مەترسیی لێکهەڵوەشانەوەی چەندین بنەماڵەی پەناخوازی ئێرانی لە دانمارک، دوای ڕاگەیێندراوێک+ وتووێژی تایبەت

0
2099

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی ئێرانیانی نیشتەجێی دانمارک بڵاو بۆتەوە، دوای ئەوە کە بەرپرسانی کمۆنی ئاڵبۆرگ لە دانمارک رایانگەیاندو: “ئەو پەنابەرانەی شانسی نیشتەجێبوون و مانەوەیان لە دانمارک کەمە، ل ەئەگەری گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بۆ هەر کەسێک ١٥٠٠٠٠ کرۆنی دانمارکییان پیدەدرێت کە بەرانبەرە بە ٨١ میلیۆن تمەنی ئێرانی”، چەند بنەماڵەیەکی پەناخواز لەو ولاتە لەبەرەبەری هەڵوەشانەوەن و کێشەیان لە ناو ساز بووە.

بەپێی ئەو هەواڵە تەنیا یەک ڕۆژ دوای راگەیاندنی ئەو بڕیارە، ٣٠١ کەس داوای گەڕاندنەوە بۆ وڵاتی خۆیان کردووە.

سەرچاوەیەکی چالاک لە بواری مافی پەنابەران کە نەیوسیت ناوی ئاشکرا بکرێ، لە پەیوەندییک لەگەڵ ناوەندی ڕۆژی کورد، لانیکەم ٤ بنەماڵەی ئێرانی لە ئێستادا بە هۆی بڕیاری یەکێک لە لایەنەکان، لە بەرەبەری هەڵوەشانەوە دان.

یەکێک لەو بنەماڵانە، ژن و شوویەکن کە ماوەی ٣ مانگە پێکەوە لەو وڵاتە ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتیشی بەپێی بەراوردەکان، لە ئەگەری جێبەجێ بوونی ئەو بڕیارە، ئەگەری لێک هەڵوەشانەوەی چەندین بنەماڵەی تریش لە ئارا دایە.

سەرچاوەکەی ڕۆژی کورد هەروەها باسی لەهەندێ دیاردەی ناشیرین لەناو پەنابەرانێکدا کرد کە لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە بەرەو وڵاتانی ئوروپایی و ئیسکاندیناوی هاتوون.

تووش بوون بە مادە هۆشبەرەکان یەکێک لەو دیاردانەیە کە لە وڵاتانی هولەند و ئاڵمان و دانمارک، زیاتر لە وڵاتانی تر بەرچاوە و ژومارێکی زۆر لە گەنجانی پەناخواز تووشی مادە هۆشبەرەکان بوون.

یەکێکی تر لەو دیاردانە، هەڵوەشانەوەی ژیانی هاوبەشە. بەپێی ئەو زانیارییانە، نزیک بە ١٨٠ بنەماڵە لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردووی زایینیدا، لێک هەڵوەشاون و زێدەتریشیان ئەو بنەماڵانەن کە تازە هاتوونە ئوروپا و بەشی هەرە زۆریان لە هەنگاوی یەکەمی گەیشتنیان بەو وڵاتانە لێکتری جیا بوونەوە.

ئەو چالاکەی مافی پەنابەران، هەروەها گوتیشی: “یەکێک لە دیاردەکان کە لە ناو گەنجان و بەتایبەتی کوڕاندا دەبیندرێ، ئەوەیە کە کچان و ژنان هان دەدەن تا تەنیا بمێننەوە و بەتەنیا بژین و مەبەستیش لەو هاندانە کەڵکاژۆ لێوەرگرتن لەو کچ و ژنانەیە کە دواتر بەهۆی تەنیایی و کێشەکانی ژیان، دەبنە مایەی ڕابواردنی پیاوان و کوڕان و دواتریش تووشی کێشەی دەروونی دەبن”

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: “ئەو کەسانە زیاتر کەسانێکن کە خۆیان پێشتر هاتوونە ئوروپا و بەپێی ئەو بۆچوونە کە لەلایەن کەسانی ترەوە پێیان دراوە، خۆیان تەنیا ماونەوە و نەیانتوانیوە لە وڵاتانی دەرەوە پێگەیەک بۆخۆیان بدۆزنەوە و لە ئەنجامدا، کچان و ژنانیش بەو ڕێگایەدا دەبەن کە خۆیان پێیدا چوون”.

بەپێی لێدوانی ئەو سەرچاوەیە، هاتنی بەلێشاوی خەڵک بۆ ئوروپا، بەتایبەت بۆ کوردەکان، لە جیاتی پێگەیشتن و ناساندنی کورد بە جیهانی دەرەوە، کۆمەڵێک کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی ناوەتەوە و ژیانی بەشێکی بەرچاو لەو کەسانە، بەتایبەت لە ئافرەتانی بەرەو هەڵدێر بردووە”.

بەپێی لیدوانی ئەو سەرچاوەیە، نەبوونی ڕێکخراوی تایبەت و چالاک لەو بوارەوە لەناو کوردەکان، هۆکاری سەرەکیی ئەو کێشەیە کە لە نەبوونی ئەو ڕێکخراوانەدا، ژیانی تاکی کورد لە هەندەران بەرەو هەڵدێر دەڕوات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت