میلیتاریزەکردنی کوردستانی ڕۆژهەڵات تا دێ پەرەدەستێنێ

0
857

لە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەزبەرەوە، میلیتاریزەکردنی کوردستانی ڕۆژهەڵات، پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و تا دێت پەرە دەستێنێ.

رۆژی کورد: بە وەڕاست گەڕانی نیەتی کورد لە ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستانی باشوور لە ئێراق و دواتر داوای چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد بۆ دەربڕینی خۆشی لە ڕۆژی گشتپرسیدا، واتا ٣ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، میلیتاریزەکردنی زیاتری شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە شێوەی سەرەتاکانی شۆڕشی دزراوی ئێران، دەستی پێکردۆتەوە.

لە ماوەی ١١ ڕۆژی ڕابردوودا، سەرجەم شارەکانی کوردستان و لەناویاندا سنە، ئورمیە، مەریوان، سەقز، مهاباد، پیرانشار، نەغەدە و شنۆ، بە بەردەوامی چەک و چۆڵیان بۆ راگوێزراوە و پادگان و شوێنە سەربازییەکانیان تەیارتر دەکرێن.

بەپێی زانیارییەکان بەشێک لەو چەک و چۆڵانە لە تەورێز، بەشێکی لە تاران و زەنجان و کرمانەوە، ڕەوانەی کوردستان کراوە.

کاتژمێر ٨ی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی شەوی دووشەممە ١٠ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی ، ڕێژەیەکی زۆر و بەرچاو چەک و چۆڵ و هێزی سەربازی بۆ پادگانی وەلیعەسری نەغەدە هاوردە کراوە کە مەزندە دەکرێ زیاتر لە ٣٠ ماشێنی سەربازی بووە و تانک و تۆپ و چەکی قورسی تریشیان لە ناودا بووە.

لە هەمان کاتدا، لە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی  ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی تا ئەمڕۆ، مانۆڕێکی هاوبەشی سەربازی لە نێوان ئێران و گرووپی تیرۆریستیی حەشدی شەعبی لە مەریوان بەڕێوە دەچێت.

وەک پێشتریش لە هەواڵەکانی ناوەندی ڕۆژی کورددا هاتبوو، ڕۆژی پێنج شەممە ١٠ی پووشپەڕ دەیان ماشێنی هەڵگری تانک و تۆپ لە شاری ورمێ ـوە لە ڕێگای مهاباد و نەغەدەوە بەرەو شارەکانی سەردەشت و پیرانشار ڕاگوازراوە.

هەواڵنێرانی ڕۆژی کورد پشتڕاستی دەکەنەوە کە ٤ تانک بەرەو شاری سەردەشت و ٤ تانکی تریش بەرەو شاری پیرانشار ڕاگواستراون و ئەو تانکانە لە ناو شارەکانی پیرانشار و سەردەشتیش بینراون.

لە هەمان کاتدا ٦ ماشێنی هەڵگری تۆپ کە دەگوترێ تۆپی ١٠٦ بوون لە شاری ورمێ ـوە بەرەو شارەکانی سەردەشت وپیرانشار ڕاگواستراون.

٣ لەو شەش تانکە بەرەو سەردەشت و ٣ی تر بەرەو پیرانشار ڕۆیشتوون.

لە لایەکی ترەوە لە پارێزگای سنەوە هەواڵەکان باس لە میلیتاریزە کرانی زۆرتری سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ئەو پارێزگایە دەکەن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت