موحسێن ڕەزایی: شەڕی ئێمە و ئەمریکا گەیشتۆتە کۆڵان و شەقامەکانی تاران

0
560

موحسێن ڕەزایی کە ماوەی ١٦ ساڵ (لە ساڵی ١٣٦٠ تا ١٣٧٦) فەرماندەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بووە و یەکێکە لەو کەسانەی کە بە ڕێکخەری پشت پەردەی زۆرێک لە حیزب و ڕێکخراوەکانی ناو ئێران لەمەڕ کەمینە نەتەوەییەکانی ئێران و بەتایبەتی کورد دەناسرێت، لە وتەکانی خۆی لە زانکۆی ئیمام حوسێنی سپای پاسداران، باسی لە دەست بەسەر کردنی ئەندامێکی ڕێکخراوی (سیا)ی ئەمریکا لە دوای ڕێککەوتنی بەرجام کرد.

ڕەزایی گوتی: ئەو کەسە لە لایەن سیا، بەرپرسیارەتی درابۆیە تا بێتە ئێران و لە ئێراندا گەشت بکات و ئەویش سەردانی هەموو زانکۆکانی ئێرانی کردووە و ناسیاری لەسەر تۆمار کردوون.

ڕەزایی کە ئێستا سکرتێری کۆمەڵی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامە لەو پێیەدا گوتی: ئەو کەسە کە ئەندامی “سیا”یە، بە زوویی ئاشکرا دەکرێت و هەمان کەسە کە دوای کرانەوەی کەشی سیاسی لە شۆرەوی و کوبا چووبوو بۆ ئەو وڵاتانە و دوای بەرجامیش هاتووە بۆ ئێران.

ڕەزایی لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا گوتی: ئێستا کە شەڕ لەگەڵ دوژمن لە دەمیشقەوە دەستی پێکردووە تا کۆڵانەکانی تاران، درێژەی دەبێ.

ڕەزایی هەروەه اباسی لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی ڕەشەممە کرد و گوتی: لەو هەڵبژاردنانەدا دوژمن بە هەر هەموو کەل و پەل و دەرفەتەکانییەوە هەوڵی دا لە ڕێگای دەرفەتی سایبری و نەرم ئامێرەکانەوە، شەڕێکی نەرم بە دژی کۆماری ئیسلامی بخاتە گەڕ بەڵام دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی توانی بە دژی بوەستێتەوە.

شایانی ئاماژەیە کە موحسێن ڕەزایی و ئەو بەشە لە ڕژیم کە بە بناژۆخواز دەناسرێن، دەنگ هێنانەوەی بەشێک کە بە ڕیفۆرمخواز یان میانەڕۆ دەناسرێن (بەتایبەتی لە تاران) بە هاوکاری و هاودەستی لەگەڵ نەیاران (ئامریکا)، دەزانن و دەناسێنن.

شایانی ئاماژەیە کە هەرچەند حەسەن ڕوحانی هەوڵی داوە ڕێککەوتنی بەرجام وەک سەرکەوتنی ڕژیم و دەوڵەتەکەی خۆی بناسێنێ و پێدەچێ ئەو سەرکەوتنانە بکاتە شانسێک بۆ بوون بە ڕێبەر لە دوای خامنەیی، بەڵام بەشێکی زۆر لە بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیم کە بە بناژۆخواز دەناسرێن، بە بەردەوامی تێکۆشاون بەرجام وەک سەرکەوتنی ئەمریکا و نەیاران بەسەر ئێراندا نیشان بدەن و نزیک بوونەوە لە ئەمریک ابە خیانەت نیشان بدەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.