مەلا بەختیار بۆ شەرق: سەردەمانێکی تەواوی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لەگەڵ ڕژیمی بەعس پەیوەندییەکی قووڵ و ئاشکرایان هەبوو

0
2268

ڕۆژی کورد: مەلا بەختیار، ئەندامی مەکتەب سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی ئەو هەیئەتەی حیزبەکەی کە ئەو دواییانە سەردانی ئێرانیان کرد، لە دیمانەیەک لەگەڵ “شەرق” چەند باسێکی گرنگی هێناوەتە ئاراوە کە دەکرێ ئاماژە بە ” سەربەخۆیی هەرێم، پرسی ناوچە دابڕاوەکان دوای موسڵ، پەیوەندیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ بەعس کردووە کە لێرەدا بژاردەیەک لەو دیمانەیە دەخێننەوە.

مەلا بەختیار باس لە پێویستی و گرنگیی مادەی ١٤٠ دوای ڕزگارکردنی موسڵ و ناوچەکانی دەورووبەری دەکا و دەڵێ: “دوای جێگیر بوونی خەڵک لە ناو شار و جێبەجێ بوونی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە، ئێمە وەک کورد، ئەوەی بۆمان گرنگە جێبەجێ کرانی مادە 140 ـی یاسای ئێراق ـە. ڕۆژهەڵاتی موسڵ و ناوچەی شنگاڵ و دەورووبەری بۆ ئێمە کوردەکان گرنگییەکی بەرچاویان هەیە. ئێمە وەک یەکیەتیی نیشتمانی بڕوامان وایە کە ئەو ناوچەیە دەبێ بکرێت بە پارێزگایەکی سەربەخۆ و نوێ. سوننەکانیش دەیانهەوێ ناوچیەکی فیدراڵیی تایبەت بە خۆیان بە ناوەندێتیی موسڵیان هەبێ، تورکەمەنەکانیش دەیانهەوێ ئەوەیان بە ناوەندێتیی تەلەعفەر هەبێ، ئیزەدییەکان و خەڵکانی تیرش دەیانهەوێ بە ناوەندێتیی شنگاڵ، پێکی بێنن. ئەو گەڵاڵەیە، گەڵاڵەیەکی نوێیە کە “ئوسامە نوجەیفی” و کۆمەڵە سیاسەتوانێکی تر، خستوویانەتە بەر باس. ئێمە بڕوامان وایە کە شنگاڵ بەشێکە لە هەرێمی کوردستان و بەپێی ڕێکەوتننامەی “سێور” ئەو ناوچەیە بگەڕێندرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان.

مەلا بەختیار لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە “ئایا کوردەکان لەو ناوچانە کە ئازادیان کردوون، تا کاتی دیاریکرانی چارەنووسیان، ناکشێنەوە؟ دەڵێ: “بەڵء، ئێمە بە هیچ شێوەیەک لەو ناوچانە پاشەکشە ناکەین و دەمانهەوێ مادەی ١٤٠ بە تەواوی جێبەجێ بکرێت کە پێداگری لەسەر دیاری کردنی چارەنووسی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکات”.

لە پێوەندی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان، مەلا بەختیار ئاوا دەدوێ: “وەک ماف، ئەو باس و داوایە، مافی سرووشتیی ئێمەیە، بۆ من جێگای سەرسووڕمانە کە بۆچی پرسی سەربەخۆیی کوردەکان ئەوەندە گەورە دەکرێتەوە. دوای شەڕی یەکەمی جیهانی، سەربەخۆیی کوردەکان لە ژێر ناوی ویلایەتی موسڵ، بوونی هەبووە. ڕێکەوتننامەی سێور، دانی بە سەربەخۆیی کوردەکان داناوە. لە چاخی ئێستاشدا، هەر ئەوەندە بەسە چاوێک لە ئوروپای ڕۆژهەڵاتدا بخشێنین و ببینین چەندێک لەو وڵاتانە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن. لە ڕاستیدا خۆم چەندین جار ئەو باسەم خستووەتە بەر باس کە وەک ماف، مافی سرووشتیی ئێمە کوردەکانە سەربەخۆ بین بەڵام پرسی سەربەخۆیی کوردستان بەشێکە لە پرۆژەیەک کە ئایا خەریتەی سیاسیی خۆرهەڵاتی ناڤین دەگۆڕدرێ یان نا؟ ئەور بڕیارێکی ناونەتەوەیی و هەمەلایەنە لە عارادا نەبێ کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە لایەنگری لێدەکرێ، ئەو پرسە سەرناگرێ، بەڵام لە دۆخی هەنووکەییدا لە ڕوانگەی منەوە ئەو پرسە وا بە سانایی نیە”.

مەلا بەختیار لە درێژەی لێدوانەکەی خۆیدا و لە وڵامی هەبوونی پەیوەندیی پارتی لەگەڵ تورکیە و پەیوەندیی یەکێتی لەگەڵ ئێران، ئاماژە بە پەیوەندیی کوردەکانی خۆرهەڵات لەگەڵ سەدام دەدات و دەڵێ: “ئێمە خەڵکانێکی ئاشتیخوازین، هەر دەوڵەت و حکومەتێک کە دەرگاکانی خۆی بەرەو ڕوومان بکاتەوە، ناڵێین نا. سەرجەم حیزبەکانی کوردستان چ باش بێ چ خراپ، ناچارن لەگەڵ حکوەتەکانی ناوچە پەیوەندییەکی باشیان هەبێ، سەردەمانێکی تەواوی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لەگەڵ ڕژیمی بەعس پەیوەندییەکی قووڵ و ئاشکرایان هەبوو و تەنانەت یارمەتیی ماڵیشیان لێوەردەگرت. سیستەمێک کە بەعسی بوو، فاشیست بوو و کوردەکانی ئەنفال کردبوو و حەلەبچەی کیمیاباران کرد. ئێمە بە هیچ کام لەوانمان نەگوت و لێماننەویست تا ئەو پەیوەندییانە بپچڕن”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت