مۆڵەتی ڕوونوێنی کردن لە پەیکەری مامۆستا وەفایی لە مهاباد دەکرا

0
1677

ڕۆژی کورد: ئەمڕۆ سێ شەممە ١٠ی ڕەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاوی، مۆڵەتی کۆتایی ڕوونوێنی کرانی پەیکەری مامۆستا وەفایی، شاعیری بەناوبانگی کورد، لەلایەن پارێزگاری ئورمیەوە دەرکرا.

هەواڵدەریی هاژە وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە لە زاری جێگری پارێزگار و فەرمانداری مهاباد، ڕایگەینادوو کە بڕیارە پەیکەری ئەو شاعیرە ناودارەی کورد، لە ماوەی دوو حەوتووی داهاتوو لە شاری مهاباد، ڕوونوێنی بکرێت.

ئەو پەیکەرە لەلایەن ڕێبین حەیدەری، هونەرمەندی پەیکەرتاشی ناسراوی شاری بۆکان، سازکراوە.

میرزا عەبدوڕڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی (١٨٤٤) له شاری مەهاباد لەدایکبووە.

وەفایی، یەکێکە لە شاعیرانی کورد زمان. خوێندنی سەرەتایی و بەرنامەی حوجرەی مزگەوتی لە زانستییەکانی ئایینی ئیسلام و زمانی عەرەبی لە مەھاباد تەواو کردووە و ھەر لەوێش مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە، بەڵام لەناو خەڵکی بە مەلا نەناسراوە و تەنیا میرزایان  پێ وتوە. ھیچ بەڵگەیێک بەدەستەوە نیە مەلایەتی کردبێ، بەڵام قوتابخانەی تایبەتی خۆی ھەبوە و وانەی بە منداڵان وتوە و پێی ژیاوە.

وەفایی سەردەمی منداڵی و مێردمنداڵی لەمەڵبەندی خۆی مەھاباد بردۆتە سەر. لەم ماوەیەدا خەریکی وەرگرتنی زانستی و زانیاری بووە. لەدوای ئەوە لەجێگەیێک ئۆقرەی نەگرتووە لە ھەکاری وڵاتی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری و شاری سلێمانی ژیاوە. چوونە حەجیشی لەو سەردەمانەدا کاتی زۆری ژیانی  شاعیری بۆ خۆی بردووە.

وەفایی فیزی زل بووە، زەکات و سەرفترەی وەرنەگرتووە، موچەی فەقێیاتی نەویستووە.

شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری شیعری وەفایی بەدڵ بووە، لەو ڕێگەیەوە ناسیویەتی، خۆشی ویستووە لەبەر ئەوە لێی نزیک بۆتەوە. ماوەیێکی درێژ لای ژیاوە،  شیعری بۆ خوێندۆتەوە، سکرتێرییەتی نووسینی بۆ کردووە و کاروباری خوێندەواری بۆ بەڕێوە بردووە.

وەک لە ژیانی شاعیر دەردەکەوێ چوونە حەج لە لای جۆرە ئارەزووێکی لا درووست بووە لە وانەیە بەھۆی ھەڵوێستی بەرامبەر ئایین و حەزکردن بەگەشت  ئەم ئار‌ەزووەی لا درووست بووبێ.

لەدوا گەشتیدا بۆ سلێمانی لەساڵی ١٩٠٠ ز وا دەردەکەوێ ماوەیێک تێیدا ژیاوە و لەساڵی ١٩٠٢ ز حەجی سێیەمی کردووە. قسەی واش ھەیە لە ساڵی١٨٩٨ ز لە گەڵ شێخ سەعید حەفید چووە بۆ ئیستانبول و لەوێوە لەگەڵی ڕووی کردۆتە وڵاتی حیجاز.

ھەرچۆنێبێ وەفایی لەگەڵ‌ کاروانی شێخ سەعیدی حەفید و سەید ئەحمەدی خانەقا و شێخ مستەفای شێخ عەبدولسەمەدی قازی و حاجی تۆفیقی پیرەمێرد چووه بۆ حەج، ئەگەر ھەمووشیان لەو کاروانە دا نەبووبن لەڕێگەی گەڕانەوە ئەو کەسانە پێکەوە گەڕاونەتەوە.

لە سارای عەرەبستان لە سەردەمی گەڕانەوەی ئەو حاجیانە وەفایی تووشی نەخۆشی زەحیری دەبێ، مەرگ ماوەی نادا و ئەنجام لەو وڵاتە دوورەدا کۆچی دوایی دەکا و لە ناو لمی بادیەی عێراق یا بیابانی شام لە لایەن ھەواڵەکانییەوە لە ساڵی ١٩٠٢ز دوور لە نیشتمان بەخاک دەسپێردرێ.

مامۆستا پیرەمێرد دەڵێ: “بەدەستی خۆم لە بیابان وەفاییم ناشتووە.”

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت