمەت دۆسیەی کورد بقۆزێتەوە و جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە بارزان، لەوێ ھەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتدا پچڕاند و داواکارییەکانی حکوومەتە لاوازەکەی بەغدای ڕەت کردەوە کە داوای دەکرد، بزووتنەوە پێشمەرگایەتییەکەی، ڕابگرێت.

حکوومەتی عێراق بەردەوام بوو لە سازشکردن، تا ئەو کاتەی مەلا مستەفا توانی ھەموو داخوازییەکانی ئەو کاتیان بەسەردا بسەپێنێت، ئەوەبوو ژمارەیەک ئەفسەری کورد ئیدارەی ناوچەکەیان بە سەرپەرشیی وەزیرێکی کورد، گرتە دەست و دواتر ئەو وەزیرە کوردە و ئەفسەرەکان لە بری حکوومەتی عێراق، فەرمانەکانیان لە مەلا مستەفای بارزانییەوە وەردەگرت، شارەزایی سەربازیی ئەفسەرەکانیش لە کاروباری سەربازیدا سوودیان لێوەرگیرا و توانرا ناوچەکە توندوتۆڵ بکرێت و ھێزێکی پێشمەرگەی ٢٥٠٠ کەسی پێک بھێنرێت، لە ئەنجامدا حکوومەتی بەغدا کۆنترۆڵی ناوچەکەی بەدەستەوە نەما.

بەڵام دوای ساڵ و نیوێک، حکوومەتی عێراق، توانی ھێزێکی زۆر کۆبکاتەوە و ھێرش بکاتەوە سەر ناوچەی بارزان، لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوول و تا سەرەتای تشرینی یەکەمی ١٩٤٥، شەڕێکی قورس ڕووی دا و ھێزەکانی پێشمەرگە بەرگرییەکی سەختیان کرد، دواتر کشانەوە بۆ ناوچەی (کانی ڕەش) لەسەر سنووری تورکیا.

دەبێتە ژنێراڵ و یه‌كێك له‌ فەرماندەكانی سوپای کۆماری کوردستان

لە ١٥ی ئابی ١٩٤٥ و ساڵێك دوای دامه‌زراندنی حیزبی دێموكراتی كوردستان لە كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات ،  دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕاگەیەندرا، دوای ماوەیەکی کەم، سەدای پارتی گەیشتە ناوچەکانی کوردستان و توانرا چەندین بڵاوکراوە بە خەڵکی کوردستان بگەیەنرێت، بۆیە حکوومەتی عێراق دەستی کرد بەدەستگیرکردنی ئەندامانی پارتی.

لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦، لە مەراسیمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەھاباد، مەلا مستەفا لە لای دەستە ڕاستی قازی محەمەد وەستابوو، لەوێدا بە فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان دەستنیشان کرا و پلەی “جەنەڕاڵ”ی پێبەخشرا.

لە ساڵی ١٩٤٥ و دوای کۆتاییھاتنی جەنگی دووەمی جیھان و کشانەوەی ڕووسیا لە ئێران و کۆتاییھاتنی کۆماری كوردستان، ھێزەکەی مەلا مستەفا و ھێزەکانی ئێران پێکدائاڵان و شەڕ درووستبوو، لەوێ ھێزەکانی کوردستان دوای بەرگرییەکی توند، توانییان خۆیان بگەیەننە ناوچەکانی سنووری یەکێتیی سۆڤیەتیی جاران، ماوەی ١٢ ساڵ لەو وڵاتەدا مانەوە. لەسەرەتاوە مەلا مستەفا لە ‌ئازەربایجان و ئۆزبەکستان نیشتەجێ بوو، پاشان بۆ مۆسکۆ گواسترایەوە، زمانی ڕووسی و ھونەرکارییەکانی سەربازی و زانیاریی ئابووری خوێندووە. لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨دا گەڕایەوە عێراق. ئەویش پاش شۆڕشی ١٤ی تەمووز بوو کە عەبدولکەریم قاسم دەسەڵاتی لە عێراقدا گرتبووە دەست و سیستەمی کۆماری ڕاگەیاندبوو. لە کاتی گەڕانەوەیدا سەروەری و ڕێز و نەوازشێکی زۆری لێنرا، بەڵام بەھۆی پابەندنەبوونی حکوومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم بەو بەڵێنانەی بە کوردی دابوو و ھەڵگیرساندنی جەنگ لە دژی کورد، لە ‌ئەیلوولی ١٩٦١دا مەلا مستەفا بارزانی شۆڕشی دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕاگەیاند، لەبەگژداچوونی دژی دەسەڵاتداران عێراق ھەتا ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ بەردەوام بوو.

ڕێککەوتنامەی ئادار

لە ساڵی ١٩٦٨، گۆڕانکاری بەسەر سەرکردایەتیی عێراقدا ھات و کودەتای دووەمی بەعسییەکان ئەنجام درا، مەلا مستەفای بارزانی و حکوومەت دەستیان بە گفتوگۆ کرد، بەرھەمی گفتوگۆکان ڕێککەوتنی ئاداری ١٩٧٠ی لێکەوتەوە کە بەپێی بڕگە و ماددەکانی ئەو ڕێککەوتنە، کورد ھاوبەش دەبێت لە حوکمڕانیی عێراق و زمانی کوردیش لە دامودەزگاکانی فێرکردن، دەبێتە زمانی فەرمی، جگە لەوەی سیستەمی حوکمی زاتی لە کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت و کورد لە ناوچەکەی خۆیدا حوکمی خۆی دەکات، بەڵام دواتر حکوومەتی عێراق خۆی لە ڕێککەوتنەکە دزییەوە و پاشان لەگەڵ ئێران لەسەر دژایەتیکردنی کورد ڕێککەوتن و لە ساڵی ١٩٧٥ ڕێککەوتننامەی جەزائیریان واژۆ کرد.

لە ھەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری دەبێت

لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٧١ ، ھەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفای بارزانی دەدرێت. لەمبارەیەوە سەیف دووری، مێژوونووسی عێراقی ئاماژەی بەوە داوە: ”لە ٢٩ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧١ و دوای ساڵ و نیوێک لە واژۆکردنی بەیاننامەی ئاداری ٧٠ لە نێوان کورد و حکوومەتی ئەوکاتی بەغدا، نازم گزاز، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی گشتیی عێراق ھەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفای بارزانی، سەرکردەی کوردی دا و ھەوڵەکەی شکستی ھێنا”.

ھەوڵەکە لە ڕێگەی شاندێکەوە بوو کە لە ١٠ پیاوی ئایینی پێکھاتبوو، ئەوان لە بەغداوە چوون بۆ سەردانی بارزانی بۆ نێوانگیری و راگرتنی شەڕی نێوان شۆرشگێرانی کورد و سوپای عێراق.

شاندی پیاوە ئایینییەکان لە کاتژمێر ٤:٤٥ خولەکی ئێوارە، بە دوو ئۆتۆمبێل گەیشتوونەتە بارەگای سەرکردایەتی لە حاجی ئۆمەران.

مێژوونووسە عێراقییەکە دەڵێت: “نازم گزاز، ئامێرێکی تۆمارکردنی دا بە یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە و پێیگوت، سەرکردایەتیی حزبی بەعس دەیەوێ گوێی لە گفتوگۆکانی بارزانی بێ. ئەو بەو ئەندامەی شاندەکەی گوتبوو، لە بەردەمی بارزانی دانیشە و ھەر دەستی بە قسەکردن کرد، دەست بە دوگمەی ئامێری تۆمارکردنەکەدا بنێ بۆ ئەوەی دەنگی بارزانی تۆمار بکەی، ئەو کاتەی کە مەلا مستەفا دەستی بە قسەکردن کرد، دەنگێکی بەھێز ھات و دووکەڵ چوو بە ئاسماندا و شووشەی پەنجەرەکان شکان”، بەڵام پیلانەکە سەری نەگرت.

نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی

مەلا مستەفای بارزانی، لە دوای ساڵی ١٩٧٥، تووشی نەخۆشی دەبێت، بۆیە بە مەبەستی چارەسەرکردنی، دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٩ کۆچی دوایی دەکات، دواتر تەرمەکەی بۆ کوردستانی ڕۆژھەڵات دەگەڕێننەوە و لە ناوچەی شنۆ بە شێوەیەکی کاتی بەخاک دەسپێردرێت، دوای ڕاپەڕین، لە مەراسیمێکی گەورەدا، ڕووفاتەکەی بۆ ناوچەی بارزان دەگەڕێندرێتەوە.

ئێستا مەزارگەی مەلا مستەفا بارزانی، بووەتە شوێنێک کە ھەموو ساڵێک لە ساڵیادی کۆچی دواییکردنیدا، نیشتمانپەروەرانی کورد لە تەواوی ناوچەکانی کوردستاندا، وەک نەریتێکی ساڵانە، ڕوو لە دەڤەر و گوندی بارزان دەکەن.

ڕۆژانەش قوتابییان، مامۆستایان، ڕۆشنبیران، پێشمەرگە، ئافرەتان و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان، وەک ڕێزگرتنێک لە خەباتی ساڵەھای ساڵەی مەلا مستەفا بارزانی، دەچنە سەر مەزارەکەی و نزای خێر و خۆشی بۆ نیشتمان دەکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت