من پێشمه‌رگه‌م/ شاعیری پێشمەرگە ڕەسووڵی سوڵتانی

0
1494
ڕەسووڵ سوڵتانی
ڕەسووڵ سوڵتانی
من لە رێی خاكم ئەوین و خۆشەویستیم چاندووە
دڕكەزیی داگیركەرم لەو كەوشەنە فەوتاندووە
شادەماری ئەو كەڵە و باداكە دەبڕم دوور لە من
خۆی لە بنج و شاڕەگی داری گەلم ئاڵاندووە
بۆ ئەوەی سەرشۆڕی مردن نەبم و سەربەو شۆڕ بكەم
سەرلەبەر مێژووم بە خوێنی ئاڵی خۆم نەخشاندووە
من چەك و پێنووسەكەم خستووەتە خزمەت نیشتمان
گوڵوشە و گوللەم بەجارێ دوژمنی تۆقاندووە
دەچمە هەر لایێ چیا سەر دادەنۆنێ بۆم بەڵام
من سەری خۆم بۆ چیا و گەردوونی دانەنواندووە
ناتوانێ چۆك بە ئەشق و خۆشەویستیم دابدا
دوژمنم بڕوات هەبێ هیوای نەماوە ماندووە
گیان لەسەردەستم لە رێی ئەم نیشتمانە ناسرەوم
گەمژەیە هەر كەس دەڵێ من ژینی خۆم فەوتاندووە
فرچكم گرتووە بە چێژی ژینی سەربەستی و ئیتر
هەر لە مەیدانی خەباتا بوونی خۆم سەلماندووە
ناهومێدی رۆژی حەشریش بێ بەرۆكم ناگرێ
كۆڵنەدانی من بەجارێ دوژمنی تاساندووە
ناوی من پێشمەرگەیە و خۆری خەباتم قازییە
سەنگەری ئاڵام و من كۆمارم دامەزراندووە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت