مەلا حەسەن شیوەسەڵی، شەهیدی زیندووی خەباتی کورد، داوای وەدەنگ هاتن لە دۆسیەی تیرۆرەکەی دەکات

0
1291

مەلا حەسەن شیوەسەڵی، ناسراو بە شەهیدی زیندوو کە ئێستا دانیشتووی وڵاتی سویدە، دوای تێپەڕبوونی ٣٠ ساڵ بەسەر تیرۆرکرانی لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە، ناڕەزایەتیی خۆی لە هەمبەر، بێدەنگ بوونی حیزبی دێموکرات بە هەر دوو باڵیەوە دەکات و داوا دەکات، لایەنە پەیوەندیدارەکان، یارمەتیدەری بن تا دۆسیەی تیرۆری خۆی، لە بەرژەوەندیی کورددا، بە گوێی ناوەندە پەیوەندیدارە جیهانیەکان بگەیێنێت.

ڕۆژی کورد: مەلا حەسەن شیوەسەڵی، یەکێک لە ناسراوترین ڕوخسارەکانی سیاسەت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و خەباتکارێک کە بەشی سەرەکیی ژیانی لە دوو سەردەمی پەهلەوی و ڕژیمی خومەینیدا لە شۆڕشدا بووە و دوای ئەوەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە، تیرۆر کرا و بەو هۆیەوە چاوەکانی و دەستی لە دەست داوە و تا ئێستا لە ژیانێکی بەش مەینەتیدا دەژی، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، سەرەڕای گازندە لە هاوقەتارانی لە هەر دوو باڵی دێموکرات، بە هۆی پاشگوێ خران، نکوڵی لێکران و هەوڵی بێ بنەما لە بواری جیاجیاوە، باس لە هەوڵ نەدان و تەنانەت ڕێگری کردن لەمەڕ بەجیهانی کران و دەنگدانەوەی دۆسیەی تیرۆری خۆی لە بەرژەوندیی گەلی کورددا دەکات.

لە بەشێک لەو گرتە ڤیدیۆییەدا ڕوو لە چالاکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان و …تاد دەڵێ: “سی ساڵ بەسەر ڕووداوی تیرۆری من لە ١٦ی سەرماوەزی ١٣٦٦ی هەتاویدا تێپەڕ دەبێ، لەو ڕۆژەدا، دوو سیخوڕی بەتایبەت ڕاهێنراوی مەکتبەیی سەر بە ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناوەکانی سەمەد کاژەیی و حەسەن ڕەمەزانی لە کتێبکێدا بە ناوی “سپید دندان” واتا ددان چرمگ، دا بە من کە لە ناو باوەشمدا و لە ناو دەستەکانمدا تەقیەوە کە بۆ هەمیشە پارچەپارچە و کوێری کردم”.

دواتر لە درێژەدا دەڵێ: “من لەو سی ساڵەدا، شەو و ڕۆژ لەگەڵ ئازار دەست لە ملان بووم بەڵام توانایی ئەوەم نیە تەنانەت ١٠ لەسەدی ئەو ئازارانەش باس بکەم. هیچ زمان و پێنووسێک ناتوانێ بۆ شیکاری و دەربڕینی ئەو ئازارانە، وشە بدۆزێتەوە، خۆزگە سەعاتی یەکەم مردبام و نە خۆم تووشی ئەو نەهامەتیانە هاتبان نە دەورووبەریەکانمان. مخابن من ئەو مرۆڤە خۆش شانسە نەبووم. مردنیش لە ڕاست من ڕا چووک و کەلنجار بوو، ژیانم لێ بووە بە ئازار و تووشی زۆر ئازاری ڕووحی و جەستەیی هاتوو،”

دواتر مامۆستا شیوەسەڵی بەردەوام دەبێ و دەڵێ: “بەر لە تیرۆریستەکان من ئازار درام و پێش تاوانباران، من بە تاوانبار ناسرام و  من وەک قوربانی سزا درام، چوم جیا لەوەی کە تێدا چووم هەوڵی زۆر درا کە کەسایەتیم تیرۆر بکرێ، زۆریان شەڕی ڕەوانی لەگەڵ کردووە و ماوە بە ماوە، جۆر و شێوەی ئەو شەڕە دەروونیانەیان دەگۆڕی. شەڕی ڕەوانی وەک ڕیسوا کردنی من و بنەماڵەم دەکرا و ئەو دۆخە زیاتر لە ٢٥ ساڵ بووە و ئێستا ٣٠ ساڵە و هەزاران داستانی تاڵم لەو ٣٠ ساڵە دا پێیە”.

شەهیدی زیندووی خەباتی ڕۆژهەڵات، لە درێژەدا وەها دەدوێ: “کەسانێک لە ناو دێموکراتەکان، بۆ سارێژکردنەوەی برینەکانم، زەحمەتی زۆریان بۆ کێشام و هاوڕێیانی پاریس پشکی سەرەکیان بەرکەوتووە و سپاسیان دەکەم. دوای گەڕانەوەم، شانسم واهات کە، چارەنووسم کەوتە دەست کەسانێک کە عاتفەیان ڕووخابوو و جیا لە بەگژداهاتن و ئازار و جەزرەبە هیچم نەدی، ئەویش بۆ منێک کە تەنانەت توانایی خواردنەوەی قومە ئاوێکم نەبوو، بایکۆت و ناشیرین کردن و تاڵ کردن و ناوزڕاندن و هەموو جۆرە سزادانی ناشیرین دەستی پێکرد.  هەوڵ درا ئەو کردەوە تیرۆریستیە سەرپۆشی لەسەر داندرێ و تەنانەت وەک هەواڵیش بڵاو نەکرێتەوە و هەوڵیان دا زووتر بممڕینن و لە کۆڵ خۆیانم بکەنەوە و تەنانەت لە هیچ ڕاگەیاندنێکیشدا بڵاو نەکراوە. ڕاستە من تووشی زۆر شتی ناخۆش بووم بەڵام مێشکم باش کاری دەکرد و بۆیەش هەموو جووڵەکان کۆنەرستانەکانم هەست پێدەکرد. بەشێک لە هەوڵەکان ئەوە بوو کە من لە هەموو بوارێکەوە لەناو تێک بشکێندرێم، زیندە بە چاڵ بکرێم  و وەک مردووی بێ ناونیشان و نەناسراو لە پێش چاوان ون بم”

مامۆستا، دواتر وتەکانی دەچتە قۆناخێکی تر کە ئەویش دابڕانی دێموکراتە و دەڵێ: “لە کاتی ئینشعابی ڕێکخراوەکان، هەندێ کەس و توخمی فەرامۆشک راو زیندوو دەبنەوە یان زیندوو دەکرێنەوە، جا بە هەر هۆیەک بێت. لە دوایین  لێکترازانی حزب، هەندێک گەمارۆ لەسەر من لابرا و ماوەیەک دۆخم باش بوو بەڵام دوای ماوەیەک وەک خۆی لێهاتەەوە و بەڵام چارەنووسم بۆوە بە هەمان چارەنووسەکەی پێشوو و ئاسمانیشم بۆوە بە هەمان ئاسمانی پێشوو.

مامۆستا شیوەسەڵی کە جیا لە خەبات، دەستێکی باڵا و واڵای لە زمان و ئەدەبی کوردیشدا هەیە، دواتر وەها دێتە گۆ: “ئێستا ٣٠ ساڵ بەسەر زەماوەندەکەی مندا تێدەپەڕێ، بەڵام نازانم چی ناو بنێم، زەماوەندی مەرگ، زەماوەندی لەت لەت بوون و دانس و هەڵپەڕکەی بەتەنێی دەست و لاقەکان، سەما و هەڵپەڕکە و سێ پێی دوور لە یەکی نینۆک و ددانەکان، لار و لەنجەی شەپۆلی سوور لە نێو گوڕ و ڕەشماڵی چڕەدووکەڵدا، خلیسکە و تەقینی کورەی چاوی هەڵقەندراو لەسەر دیوارە رەشە قورماویەکان یان….. نازانم چی ناو لێ بنێم، وازی لێدێنم،ئێستا کە  ٣٠ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێدەپەڕێ، هیچ کام لەو دوو گەڕەکانە (مەبەست حدک و حدکایە) کە من وابەستەیان بووم، ئەو ڕووداوەیان وەک تیرۆر نەناساند و دانیان پێدا نەناوە و تەنانەت وەک هەواڵیش لە هیچ کام لا  بڵاو نەکراوەتەوە و ئەگەر باسێکیشی لێ کرابێ تەنیا بەسەردا تێپەڕین بووە. هەقی خۆی بوو ئەو ڕووداوە وەک ڕووداوێکی تیرۆریستی، وەک یەکێک لە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی خرا با بەر باس، ئەگەر ئەو ڕووداوە، چاوی دیتنی کۆڕ و کۆمەڵە ناودەوڵەتیەکانیشی نەبا، دەبوا لانیکەم لە ناوخۆدا باسی لەسەر کرابا. ئەمن بەش بە حاڵی خۆم هیچ هۆکارێک بۆ سەرپۆش کردنی ئەو کردەوە تیرۆریستیە نابینم”

مامۆستا شیوەسەڵی، شەهیدی زیندوو بەڵام تا ئێستا کۆڵنەدەری خەباتی ڕۆژهەڵات دواتر ئاوڕێک لە دۆخی ئێستای خۆی دەداتەوە و دەڵێ: “ئێستا کە من یان لەسەر تەختی نەخۆشخانە هەڵدڕهەڵدڕ کراوم یان لە ژوورە تاریکەکاندا ژیانێکی تاڵم تێپەڕ کردووە، پێم خۆشە بڕوام پێبکەن منەت لەسەر هیچ کەس و لایەنێک ناکەم و هیچ کەسیش بە قەرزداری خۆم نازانم و نامهەوێ ڕابردووی خۆم بە هیچ کەس بفرۆشمەوە. ئەوانەی لەو ماوەیەدا ئازارەکانیان چەشتووم و لە خودی خۆشم زیاتر تاڵیان بە منەوە چەشتووە، تەنیا دەوڵەتی سوید و خێزان و منداڵەکانی خۆم بوون کە وەک ئینسان چاویان لێکردووەم کە بۆ هەمووانیان بوومە بارێکی قورس. ئێستا وا هەست دەکەم بۆ حیزبی دێموکرات کە من خۆم وەک ئەندام و لایەنگر و هەواداری دەزانم، لە دوورەوە وەک بارێکی قورس و سەربار بم. ئەمن چاوەڕوانیم دەکرد، ئەو ڕووداوە وەک جینایەتێکی کۆماری ئیسلامی و وەک تیرۆرێکی شەرماوەر، دەکرێتە دۆسیە و بە بارەگاکانی دژ بە تیرۆر دەناسرێ،  لەو ساڵانەدا لانیکەم سەدان کۆبوونەوە و کۆنفراانس لە حیزبی دێموکرات لەسەر تیرۆریزم گیراوە، سەرکردەکانی حیزبەکانیش باسیان کردووە و وشەی ترووسکەداریان لە ئینشا و خەتابەکانیادا لەوبارەوە بەکارهێناوە کە سرنجی خوێنەر بۆلای خۆیان ڕاکێشان،  کەچی یەک دانەشیان بۆ یەکجار و بۆ ناوی سوێندیش بێ باسیان لەو ڕووداوەی من نەکردووە و وەک ڕووداوێکی تیرۆریستی باسیان نەکردووە و نەهاتووەتە سەر زاریان و تەنانەت ئاماژەیەکی لاوەکیشیان پێ نەداوە و وەک ڕووداوێکی تیرۆریستی نەهاتووەتە سەر زاری هیچ کامیان.  ئەو ڕوداوە دەکرا کەڵکی زۆری لێوەربگیردرێ چون لە خاکی ئێراق و لە دەرەوەی ئێران ئەنجام دراوە، تیرۆریستەکان سنووری ئێرانیان بەزاندووە و هاتوونە ناو هەرێم و بە پشتیوانیی کەسانی خۆیان و بەوپەڕی دڵنیاییەوە هاتنە سنووری ئەو دیوی کوردستان و لە ڕاستیشدا، پشتگیریی باشیان کرا. شاردنە و و باس نەکردن لە ورووداوە، یارمەتی دانی ناڕاستەوخۆی کۆناری ئیسلامیە”.

لە کۆتاییدا، مامۆستا شیوەسەڵی، وێڕای ئاماژەدان بە هەندێ هەوڵ و هەروەها ڕێگیری لێکران لە بارەی، دانیشتن لەگەڵ ئەحمەد شەهید، هەواڵنێری پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ بارودۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکاریەکانی لە ئێران، داوا دەکات، یارمەتی بدرێ تا ئەو دۆسیە بە گوێی کۆڕ و کۆمەڵە ناودەوڵەتیەکان بدرێت.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.