مەرگی برا و خەمساردی دەوڵەت وایکرد بە تێچووی خۆی ڕێگا چاک بکاتەوە

0
1214

ڕووداوی هات و چۆ لە ئێران و بەتایبەی خۆرهەڵاتی کوردستان، ساڵانە گیانی کەسانێکی زۆر دەگرێت و کەسانێکیش تووشی فەلەجی و زەلیل بوون دەکات.

پێچی(لۆفەی) ماساندەر، ناسراوبە پێچی (لۆفەی) مەرگ لە هەژدە کیلۆمیتری کامیاران – مەریوانی خۆرهەڵاتی کوردستان لە پارێزگای سنە یە کە  لە ماوەی چەن ساڵی ڕابردوودا بە هۆی ناستاندارد بوونی و هەروەها گرینگی نەدانی کاربەدەستان و بەڕێوەبەرانی مەریوان بۆ چاک کردنی ئەو پێچە، گەلێک ڕووداوی تاڵی هاتووچۆی لێکەوتۆتەوە و تا ئێستا چەند کەس لەو شوێنە گیانیان لەدەست داوە و ئەوەش  بوەتە هۆی خەمباری و تازیەباری خەڵکی ناوچەی گەشکی و ژاوەرۆ .

ئیقباڵ شادی چالاکی سیاسی کە خزمی یەکێک لەو قوربانیانەیە کە هاوینی ڕابردوو لەو پێچە گیانی لەدەست دا لە لێدوان لەگەڵ ڕۆژی کورد گوتی:   لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا زیاتر لە چل کەس بە هۆی ڕووداوی هات و چۆ لەو شوێنە گیانیان لەدەست داوە و بەو هۆیەوە گەلێک بنەماڵە داخدار وجەرگ بڕاو بوون.

شادی بە ئاماژە بەو ڕاستییە کە خەسارەکانی ئەو پێچە تەنیا بە مردنی ئەو ڕێژەیە لە خەڵک کۆتایی پێ نایەت گووتی: ئەمە بێجگە لەوەی مانگانە بە لانی کەمەوە پێنج پێکدادانی ترۆمبیل لەو شوێنەدا ڕوودەدات و خەڵکی بریندار دەبن و خەساری گیانی و مادییان بەر دەکەوێت.

شایانی باسە کە تا ئێستا و بە تێپەڕ بوونی نۆ خولی هەڵبژاردنی پارلمانی و گۆڕانی چەندی شارەوان و قائم مەقام لە شاری کامیاران، تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ چاک کردنی ئەو شوێنە لە لایەن بەرپرسانەوە هەڵنەگیراوە، لەو پێیەدا ئیقباڵ شادی درێژەیدا و گوتی: کاربەدەستانیش هیچ کاردانەویەکیان نەبوە تا ئێستا و هەر وا ڕۆژانە وەکوو داوەڵی مەرگ خەریکە خەڵکەکە داخدار و خەمبار دەکات .
هەژار شەفیعی یەکێک لەو کەسانەیە کە پووشپەڕی هاوینی ڕابردوو (١٣٩٤ی هەتاوی)، بەهۆی ڕووداوی هات و چۆ لەو پێچە لە ڕێکەوتی لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەست دا، ئەو کۆچە کە بۆ بنەماڵەکەی زۆر دڵتەزێن بووە و تا ئێستاش برینەکەی ناسۆر نەبووە، وای کرد باوکی هەژار بە ناوی ڕەحمان شەفیعی و برا گەورەکەی بە ناوی بەرزان شەفیعی هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ چاک کردنی ئەو پێچە و مەترسی و مەرگی هاووڵاتیان و ڕێبواران کەم بکەنەوە.

 دوای زیاتر لە پێنج مانگ هەوڵ و کۆششی بی راوەستان، ڕەحمان و بەرزانی باوک و کوڕ توانیان  کاربەدەستانی ناوچەکە ڕازی بکەن تا ئیزنی چاک کردنەوەی ئەو پێچە و ڕاست کردنەوەی لەسەر تێچوو و ئەرکی خۆیانیان پێ بدەن و لە کۆاتاییشدا سەرکەوتن.

 لە ئێستادا هەر وەک لە وێنەکانی ناو ئەو هەواڵەدا دەبیندرێ ئەو باوک و کوڕەی خۆرهەڵاتی کوردستان، بە تێچووی خۆیان سەرقاڵی چاک کردنی ڕێگا و بانی ئەو پێچەن، بەو هیوایە کە بتوانن پێش بە جەرگ سووتانی بنەماڵەکانی تر بگرن و کەسی تر هاوشێوەی خۆیان جەرگ سووتاو نەبێت.

شایانی ئاماژەیە کە بێ مشووری و خەمساردی بەرپرسانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ خزمەتگوزاری بە شارەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا، وای کردووە کە خەڵک بە شێوەیەکی خۆڕسک دەستیان کردووە بە ژینگەپارێزی و ساز کردنی قوتابخانە و پاراستنی شوێنە کەلەپووری و شوێنەوار و ئاسەوار و لەم کۆتاییانەشدا چاک کردنی ڕێگاو بان، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە سەردەمی هەڵبژاردنەکان هەموو چەشنە بەڵێنییەکی ڕەنگاو ڕەنگ بە خەڵک دەدرێت.

photo_2016-01-16_02-57-16

photo_2016-01-16_02-57-24

photo_2016-01-16_02-57-29

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.